سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا لەبارەی پرسی چاکسازی لە هێزی پێشمەرگە کۆبووەوە

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی سەربازیی و دیپلۆماسیی ئەمریکی لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، کۆبوونەوەیەکی "فراوان"یان کرد.
 
رۆژی 14ـی کانوونی دووەم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لایەنی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە تەوەری چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی پڕۆسەکە، گرنگیی پڕۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپاتکرانەوە.
 
"سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغەکانی داهاتوو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، کرایەوە." سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمەی راگەیاندووە. 
 
دۆخی گشتیی ڕووداوەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.

 

 
لەبارەی چاکسازییەکانی نێو هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند جارێک هۆشداری داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چاکسازیی نەکرێ، هاوکارانییەکان رادەگرن.
 
هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی راوێژپێدان، مەشقپێکردن و توانادارکردن یارمەتیی پێشمەرگە دەدات و مانگانە نزیکەی 20 تا 25 ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان تەرخان دەکات. 
 
20ـی ئابی 2023، ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، گوتی، وەک پابەندییەک بە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، پێویستە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێرابکرێن، بۆ ئەوەش، هەنگاوی یەکەم دروستبوونی "ویستی سیاسی" سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاریکردنی وەزیرێک بۆ پێشمەرگە. 
 
ئەیلوولی ساڵی 2022، وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان بۆ چوار ساڵی دیکە نوێکردەوە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە بواری رێکخستن و دارایی پێشمەرگەدا بکات و لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە رووی دارایی و سەربازییەوە. 
 
رۆژی 20-04-2024 لیوا رووکن بەختیار محەممەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە سلێمانی لەبارەی چاکسازییەکان قسەی بۆ رووداو کرد: "بەرنامەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە و ''ئەگەرچی ئاستەنگی لەپێشە و بە خاوی دەکرێت، بەڵام بەرەوپێشچوون لە پڕۆسەکەدا هەیە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی ئەوقاف: هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت خاوەنەکەی سزا دەدەرێت

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، لە زۆربەی هۆڵەکانی هەولێر و دەوروبەری زیاتر لە رۆژێک پرسە بەڕێوەدەچێت کە خۆی دەبێت یەک رۆژ بێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر هۆڵێک زیاتر لە رۆژێک پرسەی تێدا بەڕێوەبچێت، خاوەنەکەی بە تووندی سزا دەدەرێت."