رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێکە زیاتر لە 500 تانکەری ئێرانی، کە گازوایلی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی ئێرانەوە دەگوازنەوە، لەسەر سنووری ئێران و ئەفغانستان گیریان خواردووە. بەرپرسانی تاڵیبان بە پاساوی نزمی کواڵێتی گازەکە رێگە بە بەتاڵکردنی تانکەرەکان نادەن و ناهێڵن بڕۆنە دیوی ئەفغانستانەوە.
وریا قادری، بازرگانی بەرهەمە نەوتییەکان و خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوەی شوکا، میوانی بووڵەتنی ئابووری بوو لە دەروازەی باشماخ، بە رووداوی راگەیاند، کوالێتی کۆنترۆڵی ئەفغانستان دوای ئەوەی چەند تانکەرێک لە پشکنین دەرنەچوون بڕیاریدا رێگە بە تانکەرەکانی دیکە نەدات.
سەبارەت بە هۆکاری دەرنەچوونی بەرهەمەکە لە پشکنین، وریا قادری گوتی، "پاساوەکە ئەوە بووە کە رەنگی گازوایلەکان گۆڕاوە، بەڵام ئەوە شتێکی ئاساییە کاتێک تانکەرێک بۆ چەند رۆژ لەبەر تیشکی خۆر دەمێنێتەوە بەو شێوە رەنگی دەگۆڕێت، چونکە پلەی گەرمای ئەو ناوچەیە زۆر بەرزە، گومرگی ئەفغانستانیش لەو دەروازەیە ئیشوکارەکانی بە سستی بەڕێوەدەچێت".
بەگوتەی ئەو بازرگانە "هەر تانکەرێکی سووتەمەنی مەنەفێستی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ بێت ئەوان رەتیدەکەنەوە و کێشەی بۆ دروست دەکەن". گوتیشی، "لە جەژنی قوربانەوە رێگەمان پێنەدراوە گازوایلی هەرێمی کوردستان ببەینە نێو ئەفغانستان".
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە سەر هێڵ و لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەفغانستان گفتوگۆ بکەن.
بەرپرسێکی باڵای ئێرانی ئاماژە بە هەبوونی مافیای بەرهەمە نەوتییەکان لە ئەفغانستان دەدات و دەڵێت ئەو مافیایانە هێندە بەهێزن کە رێگە بە بەرهەمی گازوایلی عێراق و ئێران نادەن هەناردەی ئەفغانستان بکرێت.
سەید حەمید حوسێنی، ئەندامی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران-عێراق بە رووداوی راگەیاند، گازوایلی هەرێمی کوردستان هیچ کێشەیەکی بۆ ترانزێت لە ئێراندا نییە، ئەفغانستان زۆر جار گازوایلی ئێرانیش لە کواڵێتی کۆنترۆڵ رەتدەکاتەوە. گوتیشی، کێشەکە پەیوەستە بە هەندێ گرووپی مافیای وڵاتانی ئاسیای نێوەڕاست. ئەو وڵاتانە نایانەوێت گازوایلی عێراق و ئێران هەناردەی ئەفغانستان بکرێت، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست پێگەی بەهێزیان لە ئەفغانستان هەیە و کێشە بۆ بەرهەمی عێراق و ئێران دروستدەکەن.
مەهدی جەعفەری، جێگری بەڕێوەبەری کاروباری ئابووریی پارێزگای خوراسانی ئێران، کە لەگەڵ ئەفغانستان هاوسنوورە، رایگەیاندووە، کواڵێتیی ئەو گازوایلەی لە عێراقەوە بۆ ئەفغانستان گواستراوەتەوە، باش نەبووە و لەبەرئەوەش بەرپرسانی ئەفغانستان رێگە بە بەتاڵکردنی تانکەرەکان نادەن.
لەم کێشەیەدا بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئێران و ئەفغانستان زەرەرمەند دەبن، چونکە بازرگانانی ئەفغانستان گازوایلەکەیان کڕیوە ئێستا رێگری دەکرێت تانکەرەکان بەتاڵ بکەنەوە، بازرگانانی ئێران و هەرێمی کوردستانیش پارەیەکی زۆریان خەرج کردووە بۆ گواستنەوە و مانەوەی شۆفێرەکانیان.
لە ئێران بۆ هەر دواکەوتنێکی تانکەرێک نەوت لە یەک رۆژ بۆ پێنج رۆژ دوو ملیۆن و 500 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.
وریا قادری گوتی، "بەڵام ئەگەر بچێتە خاکی ئەفغانستان ئەوکات دەبێت بۆ هەر شەوێک، شۆفێر 100 دۆلار وەربگرێت".
لەدوای وەستانی بۆریی هەناردەکردنی نەوت، بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان لە نێوخۆ دەدرێتە پاڵاوگەکان و لەوێشەوە جگە لە بەکارهێنانی نێوخۆیی لە رێگەی خاکی ئێرانەوە هەناردەی وڵاتانی وەک ئەفغانستان دەکرێت.
د. حامی ساڵح شارەزای گواستنەوە و خاوەنی کۆمپانیای لۆجستیک، بە رووداوی گوت، بۆ گواستنەوەی یەک تۆن گازوایل، حکومەتی هەرێمی کوردستان 51 دۆلار رەسمی گومرگی لە بازرگان وەردەگرێت، کرێی تێچووی گواستنەوەکەشی بۆ یەک تۆن 100 دۆلارە.
د. حامی هەروەها دەڵێت، "هیچ بازرگانێک نایەت بۆ یەک تۆن گازوایل 150 دۆلار خەرج بکات، کەچی گازوایلێکی کواڵێتی خراپ بۆ ئەفغانستان بنێرێت".
نرخی یەک تۆن گازوایل لە بازاڕی نێوخۆی هەرێمی کوردستان نزیکەی 500 دۆلارە و لە نێوخۆی ئەفغانستانیش دوای زیادبوونی خەرجییەکانی گواستنەوە و گومرگ بۆ 650 تاوەکو 700 دۆلار بۆ یەک تۆن، بەرز دەبێتەوە.
جگە لە هەناردەکردنی بۆ ئەفغانستان، بەرهەمی گازوایلی هەرێمی کوردستان لە بەندەر عەباسیشەوە هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت، سەرەتا دەگوازرێتەوە بۆ دووبەی و لە دووبەیەوە دەگوازرێتەوە بۆ چین و چەندین وڵاتی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ