رووداو دیجیتاڵ
کۆچی دوای فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەر زوو تۆڕەکۆمەڵاتییەکانی تەنی، لە تویتەر باڵیۆزخانە و کۆنسوڵخانەی گشتی وڵاتان، دەزگا حکومی و رێکخراوە ناحکومییەکان هاوخەمیان دەربڕی و پەیامی سەرەخۆشیان لە خانەوادەی کۆچکردوو کرد.
کۆنسوڵگخانەی ئەمریکا لە هەولێر دەڵێت، سەرجەم کارمەندانی کۆنسوڵخانە پرسەدەگێڕن بەبۆنەی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر.
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر کۆچی دوایی فرسەت سۆفی بە تراژیدی ناودەبات و دەڵێت، پارێزگارەکەی هەولێر بەجیدی کاری دەکرد و خەڵک خۆشیان دەویست.
خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بیستنی کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر شۆکبوونی خۆیان بەم هەواڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربڕی. سەردار ئازاد دەڵێت، " ئومێدی هەژاران و ئاوەدانی شار رۆیی". هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی سەیفەدین هادی دەڵێت، "هەولێر پیاوێکی باش و چالاکی لەدەستدا".
ستۆری فەیسبووک بەشێکی بووە دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکاری پارێزگاری کۆچکردوو، کۆمێنتەکانی فرسەت سۆفی کە دەڵێت، "من کوڕە جووتیار و هەژارم" بەشێک لە قسەکانی بوو کە ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستیان کرد.
فرسەت سۆفی دوای مانگێک لە تووشبوونی بە کۆرۆنا لە تەمەنی 41 ساڵی لە وڵاتی تورکیا گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاک دەسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ