قایمقامی چەمچەماڵ: پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ تەنیا 6٪ـی تەواو بووە

12 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجتاڵ

قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، کارەکانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ "زۆر بە سستی" دەکرێن و تەنیا 6٪ـی تەواو بووە.
 
ئەمڕۆ (سێشەممە)، رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارکردن لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە، بەڵام زۆر بە سستی، چونکە لەلایەن حکومەتەوە پارەی تەواوی بۆ تەرخان ناکرێت.
 
قایمقامی چەمچەماڵ گوتی، "تاوەکو ئێستا کۆمپانیای جێبەجێکار 15 ملیار دیناری لە پڕۆژەکەدا خەرجکردووە، بێ ئەوەی هیچ پارەیەک لە حکومەت وەربگرێت."
 
لە 12-08-2024 دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە کراوە و وادەی تەواوکردنی 730 رۆژە. 
 
رەمک رەمەزان دەڵێت، "پێشتر گوتم؛ دەترسم کێشەی دارایی بۆ دروست بێت، چونکە لەسەر داهاتی سلێمانی بە گوژمەی 87 ملیۆن و 150 هەزار دۆلار  جێبەجێ دەکرێت."
 
گرفتی کەمئاوی دیارترین کێشەی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانیێتی، بە گوتەی قایمقامی قەزاکە، ئاستی ئاوی بیرەکانی بانی مەقان دابەزیون، ئەگەر جاران لە قووڵایی 80 مەتر لە بیرەکان دا بگەیشتبای بە ئاو، ئێستا 120 مەتری پێویستە.
 
رەمک رەمەزان باس لەوەش دەکات، ئەوان رۆژانە لە پڕۆژەی ئاوی دووکان - سلێمانی، ئاویان بۆ دابیندەکرێت، بەڵام ئەوەش بەشیان ناکات و رۆژانە لانیکەم 60 هەزار مەتر سێجایان پێویستە، کە "کەمتر لە 35 هەزار مەتر سێجامان پێدەگات."
 
قایمقامی چەمچەماڵ دەشڵێت، "ئەگەر کەسێک لە رووباری دووکان بخنکێ، دوو رۆژ ئاو لەسەر ئێمە دەگیرێتەوە، لە هەندێک شوێن دا 10 بۆ 12 رۆژە جارێک ئاو دەدرێتە هاونیشتمانییان، بەناچاری لەڕێگەی کۆمپانیایەک رۆژانە دوو ملیۆن لیتر ئاو بۆ شارەکە دابیندەکەین."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین

وەزیری دارایی : کەمتەرخەمی لە هیچ وەزارەتێک قبووڵ ناکەین

وەزیری دارایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کۆبووەوە و پێی گوتن: "کەمتەرخەمی لە هیچ وەزارەتێک قبووڵ ناکەین".