تورکیا کوژرانی سێ سەربازی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند

27-11-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن شەڕی تورکیا و پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
سوپای تورکیا کوژرانی سێ سەربازی لە رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، چوار سەربازیان کوشتوون. 
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 27ـی تشرینی دووەمی 2023، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کوژرانی سێ سەربازی بەناوەکانی فەوزی کزڵتاش، ئێمراهـ گوندوز و نەجدەت چالیش و برینداربوونی سەربازێکی دیکەی لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەکانی مەتین، زاپ، ئاڤاشین لە خاکی هەرێمی کوردستان راگەیاند. 
 
بەمەش، وەک لە راگەیێندراوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتنە 113 سەرباز.
 
هەرچەندە وەزارەتی بەرگریی تورکیا باسی لە رۆژی رووبەڕووبوونەوەکان نەکردووە، بەڵام ئاماژەی بەوەداوە، سەربازەکان برینداربوون و چەند رۆژێک بۆ چارەسەرکردنی برینەکانیان، لە نەخۆشخانەدا چارەسەریان وەردەگرت و نیوەشەوی رابردوو، گیانیان لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەپەگە کە رۆژی 25ـی مانگ بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 48 کاژێری پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەدا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا چوار سەرباز کوژراون. 
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە و تائێستا بەردەوامە.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 772 گەریلا و کوژرانی 113 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی سێ هەزار و 61 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 395 گەریلای راگەیاندووە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە