رووداو دیجیتاڵ
لەسەر باڵاپۆشی کێشە دەکەوێتە نێوان بەرپرسانی زانکۆى ئیسلامیى دیوانیە و خوێندکارە کچەکانی زانکۆکە، بەهۆیەوە کچەکان لەنێو زانکۆکەدا خۆپێشاندان دەکەن، دواتر کێشەکەیان دەگەیێندرێتە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی عێراق.
رۆژی 19-10-2022 ژمارەیەک لە کچە خوێندکارەکانی زانکۆى ئیسلامى لە پارێزگاى دیوانیە لەنێو زانکۆکەدا دژى بڕیارێکى ئەو زانکۆیە بۆ باڵاپۆشی خۆپێشاندانیان کرد.
نوور جلیحاوى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى پارێزگاى دیوانیە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو کچە خوێندکارانە دژى بڕیارێکى زانکۆکە خۆپێشاندانیان کردووە، کە تایبەتە بە دیاریکردنى باڵاپۆشی لە زانکۆکە کە زانکۆیەکى ئەهلییە و سەر بە لایەنێکى ئیسلامییە."
جلیحاوى گوتی: "پێش ئەو بڕیارە لەبەرکردنى تەنوورە و هەر جلێکى دیکە لەو زانکۆیە ئاسایی بووە، بەڵام دواتر زانکۆکە ئەم بڕیارە نوێیەى دەرکردووە، خوێندکارەکانیش واژۆیان کردووە و پێى قایل بوون وەکو مەرج".
زانکۆى ئیسلامى لە ساڵى 2004 مۆڵەتى لە وەزارەتى خوێندنى باڵاى توێژینەوى زانستیى عێراقى وەرگرتووە، کە تایبەتە بە خوێندنى زانستیى ئیسلامى.
نوور جلیحاوى ئاشکرای کرد کە لەبارەى ئەو کێشەیەوە نووسراویان ئاراستەى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردووە و چاوەڕێى وەڵامى ئەو وەزارەتەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ