رووداو - هەولێر
شارەزایەکی بواری رێكلام و دیزایین دەڵێت شێوازی بانگەشە و هەڵواسینی پۆستەری لیست و بەربژێرەكان زۆر لاوازە و شتی سەرنجڕاكێشی تێدانییە. بنەماكانی رێكلامیشیان رەچاونەكردووە و تەنیا پارەیان بەفیڕۆ داوە.
د. نەزاكەت حەمەسەعید، كە دكتۆرای لە رێكلامدا هەیە، بە (رووداو)ی گوت: "بۆئەوەی هەر رێكلامێك ئامانجەكەی بپێكێ، چەند بنەمایەكی هەیە، لەوانە سەرنجڕاكێش بێ، بەڵام رێژەیەكی زۆر كەم لە پۆستەر و فلێكسی بەربژێرەكان سەرنجت رادەكێشن. چونكە شوێن و ئاستی هەڵواسینیان لەگەڵ ئاستی بینینی چاوی وەرگر و لۆكەیشنەكەش گونجاو نین، هەروەها رەنگ و پەیامەكانیشیان بەشێوازێك نییە مانا بدات. بۆیە لە رێكلامدا قەبارە و رەنگ و شوێنی هەڵواسینی، كە زۆر گرنگە، رەچاونەكراوە".
زۆربەی شەقامەكان بە پۆستەری بەربژێرەكان داپۆشراون، بەڵام زۆر بەكەمی پۆستەرێك دەبینرێت بەرنامەی بەربژێر و حیزبەكانی تێدابێت. بە بڕوای د. نەزاكەت ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ رانەكێشانی سەرنجی وەرگر: "پەیامی لیست و بەربژێرەكان، رەگەزێكی رێكلامە كە چەندە لەگەڵ خواستی وەرگردا یەكدەگرێتەوە؟ بەڵام زۆربەی لیست و بەربژێرەكان پەیامیان نییە. تەنیا وێنە لەگەڵ ژمارەی بەربژێر و لیستەكە هەڵواسراوە، كە دەڵێی پۆرترێتە و بۆ وێنەی یادگاری خۆی رازاندووەتەوە. ئەمەش هیچ نابەخشێت بە وەرگر و نازانێت بەربژێر و لیستەكە دەیەوێت چیی بۆ بكات؟"
زۆربەی دیزایین و قەبارەی پۆستەر و فلێكسی كاندیدەكان لە یەكدی دەچن. زۆربەشیان لە شەقامە سەرەكییەكان هەڵواسراون. د.نەزاكەت دەڵێت :"زۆربەی رێكلامەكان لاوازن و زانستی نین، هونەری ریكلامسازیشیان تێدا بەكارنەهاتووە. بۆیە ئەگەر حیزبەكان بەتەمای ئەو رێكلامانەی سەر جادەكان بن، ناتوانن بڕوا بە 20%ی دەنگدەرانیش بهێنن. پۆستەری هەموو بەربژێرەكان لەڕووی قەبارە و شێوەوە لەیەكدەچن. ئەمەش رێگایەكی زۆر لاوازە بۆ ریكلامكردن و بەهەدەردانی پارەیەكی زۆرە، كە ئەم شێوازە لە وڵاتان مۆدیلی نەماوە. لە ئەوروپا حیزبەكان لەبری پۆستەری ئەم هەموو بەربژێرە، چەند شاشەیەكی گەورە لە شوێنی جیاجیا دادەنێن و دروشمە واقعییەكانیان بڵاودەكەنەوە. هەروەها لەڕێگەی گفتوگۆوە بڕوا بە وەرگر دەهێنن کە دەنگیان پێبدەن".
بەربژێرەكان كەمتر راوێژ بە كەسانی شارەزا لە بواری رێكلام و بانگەشە دەكەن، كە بە گوتەی د.نەزاكەت حەمەسەعید، ئەمەش هۆكاری لاوازی بانگەشەكانیانە: "لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خولی راهێنانمان بۆ بەربژێرەكان كردەوە، بەڵام بەداخەوە بەربژێرەكان پارەیەكی زۆر لە هەڵواسینی پۆستەر و فلێكسدا خەرجدەكەن و ئامادەنین پارەیەكی كەم بدەنە راوێژكارێكی شارەزا و خولێكی ئەكادیمی و زانستی ببینن و هەر رێگە تەقلیدییەكان دەگرنەبەر و ژمارەیەكی زۆر كەمی بەربژێرەكان بڕوایان بە راوێژ و رێگا زانستی و ئەكادیمییەكان هەیە".
عومەر زۆرباش، ساڵانێكە لە چاپخانەكەی كاری چاپەمەنی دەكات و شارەزاییەكی باشی لە رێكلام و بانگەشەی هەڵبژاردن پەیداكردووە. ئەو پێیوایە هەڵواسینی پۆستەر و فلێكس بە رێژەیەكی زۆر رێگایەكی گونجاو نییە بۆ بانگەشە. زۆرباش دەڵێت: "هەڵواسینی پۆستەر تەنیا بۆ وەبیرهێنانەوەی كەسانی ئاشنا و دەوروبەری بەربژێرەكەیە، كە ئەو كەسە خۆی هەڵبژاردووە بۆ پەرلەمان".
عومەر لە دیزایین و شێوازی پۆستەرەكان رازی نییە و پێیوایە سەرنجڕاكێش نین "لە زۆربەی دیزاینی پۆستەری بەربژێرەكاندا كە لەسەر شەقامەكان دەیانبینم رازی نیم، چونكە زۆربەیان توند و رەق و زەق و وشكن. چاو هیلاك دەكەن. بۆیە دەبێ باكگراوندی وا دابنرێت كە وەرگر بێزار نەكات و ئامانجەكە لەبیرنەكات". هەروەها دەڵێت: "پۆستەری هەموو بەربژێرەكان لە شێوەدا وەكو یەكن. چونكە ئامانجی زۆربەی بەربژێرەكان ئەوەیە وەرگر بزانێت كەسایەتییەكە كێیە، سەر بە چ لیستێكە و ژمارەكەی چەندە؟"
بە بڕوای عومەر زۆرباش پێویستە بەربژێرەكان راوێژ بە كەسانی شارەزا بكەن "زۆرینەی بەربژێرەكان هیچ لە دیزاین نازانن و پێویستە راوێژ بە كەسانی شارەزا بكەن. لەم هەڵبژاردنەدا پۆستەر و برۆشوور و فلێكس و كارتی كەسی بۆ 46 بەربژێر ئامادە دەكەین، بۆ هەمووشیان دیزایین و شێوازی جیاجیامان داناوە تاوەكو لەیەكتری نەچن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ