رووداو دیجیتاڵ
قوتابییانی خوێندنگەی ئیسلامیی هەڵەبجە، باڵەخانەی تایبەت بە خۆیان نییە، بۆیە ئەوقاف مزگەوتێکی بە 750 هەزار دینار بە کرێ بۆ گرتوون.
شەماڵ نووری، یەکێکە لە قوتابییەکان و لەبارەی قوتابخانەکەوە دەڵێت، "من چوار ساڵە لە پێنجوێنەوە بۆ خوێندن هاتووچۆی هەڵەبجە دەکەم. کەموکورتی قوتابخانەکەش ئەوەیە، شوێنی دەستنوێژ، گۆڕەپان و دووکانمان نییە و دەبێت بچینە دەرەوە بۆ بازاڕ. ماوەی چوار ساڵە لێرەم دوو باڵەخانەمان کردووە، هیچ خزمەتگوزاریێکی نییە."
ماوەی دوو ساڵە ئامادەیی ئیسلامیی هەڵەبجە خراوەتە سەر وەزارەتی ئەوقاف، پێشتر لەسەر وەزارەتی پەروەردە بووە، بەڵام ئەو کاتیش باڵەخانەی تایبەت بە خۆی نەبووە.
نزار جمیل، سەرپەرشتیاری خوێندنگەی ئیسلامیی هەڵەبجە باس لەوە دەکات، "ئێمە لە 01-11-2022، لە میلاکی وەزارەتی پەروەردە گوێزراینەوە بۆ سەر وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بەرپرسیاریێتی ئێمە لەسەر ئەوقافی هەڵەبجەیە. ئەوقاف گەڕاوە لەمە باشتری دەستنەکەوتووە بۆ ئێمە و بەکرێیەکی باشی مانگانە تێیدان."
بۆ کردنەوەی باڵەخانەیەکی تایبەت بە خوێندگەی ئیسلامیی هەڵەبجە، ئەوقاف دەڵێت ئەگەر حکومەتیش نەتوانێت بۆیان دروستبکات، بەڵکو خێرخوازان بتوانن بۆیان دابین بکەن.
ئارام شێخ جمال، بەرێوەبەری ئەوقافی هەڵەبجە دەڵێت، "یەکێک لەو شوێنانەی کە وەزارەتی ئەوقاف سەرپەرشتی دەکات و خزمەتێکی باشی بە هەڵەبجە و مامۆستایانی ئایینی ئەم دەڤەرە کردووە، ئامادەیی ئیسلامیی کوڕان و کچانە، لە دانیشتنی پێشووی ژمارە 76، شارەوانی کە پێش پشووی سەری ساڵ بوو داوای زەویمان کردووە و شارەوانی زەویێکی بۆ دابین کردووین. چاوەرێین حکومەتیش نەبێت خێرخوازان باڵەخانەیەکمان بۆ بکەنەوە."
ماوەی 20 ساڵە خوێندگەی ئیسلامیی هەڵەبجە دامەزاروە و لە پێنجوێن، سەیدسادق و هەورامان خوێندکاران دێنە خوێندگەکە و زیاتر لە هەزار دەرچووی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ