دەستپاکیی عێراق: لە موسڵ چەند نووسینگەیەکی خانووبەرە 319 دۆنم زەویی حکومەتیان فرۆشتووە

21-03-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، پێنج نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە 319 دۆنم زەوییان لە پارێزگای نەینەوا پارچەپارچەکردووە و بەناوی خۆیانەوە بە خەڵکیان فرۆشتووەتەوە، جگە لەوەش 24 دۆنم زەویی دیکەش بەنایاسایی لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە دراوەتە فەرمانبەرانی کارەبای پارێزگای نەینەوا، یاریدەدەری پارێزگای نەینەواش دەڵێت: "ئەوانە تۆڕێکی مافیا بوون و کڕین و فرۆشتنیان بە زەویی دەوڵەتەوە کردووە و هێشتا خەڵکی دیکەش لەتۆڕەکەدا هەن و دەستگیرنەکراون."
 
رۆژی دووشەممە، 20-3-2023، دەستەی دەستپاکیی عێراق لەبارەی ئاشکراکردنی ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بەدەستدرێژیکردنە سەر زەویی حکومەتەوە هەیە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە خاوەنانی پێنج نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، 319 دۆنم زەویی کشتوکاڵیی حکومەتیان پارچەپارچە کردووە و بە خەڵکیان فرۆشتووە، کە بەهاکەی 53 ملیار و  620 ملیۆن دینار بووە.
 
دەستەکە هەروەها ئاشکرای کردووە، لە کردەیەکی دیکەدا پسوولەی فرۆشتنی زەویی حکومەت لە کۆمەڵەی نوور بۆ نیشتەجێکردنی کارمەندانی کارەبای نەینەوا ئاشکرا بووە کە رووبەڕەکەی زیاتر لە 24 دۆنم زەوی بووە. بەپێی نووسراوەکانی کۆمەڵەکە کە بۆ شارەوانیی ناردووە تێیدا دان بەوەدا دەنێت ئەو فەرمانبەرانە هیچ قەرزێکیان لەسەر نییە و پارەکانیان داوەتەوە کە ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.
 
رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا لەبارەی دۆسییەکانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ژمارەیەک دۆسیەی مەترسیداری دەستبەسەرداگرتنی زەویی شارەوانی و حکومەت لە موسڵ و نەینەوا هەیە، دەستەی دەستپاکی بەدواداچوونی بۆ دەکات، تائێستا ژمارەیەک کەس دەتستگیرکراون و ژمارەیەکی دیکەش ماون دەستگیر بکرێن."
 
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی: "ئەوەی هەیە لەو دۆسییەیەدا مافیای گەورە هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ دوای ساڵی 2003، لەسەردەمی رێکخراوی قاعیدە و داعش و ئێستاش ئەو کارە دەکرێت و بەدواداچوونەکان بۆ لێپرسینەوە و بەسزاگەیاندنی ئەو گرووپانە بەردەوامن."
 
بەپێی راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکیی عێراق بەشێک لە بەرپرسانی شارەوانی لەگەڵ ئەو گرووپانە تێوەگلاون و لێکۆڵینەوە و مۆر و نووسراویان لەگەڵدا گیراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە