رووداو دیجیتاڵ
ستیفن کێرچنەر، خاوەنی چێشتخانەیەکە لە گەڕەکی (وانسی) لە بەرلین، رەنگە ناچاربێت بەمزووانە چێشتخانەکەی دابخات، هۆکارەکەیشی کەمیی دەستی کارە لە ئەڵمانیا.
کێرچنەر دەڵێت، ناوەندی دۆزینەوەی هەلی کار پێی راگەیاندوون کە هیچ کرێکارێکیان بۆ نادۆزنەوە لەبەرئەوەی لە راستیدا ئەوانەی کە داواکارییان بۆ کار پێشکەشکردووە، نایانەوێت چی دیکە کاربکەن.
ئەڵمانیا لە زۆربەی کەرتە ئابوورییەکاندا رووبەڕووی کەمیی دەستی کار بووەتەوە.
رۆژنامەی شپیگڵ ئاشکرای کردووە، ئاژانسی دامەزراندنی فیدراڵیی ئەڵمانیا بەنیازە 25 هەزار کرێکاری ناشارەزا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە بهێنێت بۆ چارەکردنی ئەو کێشەیە.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ئەوە هەلێک دەخاتە بەردەم کۆمپانیا و بازرگانییە بچووکەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەخێرایی هێزی کاری پێویستی خۆیان لە دەرەوە دابین بکەن.
بەپێی پێشبینییەکان، ئابووریی ئەوروپا و بەتایبەتی ئەڵمانیا، یەکەم هێزی ئابووریی ئەو ناوچەیە بە ئەستەم دەتوانێت خۆی لە سستبوون رزگار بکات.
پاولۆ جێنتێلۆنی، بەرپرسی کاروباری ئابووریی کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت، "ئابووریی ئەوروپا بە لاوازی ساڵی 2024ی دەستپێکردووە. دوای ئەوەی ئابووریی ئەوروپا لە 2021 و 2022 بەهۆی قۆناخی دوای کۆرۆنا بووژایەوە، بە ئەستەم توانی خۆی لە 2023 لەسەر پێ بوەستێنێت. لە راستیدا لە 2024 یش ئابووریییەکەمان لە جووڵە دەوەستێت."
حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە لە 1.3٪ وە دادەبەزێنێت بۆ تەنیا 0.2٪. هەروەها پێشبینیکردووە تاوەکو ساڵی 2035 دەستی کار بەرزدەبێتەوە بۆ 7 ملیۆن کرێکار.
لە مانگی 7ـی ساڵی رابردوو، ئەڵمانیا یاسایەکی پەسندکرد بۆ ئەوەی رێوشوێنەکانی هێنانی کرێکاری بیانی لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا ئاسان بکات. ئەو یاسایە رێگەی خۆشکردووە بۆ هێنانی ساڵانە نزیکەی 60 هەزار کرێکاری شارەزا و ناشارەزا بۆ ئەو وڵاتە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ