هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ رووداو: دەستبەرداری دۆسیەی ئاگرەکەی مێردین و ئامەد نابین

22-06-2024
عەبدولسەلام ئاکنجی
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی رووداوەکە قسەی بۆ رووداو کرد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکانی دەم پارتی رایانگەیاند هەرگیز دەستبەرداری دۆسیەی ئاگرەکەی نێوان مێردین و ئامەد نابن، کاری لە پێشینەشیان هەوڵدان دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوی زیانلێکەوتووان.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (شەممە 22-6-2024) هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) سەردانی شوێنی ئەو ئاگرەیان کرد کە لە مێردین و ئامەد بووە هۆی گیانلەدەستدانی 14 کەس. سەردانی خانەوادەی ئەو کەسانەیان کرد، کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و سەرەخۆشییان لێکردن. 
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند "لە ناوچەی رووداوەکە، قەرەبووکردنەوەی ئەو خەڵکەمان بەهۆی رووداوەکە بە شێوەی پێویست، دەبێت ئامانجی لەپێشینە بێت".
 
هەروەها تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی "بەڵێندەدەین، بە هیچ شێوەیەک واز لەم بابەتە ناهێنین و چاودێریی دەکەین." 
 
باکرهان هەروەها بە تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی کرد، سەرەخۆشیی لە زیانلێکەوتووانی ئاگرەکە کرد و باسی لە بوونی خەمساردی لە کاروبارەکان کرد و جەختیکردەوە لەوەی بەدواداچوونی تەواو بۆ بابەتەکە دەکەن.
 
باکرهان گوتی "ئێمە بەدواداچوونی تەواو دەکەین، ئەگەر دەرکەوت خەمساردی هەیە، لەگەڵ خەڵکی زیانلێکەوتوو، سکاڵا تۆماردەکەین."
 
نیوەشەوی 20ـی مانگ، ئاگرێکی گەورە لە سنووری هەشت گوندی سەر بە شارۆچکەی چناری ئامەد و شەمرەخی مێردین کەوتەوە. ئاگرەکە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە کۆنترۆڵ دەرچوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە