رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکە بەبڕیارێکی حکومەتی عێراق لەبازگەکانی شێراوە و مەخموور رێگە نادرێت سەوزە و میوە و هەندێ ماددەی دیکەی خۆراکی ببردرێنە نێو کەرکووک و مەخموور و شارەکانی باشووری عێراق، قایمقامی مەخمووریش دەڵێت، پێشتر شوفێرەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو جۆرە بەرهەمانە رێگەیان پێنادرێت.
رزگار محەممەد، قایمقامی مەخموور بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، لە کۆتاییەکانی ساڵی 2020 ئەو بڕیارە دراوە، لەسەر داواکاریی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ پشتگیری لەبەرهەمی نێوخۆیی عێراق رێگە نادرێت هیچ کەلوپەلێک کە لەدەرەوە هاوردە دەکرێت لە بازگەکانی حکومەتی عێراق بێتە ژوورەوە.
قایمقامی مەخموور بە ئاماژەدان بەوەی لیستێکیان بۆ چووە کە تێیدا بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی سەوزە و میوەی لێ قەدەخە کراون دەڵێت: "ئەو قەدەخەیەش تەنیا خۆراک ناگرێتەوە هەندێک بەرهەمی پیشەسازیش دەگرێتەوە، ئەمە زیاتر پاڵپشتییەکە بۆ جووتیارانی عێراق، بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان ساخبکەنەوە. پێشتریش شۆفێران لەوە ئاگادارکراونەتەوە".
رزگار محەممەد لەبارەی دروستبوونی کێشە بۆ خەڵکی مەخموور بەهۆی کەمبوونەوەی ئەو بەرهەمە کشتوکاڵییانە گوتی: "راستە کێشە دروست دەبێت بۆ بازاڕی مەخموور، بەڵام لەنزیک خۆمان شوێنی دیکە هەن، وەک عەلوەکانی گەیارە و شەرگات و هەوڵمانداوە لەوێ پێداویستییەکان بۆ مەخموور دابین بکەین".
قایمقامی مەخموور ئاشکرایدەکات بەشی ئابووریی ئاسایشی نیشتمانی عێراق چەند ئەفسەرێکیان ناردووەتە بازگەکە و، ئەوان خۆیان بڕیارەکە جێبەجێدەکەن. رزگار محەممەد دەڵێت "هەر بارێک کە بێتە بازگەکە بەپێی بڕیارەکە دەبێت لەهەمان شوێن لەناو ببرێت، بەڵام ئەمە شتی کەم ناگرێتەوە کە هاونیشتمانییەک بەشی خۆی دەیهێنێت، بەداخەوە چەند رۆژێک بوو ئەوەش رێگەی پێنەدەدرا، بەڵام توانیمان چارەسەری بکەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ