رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "بە کوردی قسەکردنی سەرۆککۆمار پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراقی گۆڕی"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کاریگەری وڵاتەکەی لە عێراق زیاتر لەسەر ئاستی خەڵکە، نەوەک سیاسی و ئەمنی.
ئەمڕۆ دووشەممە 23ی ئەیلوول، موسا عەلیزادە تەباتەبایی، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەبارەی سەردانەکەی ئەم مانگەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "سەردانەکەی پزیشکیان بۆ عێراق یەکێک لە باشترین سەردانە دیپلۆماسییە سەرکەوتووەکانی هەر سەرۆککۆمارێکی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات بوو".
تەباتەبایی گوتی، "خاکیبوونی پزیشکیان و بە زمانی کوردی قسەکردنی، سرووشتی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتی گۆڕی. ئەو سەردانە چەند ساڵێک بەرەو پێشەوەی بردین".
موسا عەلیزادە تەباتەبایی گوتی،"کاتێک سەرۆککۆمار لە یەکەم رۆژی سەردانەکەیدا بۆ عێراق بە زمانی کوردی وەڵامی رۆژنامەڤانی کەناڵی کوردیی رووداوی دایەوە، ئەو بابەتە زۆر دەنگدانەوەی لە هەموو عێراق و بەتایبەت ناوچەی هەرێمی کوردستان هەبوو، تەنانەت ئەو کەناڵانەی کە پێشوازییان لە بەرەو پێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ناوچەی هەرێمی کوردستانی عێراق نەدەکرد، دەستیان بە باسکردنی گرنگی سەردانەکەی پزیشکیان بۆ ئەو ناوچەیە کرد و ژمارەیەک لە کەناڵە تەلەڤزیۆنییە کوردییەکانیش هەواڵەکانی خۆیان بە فارسی ژێرنووس کرد".
تەباتەبایی ئاماژەی بە شێوازی پێشوازیکردن لە مەسعود پزیشکیان لە هەولێر کرد و گوتی، "وێنەی پزیشکیان و بانەری پێشوازیکردن لێی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و فارسی زۆر بوو. شتی سەرنجڕاکێش ئەوە بوو کە ئاڵاکانی ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان لە تەنیشت یەکدی دانرابوون، لە کاتێكدا لە سەردانی سەرۆکی وڵاتانی دیکە بۆ ناوچەی هەرێمی کوردستان، ئەو جۆرە پێشوازیەمان نەبینیبوو".
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رۆژی 11-9-2024 بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەوێ بە کوردی وەڵامی پرسیارەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
رۆژی 12-9-2024 پزیشکیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتییەوە چووە هەولێر و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و حیزب و لایەن و پێکهاتە ئاینییەکان کۆبووەوە و هەمان رۆژیش چووە سلێمانی و لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ