رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی پاڵپشتیی خۆی بۆ رێنوێنییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەربڕیوە، "داوامان کردووە هێزە ئەمنییەکان تێکەڵی هەڵبژاردن و بانگەشە نەبن".
رۆژی 18-9-2024 بەرنامەیەکی دیکەی ( رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو پێشکێشکرا، رێنماییەکانی هەڵبژاردن کە لیژنەی ئارامیی سلێمانی بۆ بانگەشە دەریکردوون، تەوەرێکی بەرنامەکە بوو.
لە بەرنامەکەدا، باس لە تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیجەری حیزبوڵڵای لوبنانیش کرا کە بەو هۆیەوە دەیان ئەندامیان لە لوبنان و سووریا بوونە قوربانی.
رێنماییەکانی هەڵبژاردن لە سلێمانی
سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، لە پێنج خاڵدا 19 رێنمایی و پابەندبوون بۆ بەربژێران، قەوارە و هاوپەیمانییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی سلێمانی رادەگەیێنێت.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە هەمووان دەکات لە هەر رووداو و دۆخێکی نەخوازراودا، پەنا بۆ دادگە و کۆمیسیۆن و دامەزراوە فەرمییەکان ببەن.
لەبارەی ئەو رێنوێنییانەی بۆ هەڵبژاردن دەرکراون، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگەکە، بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) کرد، رایگەیاند: "دەمانەوێت بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی دەنگدان بە دیموکراسی و ئازادانە بەڕێوەبچێت، ئامانجمان ئەوەیە دامەزراوەکانی دەوڵەت نەبنە بەشێک لەم پڕۆژەیە، بەڵکو ببنە چەترێک بۆ هەموو بەربژێر و قەوارەکان".
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بە سزای پابەندنەبوون بە رێنوێنییەکان کرد و گوتی: "ئەوانەی لە رێنماییەکان لادەدەن، بە گوێرەی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن سزا دەدرێن، تاوەکو رادەی دوورخستنەوەیان، جگە لەمە، لیژنەی باڵای ئارامی لە هەرێمی کوردستان کە وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتی دەکات، ئەوانیش کۆمەڵێک رێنمایی دەردەکەن و لادان لێیان لێپێچینەوەی دەبێت".
یەکێک لەو رێنوێنیانەی دەرکراوە، بەکارنەهێنانی دامەزراوە حکومییەکانە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو خاڵەوە، پارێزگاری سلێمانی گوتی: "لە رابردووشدا رێگەمان نەداوە دامەزراوەکانی سلێمانی و کەلوپەل و دامەزراوەکانی دەوڵەت بۆ هیچ لایەنێک بەکاربێن و رێگە نەدراوە بانگەشە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەدا ئەوانەی پۆستی حیزبیان هەیە و ئێستا لە دامەزراوەکانی دەوڵەتن، یان لە لیژنەی ئارامیدان، بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە بەشداری لە بانگەشەدا نەکەن. هەروەها لایەنە سیاسییەکانیان ئاگادارکردووە لەوەی بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکان لە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکان، ناتوانن بەشداری لە کەمپەینی هەڵبژاردن بکەن، چونکە ئەندامی لیژنەی باڵای ئارامین.
بە گوتەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر داوا لە شارەوانیی سلێمانی کراوە، رێنمایی دەربکەن بۆ دیاریکردنی بنکەی بانگەشە و قەدەخەکردنی ئەو شوێنانەی کە جەنجاڵی دروست دەکەن.
بە گوێرەی ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە، رۆژی 17-9-2024 بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و پارێزگاری سلێمانی کۆبوونەتەوە، لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە. هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتی "سەردانێکی دۆستانە بوو، بەلامانەوە گرنگ بوو کە لەگەڵ سەردانەکەدا، باس لە بابەتە هەستیارەکانی ئێستا بکەین، بە تایبەتی بە لای ئێمەوە ئارامی و سەقامگیری گرنگە، بە بەڕێزیشیانمان گوت، حەزمان دەکرد دەوڵەتداری لە کوردستان هەبووایە و دەسەڵاتداری نەبووایە، سیستمی گشتی و حوکمڕانی تەنیا بەدەست پارتی و یەکێتییەوە نەبوونایە، هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس هێزی دەوڵەت بوونایە، بەڵام مامەڵە لەگەڵ واقیع دەکەین، بۆیە راوێژمان کردووە کە ئەو هێزانە هاوکار و پشتیوانی پرۆسەکە بن، تێکەڵی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن نەبن، دیاردەی چەکداری و نمایش و کەژاوەی سەربازی رێگەپێدراو نییە، پشتیوانیی خۆی دەربڕیوە و هەموومان هەوڵدەدەین بانگەشەیەکی ئارام بەڕێوەببەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ