لە سایلۆکانی کەرکووک زیاتر لە 100 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە

24-05-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن گەنمی جووتیاران کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سایلۆکانى کەرکوووک لە دوو هەفتەدا زیاتر لە 100 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە، زیاتر لە 40 ملیار دیناریش بۆ کڕینەوەی گەنمەکە گەیشتووە.
 
وەرگرتنى گەنم لە جووتیارانى کەرکووک لە 10ى ئایاری ئەمساڵەوە دەستیپێکردووە، چوار سایلۆى شارەکە بۆ وەرگرتنەوەی گەنم تەرخانکراون.
 
حەسەن حەمدى، بەڕێوەبەرى سایلۆى گشتیى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، تاوەکو 24ى ئایار، 100 هەزار و 238 تۆن گەنم لە جووتیارانی کەرکووک وەرگیراوە، پرۆسەکەش تاوەکو زیاتر لە 30 رۆژى دیکە بەردەوام دەبێت.
 
وەزارەتى بازرگانیى عێراق بۆ هەر تۆنێک گەنم 850 هەزار دینار بە جووتیاران دەدات، بەگوێرەى پێشبینى بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى کەرکووک، بەرهەمى گەنمى ئەمساڵی پارێزگاکە دەگاتە نزیکەى 600 هەزار تۆن.
 
حەسەن حەمدى گوتى: "راستەوخۆ لەگەڵ وەرگرتنى گەنم لە جووتیاران، چەکى بانکییان بۆ دەکرێت، تاوەکو ئێستا 40 ملیار دینار گەیشتووە بۆ کڕینەوەى گەنم".
 
ئەو 40 ملیار دینارە بەشى کڕینەوەی 47 هەزار تۆن دەکات، بەڕێوەبەرى سایلۆى گشتیى کەرکووک دەڵێت: "بەردەوام لەگەڵ وەرگرتنى گەنم پارەى دیکەمان بۆ دێت".
 
ساڵى 2023 بڕى گەنمى بەرهەمهێندراو لە کەرکووک 800 هەزار تۆن بوو، کە سێ ئەوەندەى ساڵى پێشتر بوو، بەڵام جووتیاران 650 هەزار تۆنیان رادەستی وەزارەتى بازرگانیی عێراق کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە