کوردستان
دوایین خاڵی سەربازیی پاسەوانی سنووریی عێراق لە دەڤەری مزووری باڵا. وێنە: هەژار جەوهەر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، هیچ رێکارێکی نوێ لەبارەی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوورەوە نییە و دیار نییە کەی ناوی ئەو کەسانە رادەگەیێندرێت کە فۆرمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە. دەشڵێت: "هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانن ئەو کەسانە دابمەزرێنن کە ناویان تۆمارکردووە بەرامبەر بە پارە"، داوا دەکات کەس بەو "فێڵانە هەڵنەخەڵەتێت."
رۆژی دووشەممە 23-1-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای داخستنی سیستم و لینکی تایبەت بە دامەزراندنی پاسەوانانی سنوور دەرکەوت 2 ملیۆن و 182 هەزار کەس فۆرمیان پڕ کردووەتەوە، بەڵام تەنیا 2 هەزار و621 کەس دادەمەزرێندرێن."
لە سۆشیاڵمیدیاوە چەند دەنگۆیەک لەبارەی دامەزراندنی ئەو کەسانە بڵاوبووەتەوە، لەوانە دامەزراندن بە پارە، بەڵام عەقید کاروان خۆشناو سەرجەم دەنگۆکانی رەتکردەوە.
عەقید کاروان خۆشناو گوتی: "بەداخەوە هەندێک کەس پەیدابوون بانگەشەی ئەوە دەکەن دەتوانن ناوی ئەوانە لە بەغدا بهێننەوە کە داواکارییان بۆ دامەزراندن پێشکێش کردووە. یان هەندێک پەیج لە سۆشیاڵمیدیا هەواڵی سەیر بڵاودەکەنەوە، هەموو ئەوانە ناڕاستن و داواکارین کەس نەکەوێتە داوی ئەو فێڵبازانە. ئەگەر بەفەرمی پێشهاتی نوێ هەبێت رایدەگەیێنین."
سەبارەت بە راگەیاندنی ناوی دامەزراوانیش کە دەنگۆیەک هەیە مانگی داهاتوو بە کورتەنامە ئاگادار بکرێنەوە. عەقید کاروان خۆشناو گوتی: "هێشتا هیچ رێکار یان پاڵاوتنێک بۆ ناوەکان و دامەزراندن و شێوازی گەڕانەوەی ناوەکان دیاری نەکراوە، هەر شتێکی نوێ هەبێت رایدەگەیێنین."
بەپێی رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی ئەو 2621 کەسەی دادەمەزرێن، زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان دەبن.
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دامەزراندنی پاسەوانانی سنووری لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشەممە 16-01-2023 لینکی پڕکردنەوەی فۆرمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور کاراکرا و رۆژی 18-01-2023 کاژێر 12:00ی شەو راگیرا.
بەپێی زانیارییەکانی پاسەوانی سنوور زیاتر لە 12 ملیۆن کەس سەردانی لینکەکەیان کردبوو، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 182 هەزار کەس خۆیان ناونووس کردبوو، کە بڕیارە دوو هەزار و 621 کەس لە هەموو عێراق دابمەزرێن.
دامەزراندنی ئەو پاسەوانانە تایبەتە بۆ ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور کە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی بە درێژایی نزیکەی هەزار و 30 کیلۆمەتر دەگرێتەوە.
مەرجەکانی دامەزراندنەکە بریتین لە: کەسەکە دەبێت تەمەنی لەنێوان 17 ساڵ بۆ 35 ساڵ بێت، لە دایک و باوکێکی عێراقی بێت، فۆرمەکە بە زمانی عەرەبی پڕبکاتەوە و تەنیا پێویستە بڕوانامەی سەرەتایی و دواناوەندیی هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ