رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، سبەی چوارشەممە، 25ـی ئەیلوول بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات.
هاوکات، ئەمڕۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، وا بڕیارە سبەی یەکەم رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بێت.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆن کۆبووەوە. تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ وادەیەکی بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری نەکردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، خالید عەباس، سەرۆکی لقی دهۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەگەر ئەمڕۆ ناوی بەربژێرەکان پەسند کرا، هەر ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەکرێت".
هەر ئەمڕۆ مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت، دوای پەسەندکردنی ناوی بەربژێران لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە، لە ماوەی 24 کاژێردا بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
وردبینیی ناوی بەربژێران لە وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکی کۆتاییهاتووە و دەبێت کۆمیسیۆن پەسندیان بکات. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ ناوەکان پەسندنەکراون.
18ـی مانگی 10ـی ئەم ساڵ، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت و 20ـی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ