رووداو دیجیتاڵ
سنووری سەرگەڕان لە 42 گوند پێکدێت و تەواوی ناوچەکە کوردییە جگە لە دوو گوندی، عەرەبی هاوردە هەوڵدەدەن زەوییەکانی کورد لە سنووری شارۆچکەکە داگیربکەن و جوتیارانی کوردیش سوپای عێراق تۆمەتبار دەکەن بە پشتیوانیکردنیان.
دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، هەوڵەکانی عەرەبی هاوردە بۆ داگیرکردنی زەوییەکانی کورد زیاتر بوون، زۆرترین هەوڵی عەرەبی هاوردە بۆ شارۆچکەی سەرگەڕان بووە کە 70%ـی نەوتی کەرکووک لەو سنوورەدایە. لە چەند ساڵی رابردووشدا گوندی پەلکانە زۆرترین ئاڵۆزییەکانی نێوان عەرەبی هاوردە و جوتیارانی کوردی بەخۆیەوە بینیوە.
هاونیشتمانییان دەڵێن، عەرەبی هاوردە بە بەردەوامی لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقەوە پشتیوانیکراون و بە بەرچاوی ئەوانەوە جوتیارانی کورد سووکایەتییان پێکراوە و هەڕەشەیان لێکراوە.
جوتیارانی کورد جەخت دەکەنەوە لەوەی، عەرەبی هاوردە پێشتر لە چوارچێوەی ماددەی 140 قەرەبووکراوەنەتەوە، هەروەها رەتیدەکەنەوە، زەوییەکانیان لەژێر هیچ گوشارێکدا رادەستی عەرەبی هاوردە بکەن.
لە 21ـی ئەم مانگەدا واتا یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان، شەڕێک لەنێوان عەرەبی هاوردە و هاونیشتمانیانی گوندی پەلکانە دروستبوو، دواتر پێشمەرگە بڕیاریدا هێزێک بنێرێتە سنوورەکە و لە دوێنێشەوە بەگوتەی خەڵکی گوندەکە، حەشدی شەعبی و عەرەبی هاوردە لە گوندەکە کشاونەتەوە.
شکار مەردان، یەکێک لە پارێزەرانی جوتیاران لە سەرگەڕان دەڵێ، عەرەبی هاوردە "هەوڵدەدەن لەڕێگەی دادگاوە 30 بۆ 40 هەزار دۆنم زەوی وەربگرنەوە و بڵێن ئەو ناوچانە ماددەی 140 نایانگرێتەوە، بەڵام ئەمانە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە کە لەو شوێنانەدا گۆڕانی دیمۆگرافی کراوە و ئەوان لە بنەڕەتدا لە ناسڕیەوە هاتوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ