رووداو دیجیتاڵ
بەهار کاراتاش و فاتیح ئەرگون، هاوسەرۆکانی ناوچەی ئەسەنیورتی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە شاری ئیستەنبووڵ هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بەهار کاراتاش و فاتیح ئەرگون، هاوسەرۆکانی ناوچەی ئەسەنیورتی دەم پارتی و دەستبەسەریانکردن و ماڵەکانیان پشکنین.
میدیای فەرمی تورکیا رایگەیاند، بەهار کاراتاش و فاتیح ئەرگون لە بارەگای ئەسەنیورتی دەم پارتی بە تۆمەتی "بانگەشەکردن بۆ تیرۆر" دەستبەسەر کراون.
رێکخستنی دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ لە هەژماری فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنەکانی پاکتاوی سیاسی حکومەت بەردەوامە. بەیانی ئەمڕۆ پۆلیس بە شێوەیەکی نایاسایی هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکەمان لە ناوچەی ئەسەنیورت و پشکنیان. بەهار کاراتاش و فاتیح ئەرگون، هاوسەرۆکانی ناوچەی ئەسەنیورتی پارتەکەمان لە ماڵەکانیان دەستبەسەرکراون. ئێمە لە بەرامبەر هێرشەکانی دەسەڵات ملکەچ ناکەین کە ئامانجی تاوانبارکردنی پارتەکەمانە".
لە تورکیا و باکوری کوردستان رۆژانە هێزە ئەمنییەکان هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە "پاساوی ئەندامبوون لە پەکەکە" هاونیشتمانیانی مەدەنی و چالاکڤان و سیاسەتڤانانی کورد دەستگیر دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ