رووداو دیجیتاڵ
نووسراوێک دەریدەخات کە بەغدا داوای لە هەولێر کردووە زانیاریی فەرمانبەرانی بۆ بنێرێت تاوەکو لە بانکە حکومییەکانی عێراق هەژماریان بۆ بکرێتەوە بۆ ئەوەی فەرمانبەران بتوانن هەر لە هەرێمی کوردستان لەو بانک و شوێنانە مووچەکەیان وەربگرن کە لە لایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێ دراوە.
وێنەیەکی نووسراوەکە رۆژی هەینی لە واشنتن، لە لایەن تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقەوە بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە ئەمریکا درا.
بەگوێرەی نووسراوەکە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، ناو و زانیاریی فەرمانبەرەکانی، "خێرا" بنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەیان بخرێتە سەر بانکە حکومییە فیدراڵییەکان، کە ئەوانیش بریتین لە بانکی عێراق بۆ بازرگانی (تی بی ئای)، بانکی رەشید و بانکی رافیدەین.
نووسراوەکە کە 7ی نیسان بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە، ئاماژە بەوە دەکات، فەرمانبەری هەرێمی کوردستان ئازادە کام یەک لەو سێ بانکە هەڵدەبژێرێت، لەو بانکانە کارتیان بۆ دروست دەکەن و مانگانە مووچەیان بۆ دەنێرن تاوەکو لە لقی بانکەکان و نووسینگە مۆڵەتپێدراوەکانی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان پارەکەیان وەربگرن.
نووسراوەکە دەڵێت، بە پێی بڕیاری دادگەی فیدراڵی، "پێویستە مووچە بخرێتە سەر بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێم[ی کوردستان]، بەو پێیەش پێویستە خێرا زانیاریی پێویست کە وردەکارییەکانی لە خوارەوە ریزکراون، بۆمان دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانین رێکارەکانی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران بۆسەر بانکە حکومییەکان تەواو بکەین و لەسەر خواستی فەرمانبەر یەکێک لە سێ بانکە حکومییەکان هەڵبژێرین".
وەزارەتەکە داوای ناوی چواری، رۆژی لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشانی نیشتەجێبوون و کۆدی پیشەیی فەرمانبەرانی کردووە بۆ ئەوەی "لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە، بانکەکان کارت دروستبکەن کە لە رێگەی ئەپلیکەیشنێکی تایبەت بە بانکەکانەوە لەسەر مۆبایل چالاک دەکرێت. دوای تەواوبوونی دەرکردنی کارتەکان، بانکە حکومییەکان بە پێی شایستەکانیان، مووچە دەنێرنە سەر ئەو کارتانە"، فەرمانبەرانیش دەتوانن لە لقی بانکە ئەهلییەکان کە بانکی ناوەندی مۆڵەتی پێداون یانیش لە نووسینگە تایبەتمەندەکانەوە "کە بە بەربڵاوی لە هەرێم"ی کوردستان هەن، مووچەکەیان وەربگرن.
"بەغدا لە ناردنی مووچە بەردەوام دەبێت"
تەیف سامی، هەر لە رۆژی هەینی، بە رووداوی راگەیاند، لەسەر ناردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن.
خانمە وەزیرەکە بە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، لەسەر ناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبین."
بە گوتەی تەیف سامی، مووچەی هێزە ئەمنییەکانیش لەگەڵ مووچەکانی دیکە دەنێرن.
ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵیان وەرگرتووە. حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی ئەوەیە کە لە رۆژانی داهاتوودا مووچەی مانگی نیسانیش بنێردرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی بکات.
لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن؛ لەو ژمارەیە 751 هەزار 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازی و شارستانین. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مانگانە بۆ پێدانی مووچە زیاتر لە 940 ملیار دیناری پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ