رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی وەرگەڕانی مینی پاسێکی تایبەت بە گواستنەوەی قوتابییان لە پارێزگای مێردین-ی باکووری کوردستان، 14 سەرنشین برینداربوون. رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی شوباتی 2023، لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی ئۆمەرلی و ناوەندی شار دا روویدا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکە، رووداوەکە بەهۆی تیژڕۆییەوە بووە و شۆفێری مینی پاسەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و دوای خۆکێشانی بە بەربەستی نێوەڕاستی رێگەکەدا، وەرگەڕاوە. لە ئەنجامدا 14 سەرنشینی برینداربوون.
ژمارەیەکی زۆر ئەمبوڵانس و تیمەکانی فریاگوزاری روویان کردە شوێنی رووداوەکە و سەرجەم بریندارەکان گواسترانەوە نەخۆشخانەی گشتیی شارەکە. بەپێی زانیارییەکان، دۆخی تەندروستیی چوار لە بریندارەکان سەختە و لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەی گشتیی مێردین چارەسەر وەردەگرن.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، پار لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە و بەهۆیەوە دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 86 کەسیان دەسبەجێ لە شوێنی رووداوەکاندا گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسی دیکەش برینداربوون.
ساڵی 2021 لە سەرتاسەری باکووری کوردستان و تورکیادا یەک ملیۆن و 186 هەزار و 353 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە. بەهۆیەوە پێنج هەزار و 362 کەس گیانیان لەدەستدا و 274 هەزار و 615 کەس برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ