دەم پارتی: سڵاو لە ویستی دیموکراسییانەی خەڵکی کەرکووک دەکەین

20-12-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی رایانگەیاند، ویستی دیموکراسییانەی خەڵکی کەرکووک بووەتە هیوایەک بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
راگەیێندراوەکە لە هەژماری فەرمیی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی دەم پارتی بە سەردێڕی "سڵاو لە ویستی دیموکراسییانەی خەڵکی کەرکووک دەکەین" بڵاوکراوەتەوە. 
 
هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی لەبارەی هەڵبژاردنەکە و بەتایبەتی پارێزگای کەرکووک دەڵێن، "هیوادارین ئەم هەڵبژاردنەی عێراق کە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گرنگە، ببێتە مایەی دەستەبەرکردنی دیموکراسی، دادپەروەری و ئازادی بۆ خەڵکی ناوچەکە. کەرکووک کە لەو هەڵبژاردنەی عێراقدا زۆرترین چاوی لەسەر بوو، پڕۆسەکە تێیدا دوور لە پشێوی و ئاژاوە بەڕێوەچوو. زیاتر لە پارتە سیاسییەکان، ویستی دیموکراسییانەی خەڵکی کەرکووک براوەیە".
 
هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەڵێن، چەند دەوڵەت و هێزێکی ناوچەکە بەردەوام دەستوەردان لە کەرکووک دەکەن بۆ ئەوەی ناسەقامگیریی سیاسی تێدا دروست بکەن، بەڵام خەڵکی ئەو شارە چوونە سەر سندووقەکان و ویستی دیموکراسییانەی خۆیانیان نیشاندا و پیرۆزباییان لە کورد و گەلانی دیکەی کەرکووک کرد کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد. 
 
هەر سەبارەت بە دەستوەردانەکانی نێو کەرکووک، هاوسەرۆکانی دەم پارتی رایانگەیاند، "لە بەرامبەر هەوڵەکانی تێگەیشتنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ستراتیجیی دابەشبکە-بەڕێوەی ببە کە خەڵک بەگوێرەی ناسنامە و باوەڕیان جیادەکاتەوە، ویستی خەڵکی کەرکووک بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە هیوا".
 
هاتیمئۆغوڵڵاری و باکرهان هیوایان خواستووە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە ببێتە هۆی گەشەسەندنی دیموکراسی لە نێو خەڵکی کەرکووک و بە تەواوی ناوچەکەشدا بڵاوببێتەوە.
 
لە بەشی کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، هاوسەرۆکانی دەم پارتی پیرۆزباییان لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردووە و دەڵێن، "ویستی گەلی کورد هەروەک چۆن لە مێژوودا بینراوە، ئەمڕۆش لەسەر بنەمای پێکەوەژییان دەرکەوتووە. ئێمە لەو باوەڕەداین کارگێڕیی کەرکووک لە بەڕێوەبردنی شارەکە لە کەشێکی دیموکراسییانەدا، لە بابەتی ناسنامە و باوەڕی خەڵک هەستیاریی پێویست نیشاندەدات".
 
بە گوێرەی ئەو ئەنجامەی رۆژی سێشەممە، 19-12-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک 217 هەزار و 815 دەنگیان بەدەستهێناوە. 
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 139 هەزار و 373 دەنگی بەدەستهێناوە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان 46 هەزار و 749 دەنگ؛ نەوەی نوێ 24 هەزار و 620 دەنگ؛ هاوپەیمانیی مەشخەڵی کەرکووک کە یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکیانهێنابوو، 6655 دەنگ و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان 377 دەنگیان بردووەتەوە، بەڵام تەنیا یەکێتی و پارتی بە 5 کورسی و 2 کورسی لە 15 کورسییەکەی ئەو پارێزگایە، لەنێو لایەنە کوردییەکان کورسییان بردووە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".