رووداو دیجیتاڵ
تائێستا پارتی و یەکێتی لەسەر کورسیی پێکهاتەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رێکنەکەوتوون. وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان دەڵێت، پێکهاتەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن یەک بازنەیان قبووڵە، لە هەر گۆڕانکاری و گرفتێکی تایبەت بە رەوشی پێکهاتەکانیش، دەبێت راوێژ لەگەڵ نوێنەرانیان بکرێت.
رۆژی دووشەممە 24-04-2023 ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمان لە رێوڕەسمی 28 ساڵەی دامەزراندنی ئەو حیزبەدا بە بەهرۆز فەرەیدوون، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رای پێکهاتەکان ئەوەیە کە بەشداریکردنیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بە یەک بازنە بێت."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی 18-11-2023ی بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان کردووە و لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن تاڕادەیەک رێککەوتوون، ئێستا کورسیی کۆتاکان تەنیا خاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتییە.
ئایدن مەعرووف دەڵێت، پێکهاتەکان بەردەوام لەگەڵ ئەوەن پارتی و یەکێتی کە دوو حیزبی سەرەکیی عێراق و هەرێمی کوردستانن، دەبێت رێکبکەون و ئەو گرفتانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی، لە هەموو کاتێک زیاتر ئامادەین بۆ ئەوەی فاکتەرێکی باش بین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی."
یونامی لە 9ی نیساندا دوو پێشنیازی ئاراستەی یەکێتی و پارتی کرد؛ یەکەم، پێکهاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و دووەم، بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دروستبووە، لەم هەڵبژاردنەدا یەک کورسیی کریستیان و یەک تورکمان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت.
دوو رۆژ دواتر، یونامی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانیش لە هەولێر کۆبووەوە و دوو پێشنیاز لەلایەن پێکهاتەکانەوە بۆ یونامی هەبوو، یەکەم؛ بە یەک بازنە بەشداری لەهەڵبژاردندا دەکەن و لەنێو 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان سازش لەسەر هیچ کورسییەک ناکەن. دووەم، داوای زیادکردنی کورسی پێكهاتەکان دەکەن و لە پەراوێزی زیادکردنەکەش، سازش لەسەر کورسییەکان دەکرێت.
ئایدن مەعرووف جەختی لەوە کردەوە، پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام رازی نین کورسیی کۆتا بەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت.
رۆژی 11-03-2023 بەشی هەڵبژاردنی پارتی و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی لەگەڵ دەزگا و مەکتەبی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکرد، یەکێک لەوانە لەبارەی تۆماری بایۆمەتری بوو، تێیدا هاتووە، "تۆماری بایۆمەتریی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێتە بنەما بە هەموو پێداویستییەکانییەوە."
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەبێت لە ئەگەری هەر گۆڕانکاری و گرفتێکی تایبەت بە رەوشی پێکهاتەکان، راوێژ لەگەڵ نوێنەرانی خۆیان بکرێت و خۆیان شێوەی بەشداریکردنیان لە پرسی هەڵبژاردن دیاری بکەن.
ئایدن مەعرووف گوتیشی، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان بۆ بەرەی تورکمانی "گرنگە و لە هەموو شتێکیش گرنگتر ئەو پێکەوەژیانەیە کە ئێستا لەنێوان نەتەوە و ئایینەکاندا لە هەرێمی کوردستان دەبیندرێت، ئەوەش خۆی فاکتەرێکی باشە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ