هەسەدە دەستگیرکردنی بەرپرسێکی "مەترسیدار"ی داعش رادەگەیێنێت

20-04-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دوای ئەوەی کە داعش بەرپرسیاریێتی خۆی لە هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیاند، هەسەدە دەستگیرکردنی ئەندامێکی باڵای ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە رادەگەیێنێت. 
 
لە راگەیێندراوێک کە درەنگانی شەوی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، هەسەدە دەڵێت: "یەکینە تایبەتەکانی هەسەدە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە گوندەواری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر سەرکردەیەکی پێشووی داعشیان دەستگیرکرد."
 
هەر لە رۆژی چوارشەممە، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێک بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی هەسەدە لە دێرەزۆر راگەیاندبوو و گوتبووی ژمارەیەک شەڕڤانیان بریندارکردووە. هەسەدە باس لەوە دەکات، ئەو ئەندامە باڵایەی داعشیان بە پشتیوانیی ئاسمانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ناوچەی جەدید بەکارە دەستگیرکردووە.
 
بە گوتەی هەسەدە، چەکدارەکە "بەرپرس بووە لە گواستنەوەی چەک، بۆمبی چێندراو و پارە بۆ شانەکانی رێکخراوەکە لە ناوچەی دێرەزۆر و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها لە نەخشەدانان بۆ هێرشەکانی ئەو شانانەی کە سەرپەرشتیی کردوون، چالاک بووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هەروەها باس لەوە کراوە، هەسەدە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ "پاراستنی سەقامگیریی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و پاراستنی خەڵکەکەی لە رێگەی لێدان لە شانەکانی داعشی تیرۆریست و دەستگیرکردنی سەرکردە و ئەندامەکانی کە هەڕەشە لە دانیشتووان دەکەن و هێرش لە دژی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و دامەزراوە ئیدارییەکان لە ناوچە جیاجیاکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدەدەن."
 
رۆژی چوارشەممە، ئاژانسی ئەعماقی زمانحاڵی داعش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، چەکدارەکانی گرووپە پەڕگیرەکە خاڵێکی پشکنینی هەسەدەیان لە شارۆچکەی حەرێجی لە ناوچەی سوڕ-ی پارێزگەی دێرەزۆر کردووەتە ئامانج. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی داعش، ژمارەیەک شەڕڤانی هەسەدە لە هێرشەکەدا برینداربوون. 
 
17ـی ئەم مانگە، داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێکی دیکەی بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی هەسەدە لە باشووری حەسەکە راگەیاندبوو. 
 
ئاداری 2019، بە پشتیوانیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، هەسەدە سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوە پەڕگیرەکەدا راگەیاند و لە شەڕێکی خوێناوی و سەختدا، شارۆچکەی باغۆزی لە رۆژهەڵاتی دێرەزەۆر کۆنترۆڵکردەوە، بەوەش شتێک نەما بە ناوی خەلافەتی داعش.
 
دوای باغۆز، هەزاران چەکداری داعش دەستبەسەرکران و گوێزرانەوە بۆ زیندانەکان، کەسوکارەکانیشیان لە کەمپەکانی هۆل و رۆژ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر خرانە ژێر چاودێرییەوە. 
 
بەڵام ژمارەیەک لە چەکدارەکان خۆیان لە ناوچە بیابانییەکانی سووریا و ناوچە شاخاوییەکانی عێراق و باشووری کوردستان حەشاردا و لەو کاتەوە هێرشی ناوبەناو بۆسەر هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە ئەنجامدەدەن. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر رێکخراوەکە و لەو کاتەوە ژمارەیەک سەرکردە و ئەندامی باڵای لێ کوشتوون. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، 7 چەکداری داعشیان لە عێراق و سووریا کوشتووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە