دادگەی تاوانی هەولێر پێنج کەسی دیکەی لەسەر کوشتنی هاوکار جاف سزادا

20-06-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
نیشانەکردن هاوکار جاف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگای تاوانی هەولێر ئەمڕۆ پێنج کەسی دیکەی لەسەر کەیسی کوشتنی هاوکار جاف سزادا، دوو لە تاوانبارەکان بە زیندانی هەتاهەتایی سزادران.
 
حوسام بارزان بەرزنجی، پارێزەر لە کەیسی کوشتنی هاوکار جاف، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئەمڕۆ دادگای تاوانی هەولێر سزای پێنج کەسی دیکەی لەسەر کەیسی کوشتنی هاوکار جاف دا، دوو کەس لە سزادراوەکان بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی و سێ کەسیان، هەریەکەیان بە حەوت ساڵ زیندانیکردن".
 
ناوی سزادراوەکان و ماوەی سزاکەیان بەگوتەی پارێزەرەکە:
 
ياسر فەيسەڵ حوسێن / زیندانیکردنی تاهەتایی
سەرمەد نەجمەدين رەشيد / زیندانیکردنی تاهەتایی
ئەحمەد فەيسەڵ حوسێن / 7 ساڵ زیندانی
عەلی هاشم ئەحمەد / 7 ساڵ زیندانی
رەنجدەر ئیسماعيل نەجم / 7 ساڵ زیندانی
 
سزادانی ئەو پێنج کەسە لەکاتێکدایە دادگەی تاوانی هەولێر (یەکشەممە، 4-6-2023) بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس لەوانە دەرکرد کە تۆمەتبار بوون بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر. 
 
محەممەد جاف، برای هاوکار جاف ئەوکاتە بە رووداوی گوتبوو "ئەوانەی ئەمڕۆ (4-6-2023) بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، ئەوانەن کە جێبەجێکاری راستەوخۆی پلانی کوشتنەکەن و ئەوانەی ماون، ئەوانەن کە چاودێری و بەدواداچوونیان کردووە و لەداهاتوودا بڕیاریان بۆ دەردەچێت".
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا. 
 
12-10-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسەی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار کرد و گوتی، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، تیمەکە پێکهاتوون لە "10 تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانین و بریتین لە؛ تیمی چاودێری بە سەرپەرشتیی تۆمەتباری دەستگیرکراو (یاسر فەیسەڵ حوسێن، بەرپرسی وێستگەی دژەتیرۆری سلێمانی لە هەولێر) لەگەڵ 5 تۆمەتبار لە تیمی چاودێری کە دەستگیرکراون بەناوەکانی (سەرمەند نەجمەدین رەشید، ئەحمەد فەیسەڵ حوسێن، عەلی هاشم ئەحمەد، رەنجدەر ئیسماعیل نەجم و عەلی حوسێن شوکر)".
 
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتکردنەوە و رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەینەوە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار لەبارەی سەگی هار

ئەنجوومەنی باڵای فەتوا: لەناوبردنی سەگی هار رێگەپێدراوە

منداڵێک لە کەرکووک بەهۆی پەلاماردانی کۆمەڵێک سەگی بەرەڵڵا، گیانی لەدەستدا. قایمقامییەتی کەرکووک لە رێگەی دوو لیژنەوە کار لەسەر سەگی بەرەڵڵا دەکات و دەڵێت "ئەو سەگەی پەلاماری منداڵەکەی دا، لەنێوبرا." ئەنجوومەنی باڵای فەتواش لەسەر کوشتنی سەگی زیانبەخش و هار دەڵێت "رێگەپێدراوە".