رووداو دیجیتاڵ
پاسەوانی سنووریی عێراق رایگەیاند هێزەکانیان لە خاڵێکی سنووری لەگەڵ تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدیی پارێزگای دهۆک جێگیر بوون. راشیگەیاند چەند قولەیەکی سەربازی جێگیردەکرێن و ئامێر و چەکی پێشکەوتوویان بۆ دابین دەکرێت.
پاسەوانی سنووری عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ و فەرماندەی پاسەوانی سنوور بۆ جێگیربوون لە تەواوی خاڵە سنوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، یەکەیەکی لیوای یەکی سنووریی بەرەو خاڵێکی سنووری لە ناحیەی شێلادزێی سەر بە قەزای ئامێدی لەگەڵ تورکیا جوڵەی کرد و توانیان سەنگەر لێ بدەن و جێگیرببن و ئاڵای عێراقیان تێدا بەرزکردەوە.
ئەو جوڵەپێکردنەی هێزەکانی پاسەوانیی سنوور دوای ئەوە هات، کە رۆژی دووی ئەم مانگە تورکیا گوندێکی لە سنووری ناحیەی دینارتە بۆردوومان کرد و بەو هۆیەوە دوو هاونیشتمانی بەناوەکانی بەشیر عومەر و عارف تەها، گیانیان لەدەستدا.
پاسەوانی سنووریی عێراق لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەو پێگە نوێیەیان پێشتر هێزی پاسەوانی سنووری لێ نەبووە و بە هاوکاری و پشتیوانیی پاسەوانی سنووری لە هەرێمی کوردستان هێزەکانیان لەوێ جێگیرکراون، هەروەها چەند قولەیەکی سەربازی جێگیردەکرێن و ئامێر و چەکی پێشکەوتووی بۆ دابین دەکرێت.
پاسەوانی سنووریی عێراق دەڵێت: "ئەم هەنگاوانەی پاسەوانی سنوور بۆ تووندوتۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانە و رێگەگرتنە لە هەر جوڵەیەکی نەخوازراو و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی لە یاسا دەرچووانە."
سەرچاوەیەکی سەربازی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو هێزە لە لیوایەک پێکدێت و لە لووتکەی رێژبراخە لە سنووری شیلادزێ لە قەزای ئامێدی جێگیر دەبێت و چەند خاڵێک دادەنێن.
جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پاراستی سنوور، هێزی پاسەوانی سنووری عێراق دەیگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بیانووبڕە بۆ وڵاتانی دراوسێ و هەر هێزێک کە بیەوێ هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان."
فەرماندەیی یەکی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی پێ سپێردراوە. فەرماندەییەکە لە چوار لیوا پێکهاتووە کە دوویان لە سنووری ئێرانن و دووەکەی دیکەیان لە سنووری تورکیان.
هەرچەندە ئەرکی پاراستنی سنوور لە ئەستۆی پێشمەرگەدا نییە، بەڵام دوای چوونی ئەو هێزەی پاسەوانی سنوور بۆ شێلادزێ، کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە رۆژی 22-02-2024 پەیامێک ئاراستەی پێشمەرگە کرد و رایگەیاند: "ئێمە پێشتر بە پێشمەرگەکانمان گوتبوو، کە لە بنکەکانی سوپای تورک دووربکەونەوە، جارێکی دیکە ئەم هۆشدارییە دووبارە دەکەینەوە، سەرجەم هێزەکان بە تایبەتی پێشمەرگە دەبێت لە سوپای داگیرکەری تورک و بنکەکانیان دووربکەونەوە، هیچ کەس نابێت پشتیوانی و هەماهەنگیی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی ئاکەپە - مەهەپەی فاشیست بێت بەرامبەر بە گەلی کورد، یاخود نابێت پاڵپشتی لەو سیاسەتانە بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ