رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆکان بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی هەڵبژاردن بەردەوامە، لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان نیوە بە نیوە بە لیستی نیمچەکراوە و لیستی داخراو بکرێت.
بەهۆی نەبوون و کەمیی پسپۆڕی پێویست و جیاواز بۆ لیژنەکانی پەرلەمان بە تایبەتی کە لەم خوولەدا گرفتبووە، لایەنەکان دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو نیوەی کورسییەکانیان بە داخراوی هەڵبژێردرێن و خۆیان پەرلەمانتارەکان دیاری بکەن.
هاوار محەممەد، بەرپرسی یاسایی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەشێوەیەکی گشتی ئێمە رێککەوتووین، تەنیا هەندێک وردەکاری ماوەتەوە، ئێستا لیژنە هونەرییەکانمان سەرقاڵی ئەوەن گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکەن بۆ ئەوەی بگەینە ئاراستەیەکی هاوبەش و هەمووان لەسەری کۆکبن، بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان کاری لەسەر بکرێت.
رووداو زانیویەتی پارتی پێشنیازی کردووە، هەر لایەنێک لیستێکی نیمچەکراوە و لیستێکی داخراو پێشکێشی کۆمیسیۆن بکات، بەجۆرێک نیوەی بەربژێرە دەرچووەکان راستەوخۆ بە دەنگی خەڵک دەربچن و نیوەکەی دیکەش بە دەنگی هاتووی قەوارەکە ببنە پەرلەمانتار، بەڵام لایەنەکانی دیکە یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پرۆژە هاوبەشەکەیان پێشنیازیانکردووە، یەک لیستی بەربژێران پێشکێشبکرێت و نیوەیان بەگوێرەی دەنگی بەدەست هاتوو، نیوەی دیکەش بەگوێرەی ریزبەندی ژمارەی بەربژێرەکان ببنە پەرلەمانتار.
بێستوون حەمەساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردن و ئاماری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە رووداوی گوت: لیستەکە نیوەی بە داخراو، نیوەی بەکراوە دەبێت، ئێمە بۆ وردەکارییەکەی هاتین باسی رێژەی دەنگی هەڵبژاردنمان کرد، ئەوانەی کە رێژەی دەنگی بازنە تێدەپەڕێنن راستەوخۆ دەردەچن، پاشان دێین نیوەی بەسەر زۆرترین دەنگ و نیوەشی ئەوانەی لە ریزبەندی لیستەکانن دابەشدەکرێن.
هەڵبژاردنی خوولی یەکەم، دووەم و سێیەمی پەرلەمان بە لیستی داخراو کراوە و لایەنەکان پەرلەمانتارانیان دیاریکردووە، خوولی چوارەم و پێنجەمیش بە لیستی نیمچەکراوە بووە و دوای دیاریکردنی لایەنەکە راستەوخۆ دەنگ بە بەربژێرەکان دراوە، بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووش بە تێکەڵەی هەردوو لیست بکرێت.
ئەگەر سەیری سیڤی پەرلەمانتارانی ئەم خوولەی پەرلەمان بکەین، دەبینین لە بوارەکانی یاسا، دارایی و ئابووری، وەزە و سامانە سرووشتییەکان و کشتوکاڵ هیچ خاوەن بڕوانامەیەکی باڵا وەک دکتۆرا و پرۆفیسۆر نییە، تەنانەت لە لیژنەکانی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان و هەروەها شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندنیش، هیچ پەرلەمانتارێک خاوەنی بڕوانامەی ئەندازیاری نییە.
بەشێک لە 19 لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان هیچ کام لە سەرۆک، جێگر و بڕیاردەرییان پسپۆڕی خۆیان نییە لەوانە:
- سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری پسپۆڕییەکەیان لە بوارەکانی راگەیاندن و کاری رێکخراوەییە.
- لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان پسپۆڕییەکەیان لە یاسا، سەربازی و ئابوورییە.
- لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان پسۆڕییەکەیان لە یاسا، ئابووری و پێشمەرگەیە.
- لیژنەی شارەوانی، گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، پسپۆڕییەکەیان لە یاسا و زانستە کۆمەڵایەتییەکانە.
لەم خوولەی پەرلەماندا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەبوون یان کەمیی پسپۆڕ و خاوەن بڕوانامەی باڵا بە تایبەتی لە یاسا، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆردێکی پێکهێناوە و گرێبەستی لەگەڵ شەش پرۆفیسۆری یاسایی و پرۆفیسۆرێکی ئابووری کردووە، بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لیژنەی یاسایی و راوێژکارانی یاسایی پەرلەمان، بەشداربن لە راوێژ، داڕشتن و ئامادەکردنی پرۆژە و پێشنیازە یاساکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ