رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە پشتئەستوور بە هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی ژمارەیەکی زۆری عەرەبی هاوردە خۆیان لە گوندی پەلکانە جێگیر کردووە، جارناجار شەڕ بە دانیشتووانی کوردی گوندەکە دەفرۆشن و جارجارەش پاشەکشە دەکەن، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جوڵەی بە لیوای دەی پێشمەرگە کرد بۆ سنووری گوندەکە، ئێستا جگە لە هەندێک هەمەری سوپای عێراقی ئەوانەی دیکە هەمووی کشاونەتەوە.
لوقمان بەکر، خەڵکی گوندی پەلکانەیەوە و باسی ئەو ساتە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات کە عەرەبی هاوردە هێرشیان کردووەتە سەری.
سەر و روخساری لوقمان بەهۆی هێرشەکەوە بریندارە. ئەو، دەڵێ "بە چوار بۆ پێنج ئۆتۆمبێل چەکداری حەشد هاتن، بە نزیکەی 300 بۆ 400 کەسی لێبوو، کە زانیان فەرمان هاتووە و گوایە پێشمەرگە لە خەتی پردێوە دابەزیوە، خوا لەسەر سەرمە بڕۆ سەیرکە، هەتا دیوەخانەکەیان سێ بۆ چوار کەسی لێ ماوە".
هەواڵی جوڵەپێکردنی پێشمەرگە بۆ گوندی پەلکانە هەرزوو لەنێو ئاوایی بڵاوبووەوە و عەرەبی هاوردە و چەکدارەکانی حەشدی ناچار بەکشانەوە کرد.
هاووڵاتییەکی دیکەی گوندەکە قسەی بۆ رووداو کرد و دەڵێ "زۆر دڵخۆش بووین کە پشت و پەنامان هەیە. لەبەرئەوەی ئەو وەڵامدانەوە و جوڵەیەی پێشمەرگە بەدڵنیاییەوە فشارێک لەسەر بەغدا دروست دەکات، بۆ ئەوەی بەغداش فشار لەو فەرماندە سەربازییانە بکات هێز دژی کورد نەجوڵێنن، چونکە بەبەرچاوی سوپای عێراقی سووکایەتی بە جووتیاران دەکرا".
هاووڵاتییەکی دیکە دەڵێ "ناسەنگی هێز هەیە، بەڵام دڵخۆشبووین بە هاتنی پێشمەرگە، کە کۆتایی بە کێشەکان هێنا و بەدووەکانیش حیسابیان بۆ ئێمە کرد ... ئێمە دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگە دەکەین، هیوادارین بەغدا و هەولێر بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت".
هێزەکانی پێشمەرگە کەمتر لە پێنج کیلۆمەتر لە گوندی پەلکانەوە دوورن و پەیامیان بە هێزە عێراقییەکان داوە، ئەگەر دۆخی پەلکانە ئاسایی نەکەنەوە، جوڵەی زیاتریش دەکەن.
نووری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری پێنجی رۆژئاوای کەرکووکی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند "ئێمە لە دوێنێوە هێزەکانمان لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی بەرپەرچی ئەوانە بدەینەوە کە دەیانەوێت تەجاوزی خەڵکی ئێمە بکەن، لەگەڵ فەرماندەی لیوا و فەرماندەی فەوجەکەیان قسەمان کردووە و گوتوویانە هیچ کێشەیەک نییە... بەڵام ئیتر ئێمە لە نزیکی ئەو شوێنانەین کە پێویستە و بە فەرمان هاتووین".
پەلکانە بچووکترین گوندی کوردە لە پارێزگای کەرکووک و نزیکەی شەش ساڵە رووبەڕووی گەورەترین پرۆسەی بەعەرەبکردنی زەوییەکانی بووەتەوە و هەموو رێگرییەک لە جووتیارانی کورد دەکرێت بۆ کشتوکاڵکردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ