رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی هەولێر دەستگیرکردنی چەند کەسێکی راگەیاند کە بە تەقەکەر ناساندوونی و دەڵێت، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیان، زانیارییان لەبارەوە بڵاودەکاتەوە. هەروەها داوا لە هاونیشتمانییان دەکات هەرکەسێک ڤیدیۆی تەقەکردنی لایە بۆیان بنێرێت و ئاگاداریان بکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە 23-4-2023، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان گرتە ڤیدیۆییەکانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک لەنێو ئۆتۆمبێلێک و دواتر لە شوێنێکی دیکەی نێو هەولێر بڵاوکردووەتەوە کە تەقە دەکات.
لە دانپێدانانەکەیدا ئەو تۆمەتبارە دەڵێت، ئەو تەقەیکردووە و داوا دەکات کەس تەقە نەکات.
دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات ئاسایشی هەولێر ئەمڕۆ گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە لە دانیشتنێکی گۆرانی گوتندا ژمارەیەک کەس تەقە بەئاسماندا دەکەن و نووسیویەتی: "هاووڵاتییانی خۆشەویست، لەپێناو پاراستنی خۆت و خانەوادەکەت هەر ڤیدیۆیەکی لەو شێوەیەتان بینی بۆمانی بنێرین و ئاگادارمان بکەنەوە، سوپاستان دەکەین."
هەروەها ئاسایشی هەولێر دەڵێت، شەوی رابردوو ژمارەیەک تاوانبار و تەقەری دەستگیرکردووە و دوای لێکۆڵینەوە زانیارییان لەبارەوە بڵاودەکاتەوە.
هەفتانە لە هەرێمی کوردستان، چەند رووداوێکی تەقەکردن تۆماردەکرێن، کە بەهۆیەوە هاونیشتمانییان دەکوژرێن یان بریندار دەبن، لەسەرەتای ئەمساڵەوە و بەتایبەت مانگی رابردوو و ئەم مانگە تەقەکردن هەڵکشاوە.
بەپێی یاسای چەک لە هەرێمی کوردستان، ژمارە 2ـی ساڵی 2022، کە رۆژی 28ی نیسانی ساڵی 2022 لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 15، هەر کەسێک بەبێ مۆڵەتی دەسەڵاتی مۆڵەتدان، دەستداریی چەکێکی ئاگرین، یان تفاقی بکات، هەڵیبگرێت، بیفرۆشێت، چاکی بکاتەوە، یان دەستاودەستی پێوە بکات، ئەوا بە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە یەک ساڵ کەمتر نەبێت و لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردنێک کە لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 5 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت سزا دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ