پێشمەرگەیەکی پێشووی کۆمەڵە لە کرماشان لەسێدارە درا

22-02-2023
ناسر پیرۆتی
وێنەی ئەو پێشمەرگەیەی کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێن لە روانسەر لەسێدراوە دراوە
وێنەی ئەو پێشمەرگەیەی کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێن لە روانسەر لەسێدراوە دراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرکەوت ئەحمەدی، هاونیشتمانیی خەڵکی روانسەر کە بە "کوشتنی بەرپرسێکی پۆلیس" تۆمەتبار کرابوو، لە گرتووخانەی دزڵئاوای کرماشان لەسێدارە دراوە.
 
سەرکەوت ئەحمەدی، سەرەتای ساڵی 2021 دەستبەسەر کرا و تاوەکو ئێستا چۆنیەتیی دەستبەسەرکردنی روون نەبووەتەوە. ئەو هاونیشتمانییە خەڵکی روانسەر بوو لە پارێزگای کرماشان و ساڵی 2018 بووەتە پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران.
 
لە 14/08/2018 ئەفسەرێکی پۆلیس بە ناوی حەسەن مەلەکی لە نێو شاری روانسەر کوژرا و سوپای پاسداران لە 22/01/2021 رایگەیاند، بکوژی ئەو ئەفسەرەیان دەستبەسەر کردووە. دواتر ئاشکرا بوو ئەو کەسەی دەستبەسەر کراوە، سەرکەوت ئەحمەدییە.
 
دوای کوژرانی حەسەن مەلەکی، گرووپێک بە ناوی تێکۆشەرانی ئاڵای سوور بەرپرسیارێتیی کوشتنی ئەو بەرپرسەی پۆلیسی روانسەری گرتە ئەستۆ و رایگەیاند، کوژراوەکە دەستی لە ئازاردانی خەڵکدا هەبووە.
 
ئەو کات، عەبدوڵڵا ئازەربار، بەرپرسی کۆمیسیۆنی سەربازیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند رۆژ پێش دەستبەسەرکردنی، سەرکەوت ئەحمەدی لە ریزەکانی ئەو حیزبە دوورخراوەتەوە. رەتیشیکردەوە سەرکەوت ئەحمەدی دەستی لە کوشتنی ئەو پۆلیسەدا هەبێت و دەڵێت، کاتی کوژرانی پۆلیسەکە، سەرکەوت لە باشووری کوردستان بووە.
 
هەر ئەو کات، جەمال محەممەدی، کەسوکاری سەرکەوت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرکەوت لەگەڵ قاچاخچییەک رێککەوتبوو لە رێگەی ئێرانەوە بیگەیێنێتە تورکیا و پێدەچێت ئەوە پلانێک بووبێت بۆ ئەوەی رادەستی هێزەکانی ئێران کرابێت.
 
سەرکەوت ئەحمەدی لەدایکبووی ساڵی 1995 بوو. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، هێزە ئەمنییەکان لە رێگەی گەڕانەوەدا، تەرمەکەیان لە کەسوکاری ستاندووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە