سامانی ئاژەڵی دهۆک: بەرهەمی ماسی لە پارێزگاکە 65٪ـی خواستی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە

20-04-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی دهۆک دەڵێت، لە سنووری پارێزگاکە 347 پڕۆژەی پەلەوەری و 5 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن. دەشڵیت، 58 پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هەن و ئێستا پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی سامانی ماسی لە بەنداوی موسڵ جێبەجێدەکرێت و بە تەواوبوونی، بەرهەمی ماسی دەگاتە ئاستی خۆبژێویی.
 
رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە دهۆک بە رادیۆی رووداوی گوت، بەهۆی شێلووبوونی ئاو، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر ماسی لە کێڵگەکانی ماسی لە ناوچەکەدا لەنێوچوون کە ئەویش هۆکارەکەی پاشماوەکانی پاڵاوگەکانی ناوچەی کواشێ بوون.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، کێڵگەکانی بەخێوکردنی ماسی لە سنووری پارێزگاکە توانای دابینکردن و پڕکردنەوەی نزیکەی 65٪ـی خواستی نێوخۆییان هەیە.
 
رێدیر سدقی گوتیشی، لە سنووری پارێزگای دهۆکدا 347 پرۆژەی بەخێوکردنی مریشک بۆ گۆشت و 5 پرۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، هەروەها 58 پرۆژەی ماسی هەن کە ساڵانە نزیکەی 65٪ـی خواستی نێوخۆیی پڕدەکاتەوە.
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی دهۆک ئاماژە بەوە دەکات، "ئێستا پرۆژەیەکی وەبەرهێنانی سامانی ماسی لە بەنداوی موسڵ کاری تێدا دەکرێت، ئەگەر تەواو بێت دەگەینە ئاستی خۆ بژێویی لە سامانی ماسی، لەکاتی تەواوبوونی پرۆژەکەدا ساڵانە زیاتر لە 1500 تۆن بەرهەمی ماسیمان دەبێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە