د. عەلی قەرەداخی: نوێژ و رۆژووی ئەو کەسانە قبووڵە کە مەشرووب دەخۆنەوە

24-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانی موسڵمان رایگەیاند، ئەو کەسەی پێش مانگی رەمەزان خواردنەوە کحولییەکانی خواردووەتەوە، ئەگەر مانگی رەمەزان رۆژوو بگرێت و نوێژ بکات خودا لێی قبووڵ دەکات. دەشڵێت: "ئەو کەسەی دەڵێت: نوێژ و رۆژووی مەشرووبخۆر قبووڵ نییە، ئەسڵی نییە." 

رۆژی هەینی، 24-3-2023، پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانی موسڵمان لەبارەی نوێژ و رۆژووگرتنی ئەو کەسانەی کە خواردنەوە کحولییەکان دەخۆنەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژووەکانیان قبووڵە ئەگەر مەرجەکانی رۆژووگرتن بەجێبگەیێنن.
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانی موسڵمان گوتی، "خوای گەورە و پێغەمبەری خۆشەویستمان لە چەندین ئایەتی قورئان و فەرموودە جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە تەوبەکردن هەموو مافێک کە پەیوەندیی بە مافی خوداوە هەبێت لای دەبات، بەڵگەش، لەوانە چەند ئایەتێک لە سورەتی فورقان کە دەفەرموێت وَالَّذِينَ لَا يَدْعُونَ مَعَ اللَّهِ إِلَٰهًا آخَرَ وَلَا يَقْتُلُونَ النَّفْسَ الَّتِي حَرَّمَ اللَّهُ إِلَّا بِالْحَقِّ وَلَا يَزْنُونَ ۚ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ يَلْقَ أَثَامًا (68) يُضَاعَفْ لَهُ الْعَذَابُ يَوْمَ الْقِيَامَةِ وَيَخْلُدْ فِيهِ مُهَانًا (69) إِلَّا مَن تَابَ وَآمَنَ وَعَمِلَ عَمَلًا صَالِحًا فَأُولَٰئِكَ يُبَدِّلُ اللَّهُ سَيِّئَاتِهِمْ حَسَنَاتٍ ۗ وَكَانَ اللَّهُ غَفُورًا رَّحِيمًا (70)."
 
پڕۆفیسۆر د. عەلی قەرەداخی مانای ئەو ئایەتە شی دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەو ئایەتە پیرۆزە دەفەرموێت ئەوانەی کردەوەی ناشرین دەکەن و تەنانەت هاوبەشی بۆ خودا بڕیاردەدەن و کوشتن و زینا دەکەن لە رۆژی دوایی بێگومان سزایەکی زۆریان هەیە، بەڵام ئەگەر تەوبەیەکی نەسووح و پاکیان کرد، خوای گەورە لە بەشی خۆی لێیان خۆش دەبێت و بگرە خراپەکانیان بۆ بە باشە دەنووسێت، چونکە لەسەری پەشیمان بوونەتەوە، چونکە خوای گەورە غەفوور و رەحیمە".
 
سەرۆکی یەکێتیی زانایانی جیهانی موسڵمان روونکردنەوە لەبارەی فەرموودەکانی پەیامبەری ئیسلام محەممەد "د.خ" لەبارەی ئەو پرسە دەدات و دەڵێت، "چەندین فەرموودەی پێغەمبەری خۆشەویستیشمان هەیە، کە باسی هەمان بابەت دەکات و دەڵێت ئەگەر ئەو کەسە مافی کەسی لەلابوو ئەوا دەبێت مافەکە بداتەوە، خودا لە مافی خۆی خۆش دەبێت، لەسەر ئەوە ئەگەر کەسێک عەرەقیش بخواتەوە هەر رۆژێک دەستی بە نوێژکردن و رۆژووگرتن کرد، ئەوا لەو رۆژەوە خوای گەورە لێی قبووڵ دەکات."
 
سەبارەت بەو فەرموودەیەش، کە لە هەندێک ریوایەت هاتووە: پێغەمبەریش فەرموویەتی هەر کەسێک عەرەق بخواتەوە، خوای گەورە تاوەکو 40 رۆژ عیبادەتەکەی قبووڵ ناکات، د. عەلی قەرەداخی گوتی: "ئەم فەرموودەیە فەرموودەیەک نییە لە لووتکەی پشتڕاستکراوەدا بێت، زانایان رای جیاوازیان لەبارەیەوە هەیە، هەندێک لە زانایان دەڵێن فەرموودەیەکی سەحیحە و هەندێکیش گوتوویانە حەسەنە و هەندێکیش بە لاوازی دادەنێن، یان بە لانیکەمەوە سەحیح نییە، بۆیە ئێمە دەڵێین ئەگەر کەسێک عەرەق دەخواتەوە و نوێژ بکات و تەوبەی نەکردبێت نوێژەکەی راستە، بەڵام خێرەکەی تەواو نابێت، ئەمە بۆچوونی زۆرینەی زانایانە، ئەگەر تەوبەش نەکات نوێژەکەی قبووڵە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە