رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەمجار لە مێژوو، سەرۆککۆمارێکی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. بڕیارە ئێوارەی دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای 13 ساڵ سەردانی هەولێری پایتەخت بکاتەوە.
ئەردۆغان دەبێتە یەکەمین سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری تورکیا کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە دەڵێت: "تورکیا وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە. یەکێکە لە چوار هێزە هەرێمییەکان. هەموو سنووری نێوان عێراق و تورکیا کەوتووەتە نێو هەرێمی کوردستان. بۆیە، بەسەربردنی کاتێک لە هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو لامان گرنگە. ئەو کێشانەی کە هەن و تووندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بێگومان لەڕێگەی گفتوگۆ و کاری دیپلۆماسییەوە دەکرێت."
لەسەرەدانەکەی سەرۆککۆماری تورکیادا بۆ هەرێمی کوردستان، لانیکەم هەشت وەزیر یاوەریی دەکەن. سەردانێک کە وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت، رەنگە واژۆکردنی 20 رێککەوتنی گرنگی لەنێوان هەولێر-بەغدا و ئەنقەرە لێبکەوێتەوە.
بەپێچەوانەی خواستی ناوەندچیێتی بەغدا و هاندانی تاران، دیمەشق و ئەنقەرە بۆ پەراوێزخستنی هەولێر، بەڵام هێشتاش تورکیا مەیلی بە عێراقێکی فیدراڵ و هەرێمێکی کوردستانی هاوبەش و هاوکارە.
شوان رابەر، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری دەڵێت، سەردانەکە "ئەو مانایە دەگەیێنێت کە هێشتا تورکیا دەیەوێت گرنگی بە هەرێم[ی کوردستان] بدات و پەیوەندیی لەگەڵ هەرێم[ی کوردستان] باشە. جێی کارکردنی تورکیایە، ئەم سەردانە، گرنگ ئەوەیە کە لە ئەنجامدا سەردانێک بێت لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا بێت."
هۆشیار عومەر، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "هەرێمی کوردستان دۆخی ئەوەی نییە لەگەڵ دراوسێکانیدا پەیوەندییەکانی ئاڵۆز بکات. بۆیە گرنگیشە کە ئەو شاندە دێتە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، من بۆ خۆم ئومێد دەکەم هەموو پارتە سیاسییەکان لە چوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەدا بن، چونکە حکومەتی هەرێم دیارە لە ئێمە و لە یەکێتی و لە پارتی پێکهاتووە."
زیاتر لە 99٪ی سنوورە 378 کیلۆمەترە هاوبەشەکەی تورکیا و عێراق و هەر سێ دەروزازە هاوبەشەکەی نێوانیان لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانە. پرسێک وایکردووە هەموو ئاڵوگۆڕی زەوینی تورکیا و عێراق و بەستنەوەی تورکیا بە کەنداو لەڕێی هەرێمی کوردستانەوە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ