نێچیرڤان بارزانی لە میونشن: کە گەڕامەوە لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی هەڵبژاردن کۆدەکەمەوە

19-02-2023
سۆران حوسێن
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پەیوەندیی هەولێر و بەغدا تەوەری بنەڕەتی بووە لە کۆبوونەوەکانیدا لە میونشن. گوتیشی وڵاتان هانی هەرێمی کوردستان دەدەن کێشەکانی نێوخۆیان چارەسەربکەن. نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، کە لە ئەڵمانیا گەڕایەوە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و پێکهاتەکان کۆدەبێتەوە بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن.
 
رۆژی یەکشەممە، 19-2-2023، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسە بەشداربووەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و کێشەکانی پارتی و یەکێتی و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، سوپاسی بەردەوامی هەموو ئەو وڵاتانەیان کردووە لە شەڕی دژی تیرۆر پشتیوانییان لە هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا گوتی ئەوان پێیانوایە هێشتا مەترسیی هەڕەشەکانی داعش کۆتاییان نەهاتووە. گوتیشی: "جەختمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەکانی خۆی بەگوێرەی دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی دەستووردا لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات".
 
لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن هەموو پڕۆسەی سیاسیی و شەرعییەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەبەر ئەوە من هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەم بابەتە بە گرینگ و جیدیی وەربگرن؛ من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە ئەو بەرپرسیاریەتییە یاساییەم لەسەرشانە بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکەم".

 

 
لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، کێشە هەیە لەنێوانیان، بەڵام هەموو ئەو کێشانە لەو ئاستەدا نییە کە نیگەرانییەکی گەورەی هەبێت و دەڵێت، "من نامەوێ کەمی بکەمەوە لەوەی کە کێشە نییە، من نامەوێ ئەوە بە کەم ببینم و کە هەموو شتەکان رێکوپێکن، وانییە، چونکە کێشە هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا گەیشتووینەتە ئاستێک کە هەڕەشەیەکی زۆر گەورە هەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان، من پێموایە نا."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر قسەی کرد و باسی لەوەش کرد، "دەبێ هەرێمی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکان ئەوە بزانن کە هەموومان پێکەوە دەتوانین کار بکەین و ئەگەر پێکەوە نەبین ناتوانین هیچ بۆ هەرێمی کوردستان بکەین. ئەم پەیامە دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکان بزانن، ئێمە دەبێ یەکتر قبوڵ بکەین. راستە جیاوازیمان هەیە و راستە حیزبی جیاوازیشمان هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا ئێمە وڵاتێکمان هەیە و ئەم وڵاتە و ئەم میلـلەتە دەمێننەوە، هێزە سیاسییەکان پێویستە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بڕیار بدەن."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەرچەندە نیگەرانە لەوەی کە کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی دواکەوتن، بەڵام گەشبینە بەوەی کە لە داهاتوویەکی نزیکدا جارێکی دیکە ئەو دوو حیزبە کۆببنەوە.

 

 
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن:
 
بەخێربێن؛ هاتنی ئێمە بۆ میونشن، بەگشتی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە چی میونشن یان داڤۆس دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان کە بتوانێت بیر و بۆچوونی خۆی بەشێوەیەکی ئاسایی و بەبێ پرۆتۆکۆڵی زۆر بگەیێنێتە هاوبەشەکانی خۆی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئەم دیدارانە گرنگن لەبەر ئەوەی ئەوان لە بۆچوونەکانی هەرێمی کوردستان ئاگاداربن و هەرێمی کوردستانیش لە بۆچوونەکانی ئەوان، لەم کۆنفرانسەدا ئێمە کۆمەڵێک دیدارمان ئەنجامدا، دیدارەکان زیاتر ئەوانەبوون کە زیاتر پەیوەندییان بە ئێمەوە هەیە، زیاتر سەرنج بوو لەسەر پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بەغدا، تەوەرێکی بنەڕەتی بوو لە کۆبوونەوەکانی ئێمە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی دەیانەوێت یارمەتی بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان کوردستان و بەغدا، چونکە ئەوان پێیانوایە و دروستیش ئەوەیە، کە زۆر گرنگە لە رووی سیاسییەوە سەقامگیریی لە وڵاتادا هەبێت، بە چارسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا ئەو سەقامگیرییە سیاسییە لە عیراق بە شێوەیەکی باشتر جێبەجێ دەبێ کە ئەمە دروستە، ئێمە جەختمان بۆ هاوبەشەکانمان کردەوە کە هەرێمی کوردستان پشتگیریی لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی نوێی عێراق دەکات، هەرێمی کوردستان دەیەوێت کێشەکانی خۆی بەگوێرەی دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی دەستووردا لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات، ئێمەش هیوادارین بەغدا هەمان بۆچوونی هەبێت و هەوڵێکی جیدیی بدات بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان.
 
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکانی میونشن سەرنجدانە لەسەر شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، لەم چوارچێوەیەشدا بابەتی وزە بابەتێکی گرنگە بەلای ئەم وڵاتانەوە، بە دڵنیاییەوە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش لە چوارچێوەی عێراقدا دەتوانێت ئەگەر ڤیژنێکی رێکوپێک و دروست لە عێراق هەبێت دەتوانێت یارمەتییەکی گەورەبدات لەو رووەوە؛ ئەمەش تەوەرێک بوو کە ئێمە لە کۆبوونەوەکانمان باسمان کرد.
 
پێتان دەڵێم ئەم کۆبوونەوانە دەرفەتن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بە ماوەیەکی کورت ئەو شاندانە ببینین و قسەیان لەگەڵ بکەین، ئەوەی من دەیبینیم هەرێمی کوردستان جێگەی تایبەتی خۆی هەیە بەڕاستی، بەشێوەیەکی گشتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێگەی تایبەتی خۆی هەیە، تاوەکو ئێستاش بابەتی تیرۆر و هەڕەشەی داعش بە هەڕەشەیەکی جیدیی دەزانن، ئەمەش رێک وەکو بۆچوونی ئێمەیە، ئێمەش پێمانوانییە داعش تەواونەبووە، پێمانوایە ئێستاش داعش دەتوانێت هەڕەشەیەکی جیدیی بێت بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق، ئەمەش تەوەرێکی دیکە بوو کە باسمان کردووە لە کۆبوونەوەکانی خۆمان. 
 
هاندانی هەموو ئەو شاندانەی ئێمە بینینمان ئەوەیە، کە کورد پێویستە یەکڕیز بێت، کورد پێویستە کێشەی نێوخۆیان لە لەنێوخۆیان چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی کوتلەیەکی بەهێزبن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی لەگەڵ بەغدا هەیانە، ئێمەش جەختمانکردەوە، کە راستە لەگەڵ بەغدا کێشە هەیە و نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەوەندە گەورەنین کە نەتوانین چارەسەریان بکەین؛ ئەمە پوختەیەکی کۆبوونەوەکانی ئێمە بوو لە میونشن.

 

 
دەقی پرسیاری رۆژنامەڤانان و وەڵامی نێچیرڤان بارزانی:
 
جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 25 کۆبوونەوەتان هەبوو، پێگەی هەرێمی کوردستان چی رۆڵێک دەگێڕێت بۆ هاوکاریی هاوپەیمانان و وڵاتانی رۆژئاوا لە بواری ئاسایش، وزە و تیرۆر؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بابەتی ئاسایش و تیرۆر بابەتێکی هاوبەشی هەموو لایەکمانە، هەڕەشەی تیرۆر لە کوردستان و عێراق، لە وڵاتانی رۆژئاواش هەیە، بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەزموونێکی زۆرمان لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکا هەیە، لەم کۆبوونەوانە سوپاسمان کردن، سوپاسی پشتیوانی بەردەوامیی هەموو ئەو وڵاتانەمان کرد کە پشتیوانی ئێمەیان دژی تیرۆر و ترسناکیی تیرۆر لەسەر عێراق و وڵاتانی رۆژئاوا کردووە؛ ئەوەی هەستمان کرد ئەوانیش تێدەگەن کە ئەم بابەتە کۆتایی نەهاتووە، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕی بۆ ئەوەی هاوکاربین، بۆمان روونکردنەوە کە لە 2014ـەوە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانمان و گەلی ئێمە چی رۆڵێکی بینیوە بۆ تێکشکاندنی تیرۆر و بە دڵنیاییشەوە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو سیاسەتە.
 
کەی کاتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکەن؟ کەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: بابەتی هەڵبژاردن؛ بەداخەوە دەبووایە پار هەڵبژاردن بکەین، بەڵام بە هەندێک هۆکار نەکراوە، هیوادارین ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت، سیاسەتی ئێمە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، کە گەڕاینەوە لە میونشن دەستدەکەین بە هەندێک دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بابەتی هەڵبژاردن بابەتی سەرەکی دەبێت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی دیکە، ئێمە پابەندین بە هەندێک کات، من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکەم، دەبێت هەڵبژاردن  بکرێت، ئەمە شتێکە کە زۆر بەداخەوە نەکراوە، نەبوونی هەڵبژاردن هەموو پڕۆسەی سیاسی و  شەرعیەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەبەر ئەوە من هیوادارم هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەم بابەتە بە گرنگ و جیدیی وەربگرن؛ من وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە ئەو بەرپرسیاریەتییە یاساییەم لەسەرشانە بەش بە حاڵی خۆم پێویستە بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێی بکەم.
 
بەڕێزتان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، لەو باوەڕەدان کێشەی نەوت و بودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر ببێت؟ کەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە؟
 
نێچیرڤان بارزانی: لێرە لەگەڵ سەرۆکوەزیران کۆبووینەوە، هاوڕابووین کە ئەم بابەتە بە زوویی چارەسەر بکەین، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەفتەی رابردوو لە بەغداد بوون، پێمگوتن ئێمە دەمانەوێت و جیدیین لەوەی لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا کێشەکان چارەسەربکرێن، هیوادارم چارەسەربکرێن، چونکە رێگەیەکی دیکەمان نییە، ئەم حکومەت کە دروستبوو لە ئەنجامی هاوبەشیی نێوان کورد و لایەنەکانی شیعە و سووننە دروستبووە؛ ئێمە لەسەر بەرنامەیەک رێککەوتووین و نووسراومان هەیە و واژۆمان کردووە، ئەگەر لایەنەکانی دیکە نایانەوێت پابەندی ئەو رێککەوتنە بن ئەوکاتە هیچ مانایەک بۆ مانەوەی ئێمە وەکو کورد لەنێو ئەم حکومەتەدا نامێنێتەوە، پێموایە لەمە تێدەگەن، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین ئەو رێککەوتنەی نووسیومانە و نەخشەڕێگەی هەموو کێشەکانی تێدا جێبەجێ بکرێت. ئەوەی کە جیاوازە کە باسی دەکەین لەگەڵ حکومەتەکانی پێشوو ئەوەیە بۆ یەکەمجارە رێککەوتنێکی نووسراومان هەیە، لەو نووسراوەدا هەموو چارەسەرییەک دیاریکراوە، هەم سەرۆکوەزیران و هەم لایەنەکانی شیعە و سوننە و لایەنەکانی کوردستان خۆیان پابەند ببینن بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، هێشتا زۆر زووە و چوار مانگە سەرۆکوەزیران دەستی بەکار کردووە، ئێمە کەیف خۆشین و دەمانەوێت ئەم کێشانە بە دیالۆگ و لەچوارچێوەی دەستووری عیراقدا چارەسەر بکرێت؛ رێگەی دیکەمان نییە و دەبێت چارەسەر بکرێن.
 
سەبارەت بە بابەتی پارتی و یەکێتی؛ پێمگوتن کە کێشە هەیە، بەڵام هەموو ئەو کێشانە ئەوە نییە کە نیگەرانییەکی یەکجار زۆر گەورەی لێبکەوێتەوە؛ من نامەوێت کەمی بکەمەوە لەوەی کە کێشە نییە و بابەتەکان هەموویان رێکوپێکن، نا وانییە.. کێشە هەیە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە گەیشتووینەتە جێگەیەک کە هەڕەشەیەکی گەورە بێت لەسەر هەرێمی کوردستان؟ من پێموایە نا؛ بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پێویستە هەموو هەرێمی کوردستان و پێکهاتە سیاسییەکان بزانن، کە ئێمە پێکەوە دەتوانین کار بکەین و پێکەوە نەبین ناتوانین هیچ بۆ هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین. ئێمە دەبێت یەکدی قبوڵ بکەین، راستە جیاوازیمان هەیە، حیزبی جیامان هەیە، بەڵام لە ئەنجامدا ئێمە وڵاتێکمان هەیە، ئەم وڵاتە و ئەم گەلە دەمێنێتەوە، هێزە سیاسییەکان پێویستە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڕیاربدەن و دەبێت بەرژەوەندی ئەوان بخەنە سەر و هەموو شتێکەوە، دەبوو پێشتر کۆبوونەوەکە بکرایە، من پێموایە کۆبوونەوەش دەکرێت".
 
لە رابردوودا پەیوەندی ئێوە لەگەڵ قەتەر زۆر باشتر بوو، چی پەیامێکی ئێوە هەیە بەتایبەت لە رووی وزە و گازی هەرێمی کوردستان و قەتەرەوە؟
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دۆستانە و برایانەیە، بۆ قەتەریش هەروایە، وەزیری دەوەری قەتەرم لێرە بینی؛ پێشتر من سەردانی قەتەرم کردووە و جەنابی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانش سەردانی کردووە، بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێشخستنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان زۆر گرنگن، ئێمە لەگەڵ قەتەردا  هەلەکان هەڵدەبژێرین بزانین چێ هەلێکی ئابووری هەیە کە بتوانن هاوکاری هەرێمی کوردستان و عێراق بکەن، ئەمە ئەوەیە لێرەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەر باسمان کرد، پەیوەندی دوو قۆڵیمان زۆرباشە، لە نزیکترین هەلدا کۆنسووڵخانەی خۆیان لە هەولێر دەکەنەوە، کردنەوەی کۆنسووڵخانەش نیشانەی پێشکەوتنی پەیوەندیی دوو قۆڵی هەردوو لایە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ستیڤن بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا.

کۆنسووڵی ئەمریکا بە کوردی داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن

ستێڤ بیتنەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا بە زمانی کوردی دەڵێت: "هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەران ئامرازێکی گرنگە بۆ دیموکراسییەکی گەشەسەندوو، چونکە هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە لەوەی لە داڕشتنی داهاتووی خۆیاندا، دەنگیان هەیە."