فازڵ میرانی: سەرکەوتنی دیموکراسی لە تێگەیشتنیدایە

20-10-2024
پەیمان محەممەد
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان. وێنە: رووداو
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان. وێنە: رووداو
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ''ئەوانەی بۆ هەڵبژاردن دروشمی زبر بەکاردەهێنن، دواتر لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین''. گوتیشی، ''ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە، ئینشائەڵڵا.''
 
 
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوای بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە هەولێر، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە رۆژنامەڤانان کرد کە بە شێوەیەکی پیشەگەرانە رووماڵی هەڵبژاردن بکەن.
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: ''لە هەموو جیهاندا پیشەی راگەیاندن لە خزمەت بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیدایە، هەندێک کات ئەمە بە کەمی لە راگەیاندنەکانی خۆماندا دەبینم و تووڕە دەبم.''
 
فازڵ میرانی گوتیشی، ''ئێمە لە ساڵی 1992ەوە هەڵبژاردن دەکەین کە بەشێکە لە دیموکراسی، بەڵام هەمووی دیموکراسی نییە، دیموکراسی واتایەکی گشتیی هەیە کە هەر وڵاتێک بەپێی سیستەمی خۆی جێبەجێی دەکات (پڕاکتیزەی دەکات).''
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە دا، ''سەرکەوتنی دیموکراسی و شەرافەتی رکابەری لەوەدایە کە چەندە لە واتای دیموکراسی تێگەیشتووین، چۆن خاوەندارێتیی (تەبەننی) دەکەین و چۆنی بەڕێوەی دەبەین.''
 
فازڵ میرانی ئاماژەی بە دروشمی زبری هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کرد و گوتی، ''دەبینین دروشمی جیاجیا هەیە، یەکێک دەڵێت دەیگۆڕین، بەڵام ئەوە ئەنجامی هەڵبژاردنە دەیگۆڕێت، خۆ هیچمان بە شۆڕش نەهاتووین کە بە شۆڕش بگۆڕدرێین. ئەم زمانە زبرە بزووتنەوەی سیاسی دوور دەکاتەوە لە کولتوور، ئەدەب و پەروەردەی کورد و کوردستان کە پێمناخۆشە.''
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، ''ئەوانەی ئێستا دروشمەکانی بڕووخێنین، بار بکەن بڕۆن، دەیگۆڕین و بەسە دەڵێنەوە، سبەی لە ئۆپۆزیسیۆن بن یان حکومەت، هەر دەبێت پێکەوە مامەڵە بکەین، خۆ کەسمان بار ناکات لەو وڵاتە بڕوات؛ ئێمە براش نەبین، هاوبەشی یەکدیین.''
 
فازڵ میرانی دەڵێت، ''ئێمە هەر لە حکومەت دەمێنینەوە ئینشائەڵڵا؛ لام سەیرە وشەی ئینشائەڵڵا بەکارناهێنن، تەنانەت برایانی ئیسلامییش بە ئینشائەڵڵاوە ناڵێن بەسە یان دەیگۆڕین؛ ئینشائەڵڵاکەمان لەبیرچووە و ئەمە باش نییە، چونکە هیچ شتێک بەبێ ئینشائەڵڵا ناکرێت.''
 
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، ''من پێموابوو ئەمڕۆ قسەکانی ئێمە هەمووی بەرەو ئاشتەوایی، پێکەوەژیان و ئارامیی وڵاتەکەمان دەڕۆن، بەڵام بەداخەوە هەندێک قسەم گوێ لێبوو لە ژمارەیەک برادەر کە دەیانگوت کۆتاییان پێدەهێنین؛ بەڵام ئەوە تەنیا مردنە کۆتایی بە مرۆڤ دەهێنێت، نەک هیچ شتێکی دیکە.''
 
 
1266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی دەنگیان تێدا دەدرێت. لە هەولێر 498 بنکە، لە سلێمانی 477 بنکە، لە دهۆک 264 بنکە و لە هەڵەبجەش 27 بنکە بۆ ئەم هەڵبژاردنە کراوە دەبن.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ملیۆنێک و 15 هەزار و 888 کەس کارتی بایۆمەتریان کردووە و مافی دەنگدانیان هەیە، بە لێدەرکردنی ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت، کۆی ئەوانەی دەمێننەوە و مافی بەشداریان لەم دەنگدانەدا هەیە، دەکاتە 925 هەزار دەنگدەر و 797 دەنگدەر.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی عێراقی و لۆگۆی 'هەژماری من'

'هەژماری من' بۆ رووداو: هیچ ئەندامێکی ئاسایش و هێزەکانی 70 لە سلێمانی تۆمار نەکراون

تیمی پڕۆژەی 'هەژماری من' رایانگەیاند، تائێستا 40%ی مووچەخۆر و خانەنشینانی سلێمانی لە پرۆژەکەدا تۆمار کراون، لە هەفتەی رابردووەوە کارەکانیان خێراتر کردووە و 800 کەس لە هەفتەیەکدا تۆمار کراون