رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان "ئەرێنی" بوون و دەڵێت، "هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگەن."
رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023، قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی سەربازیی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی مارشاڵ سامی سامپسۆن، گەورە راوێژکاری بەرگریی بەریتانیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بە وەکالەت چەند پرسێکی جێگەی بایەخی هەردوولا تاوتوێکران، باسی دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە کرا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لێک تێگەیشتنی باش دروست بووە و کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەرێنی بوون."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، تێیدا هاتووە، "هەنگاوەکان بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگەن و گەشبینین بەمنزیکانە بە تەواوەتی کێشەکانی وەزارەت بە هاوکاری و پشتیوانی هەموو لایەک چارەسەر بکرێن و ئەمەش رەوتی چاکسازییەکان لە هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر دەکات."
بەپێی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان شاندی باڵای سەربازی بەریتانیا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش بۆ بەردەوامیی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتکردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "باسی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستان کرا و "هەردوولا جەختیان کردەوە کە پێویستە حکومەت و لایەنە عێراقییەکان هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ رێگری لە هەرچەشنە هەنگاو و جووڵەیەک کە ببێتە هۆی بارگرژی و ناسەقامگیری لە عێراقدا."
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-11-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە مارشاڵ سامى سامپسۆن، گهوره راوێژكارى بهرگريى بهريتانى له رۆژههڵاتى نێوهڕاست و باكوورى ئەفريقا و شاندێكى سهربازيى كرد، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێشوازی لە شاندە بەریتانییەکە کرد.
لە راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە هاتووە، "دۆخى ناوخۆى ههرێمى كوردستان تهوهرێكى ديكهى كۆبوونهوهكه بوو. لهو بارهيهوه ههردوولا دوايين كۆبوونهوه و ديدارهكانى نێوان پارتى ديموكراتى كوردستان و يهكێتيى نيشتمانيى كوردستانيان به پێشهاتێكى ئهرێنى ههڵسهنگاند."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ