رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دانپێدانانی ئەنجامدەری هێرشەکەی جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک بڵاودەکاتەوە.
1ی نیسانی 2025ی لە ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە شاری دهۆک هێرش کرایە سەر ئاهەنگگێڕان و بەهۆیەوە دوو کەس بریندار بوون.
ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت: "هێرشەکە تیرۆریستی بوو و ئەنجامدەرەکەی لەلایەن داعشەوە راسپێردرا بوو. فەرمانی لە سەرکردەیەکی داعش وەرگرتووە."
لەبارەی ناسنامەی هێرشکارەکە، ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت: "ناوی لوئەی عەبدولڕەحیمە و ناسناوی ئەبوجوهەیمەن باغۆزییە."
لە دانپێدانەکانیدا کە بە زمانی عەرەبی قسە دەکات، تاوانبارەکە دەڵێت: "پێشتر دانیشتووی قامشلۆ بووم و ئێستا نیشتەجێی کەمپی دۆمیزم. لە 2024 لەرێگەی چاتەوە پەیوەندیم بە داعشەوە کرد و بەیعەتم دابووە رێکخراوەکە."
تاوانبارەکە دەشڵێت: "وانەم لەبارەی خولی شەرعی، جیهادی و ئەمنی وەرگرتبوو و بۆ هێرشکردنە سەر مەسیحییەکان راسپێردرام."
جەژنی ئەکیتۆ، یان جەژنی سەری ساڵی بابلی- ئاشووری، دەکەوێتە یەکەمین رۆژی مانگی نیسانەوە. لەو جەژنەدا وەکو نەریتێک ساڵانە فێستیڤاڵ و چالاکیی جیاواز بەڕێوەدەچن. ئەمڕۆ لە کاتی یادکردنەوەی ئەم جەژنە لە دهۆک، کەسێک هێرشی کردە سەر ژنێک و گەنجێک و هەردووکیانی بریندار کرد.
جەژنی ئەکیتۆ ماوەی 12 رۆژ دەخایێنێت، جگە لە سەما و هەڵپەڕکێ، هاوشێوەی جەژنی نەورۆز، گەشت و سەیرانیشی تێدایە. لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە کریستیانەکان ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ