رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی زاخۆ دەڵێت، 410 خانوو بەهۆی لافاوەکەی هەفتەی رابردووەوە زیانیان بەرکەوتووە و زیانلێکەوتووان قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە.
جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 410 خانوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەر لافاوی رۆژی 19ـی ئەم مانگە کەوتوون. هەر ماڵێک بەپێی زیانەکان بە بڕێک پارە لەگەڵ 200 لیتر نەوت قەرەبوویان وەرگرتووەتەوە.
جەمال هەسن گوتیشی، 25 ئۆتۆمبێل و زیاتر لە 130 جێگەی بازرگانی بەر لافاوەکە کەوتوون.
هەر بەپێی بەرگریی شارستانیی زاخۆ، لە قۆناخی دووەمدا دەست بە قەرەبووی ئەو جێگە بازرگانییانەش دەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بە سەدان زەویی کشتووکاڵی کە لەسەر رووباری خابوورن، زیانیان بەرکەوتووە، بەڕێوەبەرایەتیی کشتووکاڵی زاخۆ سەرقاڵی لێکۆلینەوەیە، بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان بخەمڵێندرێت.
لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە دەست بە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان کراوە.
بەپێی زانیاریەکانی رووداو، ئەو پارەیەی لە رێی دەوڵەمەند و بازرگانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە کۆکراوەتەوە، بەناوی قەرەبوو بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەشکراوە.
لە رۆژی 19ـی ئاداری 2024، بارانێکی بەخووڕ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی گرتەوە؛ ئاستی ئاوی خابوور زیاتر لە حەوت مەتر بەرزبووەوە، بەو هۆیەوە ئاو چووە نێو ماڵی بەشێک لە خانووی گەڕەکەکانی نزیک خابوور.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ