بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان: زمانی کوردی زیندوو دەکەینەوە

18-03-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە پارێزگای وان.
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە پارێزگای وان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان دەڵێت، رێگەیان پێنەدان خزمەتی خەڵک بکەن و  قەیومەکانی ئاکپارتیش هیچ خزمەتێکی شاری وانیان نەکرد. بەربژێری ئاکپارتیش دەڵێت، ئەگەر وانییەکان ئەوان هەڵبژێرن، 24 پرۆژەیان بۆیان هەیە.
 
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژی 18-3-2024 تایبەت بوو بە رکابەریی هەڵبژاردنی شارەوانی لە پارێزگای وان. رووداو لە پارێزگای وانەوە بەرنامەکەی تۆمارکرد و لە نزیکەوە را و بۆچوونی خەڵک و پلانی بەربژێرانی وەرگرت. بەتایبەتی کە رکابەریی تووند لە نێوان ئاکپارتی و دەم پارتی هەیە.
 
عەبدوڵڵا زێدان: کورد ئاشتی و پێکەوەژیانی دەوێت
 
لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەم ساڵی وان و لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکە عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "ئەمڕۆ ئاهەنگی نەورۆزە لە وان. ئێمە لێرەوە نەورۆز لە کوردانی باشوور، رۆژئاڤا و رۆژهەڵات و گەلانی ژێردەست پیرۆزدەکەین. ئێمە هەمیشە دەڵێین؛ نەورۆز واتا ئاشتی، پێکەوەژیان و ئازادی. هیواداریم ئەم نەورۆزە ببێتە هۆکارێک بۆ ئاشتی. خەڵکی ئێمە لەگەڵ ئاشتی و پێکەوەژیانە و شەڕ و پێکدادانی ناوێت".
 
عەبدوڵڵا زێدان هەروەها رایگەیاند، 100 هەزار کەس لە وانەوە پشتگیری لە نەورۆز و ئاشتی دەکەن. خەڵکەکەی بە هاوڕێ و هاوخەباتی کاوەی ئاسنگەر وەسفکرد. هەروەها جەختیکردەوە کە چەند ساڵە شارەوانییەکانیان قەیووم دەکرێن و هۆکارەکەش تەنیا کوردبوونە نەوەک هۆکارێکی دیکە.
 
عەبدوڵڵا زێدان: قەیووم دەرفەتی بە ئێمە نەدا و هیچیشیان بۆ خەڵک نەکرد
 
بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان هەروەها نیگەرانیی نیشاندا سەبارەت بەوەی سەرۆک شارەوانییەکانیان قەیوم کراون و دەرفەتی خزمەتکردنی خەڵکیان نەبووە. هاوکات، باسی لەوەشکرد کە ئەو سەرۆک شارەوانییانەی لەلایەن ئاکپارتییەوە وەکو قەیووم دانران، هیچ خزمەتێکیان نەکرد.
 
عەبدوڵڵا زێدان گوتی: "وان دەرفەتی زۆری تێدایە بۆ ئەوەی ببووژێندرێتەوە و زیاتر پێش بخرێت، بەڵام بەداخەوە رێگریمان لێدەکەن. ئەم خاکە بە پیتە و دەتواندرێت کشتوکاڵ و چەندین پرۆژەی دیکەی لێ بکرێت. بەوجۆرە گەنجانی بێکارمان دەرفەتی کارکردنیان دەبێت".
 
کۆچی گەنجانی کورد بۆ گەورەشارەکان
 
تا دێت کۆچی گەنجانی کورد بۆ گەورەشارەکانی رۆژئاوای تورکیا زیاتر دەبێت. یەکێک لە بەڵێنەکانی بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان، واڵاکردنی بەردەمی گەنجانە بۆ کارکردن و رەخساندنی دەرفەتی زیاترە. 
 
زێدان باسی لەم بابەتە کرد و گوتی: "بەداخەوە دایک و باوکان بەو سەختی و هەژارییە منداڵەکانیان دەخەنە بەر خوێندن، بەڵام کاتێک خوێندنەکە تەواو دەبێت، ئەو گەنجانە ناچار دەبن بەرەو گەورەشارەکانی تورکیا کۆچ بکەن. لێرە کاریان دەستناکەوێت. بەڵام ئێمە چارەنووسی گەنجانی خۆمان دەگۆڕین".
 
عەبدوڵڵا زێدان خەڵکی باشووری کوردستانی بۆ وان بانگهێشت کرد
 
بەربژێرەکەی دەم پارتی رایگەیاند، پلانیان بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە ئامادەیە و گوتی: "ئێمە گەشتیاریی هاوینە، گەشتیاریی زستانە، گەشتیاریی ئاوی و گەشتیاریی ئایینی دەبووژێنینەوە. داوا لە برایانی باشوور دەکەم بۆ ئەوەی گەشت بۆ ئێرە بکەن و تام و چێژ لە شوێنە گەشتیارییەکانمان وەربگرن. خوای گەورە هەموو نیعمەتێکی پێداوین، با بێن چێژ لە دەریای ئێرە وەربگرن و میواندۆستیی خەڵکی ئێمە ببینن. ئەم پارێزگایە ببینن کە گلێنەی چاوی ناوچەی سەرحەدە".
 
عەبدوڵڵا زێدان: زمانی کوردی زیندوو دەکەینەوە
 
سەبارەت بەو هەنگاوانەی لە ئەگەری بردنەوەی گەورەشارەوانیی وان دەم پارتی دەیاننێت، عەبدوڵڵا زێدان باسی لەو هەڵمەتەی قەیوومی سەر شارەوانییەکان کرد و جەختیکردەوە کە ئەوە هەڵمەتێک بوو لە دژی زمانی کوردیش. 
 
هەروەها گوتی: "زمان و شووناس خەڵاتی خوای گەورەن بۆ گەلان. هەر بۆیە ئێمە دوای سەرکەوتن، دووبارە زمانەکەمان زیندوو دەکەینەوە. لە دایەنگە و قوتابخانەکانمان گرنگی بە زمان دەدەین، بۆ ئەوەی منداڵانمان زمانی دایکیان لەبیر نەکەن و فێری ببن. هەرچییەک بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی پێویست بێت، ئێمە وەکو گەورەشارەوانی پشتیوانی لێدەکەین و دایبینی دەکەین".
 
عەبدوڵڵا زەیدان: پشتگیری لە نووسەر و وەشانخانە کوردییەکان دەکەین
 
یەکێکی دیکە لەو بابەتانەی بەربژێرانی دەم پارتی لە وان پلانسازییان بۆی کردووە، برەودانە بە کولتوور و هونەری کوردی لە پارێزگاکە. 
 
عەبدوڵڵا زەیدان ئاماژەی بەوەدا ئەوان خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی گرنگیی تەواو بە هونەر و کولتووری کوردی بدەن، هەروەها گوتی: "پێویستە ماڵی دەنگبێژان بکەینەوە کە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. هەروەها پاڵپشتیی وەشانخانە کوردییەکان دەکەین و پێشانگەیان بۆ دەکەینەوە. بەتایبەتی پشتیوانیی دارایی لە نووسەرانی کورد دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بەرهەم و کتێبەکانیان چاپ بکەن. بەوجۆرە کوردانیش بتوانن زمانی خۆیان زیاتر بەرەو پێش ببەن".
 
بەربژێری ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان: ئاکپارتی ئەزموونی باشی لە بەرێوەبردنی شارەوانی هەیە
 
عەبدولئەحەد ئارڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان بە هەمانشێوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و باسی لەوە کرد کە ئەمجارە ئەگەر وانییەکان پشتیوانی لە ئاکپارتی بکەن، خزمەتی باش دەگاتە پارێزگاکە.
 
ئارڤاس هەروەها جەختیکردەوە کە ئاکپارتی ئەزموونێکی تایبەتی لە بەڕێوەبردنی شارەوانی هەیە و گوتی: "تەیب ئەردۆغان خزمەتێکی زۆری خەڵکی کردووە و کەمتەرخەمیی نییە، بەڵام ئەگەر تۆ لە شارەوانیدا سەرۆکی شارەوانیی پارتی دەسەڵات هەڵنەبژێریت، ئەوکات خزمەت کەمدەبێتەوە".
 
ئارڤاس: ئێمە 24 پرۆژەمان بۆ وان هەیە
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو کە تایبەت بە پلان و پرۆژە بۆ بووژاندنەوەی پارێزگاکە و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان عەبدولئەحەد ئارڤاس، بەربژێری ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان گوتی: "ئێمە 24 پرۆژەمان هەن. بۆ نموونە شارۆچکەی ئەدرەمیت کە دەکەێتە سەر دەریاچە و شوێنێکی گەشتیارییە، ئێمە لەوێ فەریبۆت (کەشتیی گوێزەرەوەی سەرنشین و ئۆتۆمبیل) دادەنێین. ئەمە بۆ گەشتیاران و هاتوچۆی خەڵکیش دەبێت. هەروەها لە نێوان ئەدرەمیت و زانکۆ، ترام دابین دەکەین. رۆژانە 200 هەزار کەس دەتوانن سوودی لێ ببینن. هەروەها پلانمان بۆ دانانی تەلەفریک و شتی دیکەش هەیە".
 
عەبدولئەحەد ئارڤاس هەروەها باسی لەوە کرد ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە عێراق و ئێرانەوە روو لە وان دەکەن. ئەو باسی لەوە کرد کە ئەوان پزیشک و نەخۆشخانەی باش و هەرزانیان هەیە و گوتی: "پار نزیکەی 10 هەزار کەس لە عێراقەوە بۆ چارەسەر روویان لە وان کرد".
 
هاتووچۆی نێوان باکوور و باشووری کوردستان
 
سەبارەت بە دەروازەی سنووریی رووبارۆک - زێت کە دەکەوێتە نێوان باکوور و باشووری کوردستان و رۆژی 10-5-2023 لە رێوڕەسمێکدا کرایەوە، عەبدولئەحەد ئارڤاس گوتی: "رێگەی نێوان شرنەخ - وان هەیە بۆ گەشتیاران کە ماوەکەی دوو کاژێر کەمترە و رێگەکە باشتریشە. جا ئێستا دەروازەی سنووریی دەرەجیک هەیە، کە بۆ عێراق دەچێت. چەند گرفتێکی هەیە کە ئەویش چارەسەر دەبێت. ئەمانە بۆ گەشتیاران گرنگن، چونکە گەشتیار حەز بە شوێنێک دەکەن کە ئاسایشی هەبێت."
 
ئەم گوتانەی بەربژێرەکەی ئاکپارتی لەکاتێکدان کە گەورەشارەوانیی وان لە ئابی 2019ـەوە لەلایەن ئاکپارتییەوە بەشێوەی قەیووم بەڕێوەدەبردرێت و بەرپرسانی دەم پارتیش دەڵێن، قەیووم تەنیا پێگەی سەرۆکشارەوانیی داگیرکرد و هیچ خزمەتێکی نەکرد. 
 
رووداو ئەمەی بۆ بەربژێری ئاکپارتی لە وان کردە پرسیارێک و عەبدولئەحەد ئارڤاس گوتی: "سەرەتا با بزانین بۆچی قەیووم دانرا؟ ئەم شارەوانییە موڵکی دەوڵەتە و ئەگەر بزاندرێت داهات و داراییەکەی بۆ شوێنێکی دیکە دەنێردرێت، دەوڵەت ئەمە قبووڵناکات و وەریدەگرێتەوە. ماوەی هەشت ساڵە قەیوم لە وان دانراوە، شارەکە خۆش بووە و خزمەتگوزاری هەیە. ئەگەر ئەوان نایانەوێت قەیووم دابنرێت با کەسێک دابنین کە پێشینەی پاک بێت".
 
عەبدولئەحەد ئارڤاس: ئاکپارتی پلە و پۆستی زیاتری داوەتە کورد نەک دەم پارتی
 
عەبدولئەحەد ئارڤاس باسی لە قۆناخی چارەسەری کرد کە رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو و گوتی، کە ئەو پرسە چارەسەر دەکات. 
 
بەربژێرەکەی ئاکپارتی هەروەها باسی لەوە کرد کە لە نێو ئاکپارتیدا پلە و پۆستی زیاتر دراوەتە کورد نەوەک دەم پارتی، گوتیشی: "لە خولی 27ـەمینی پەرلەماندا کە خۆشم پەرلەمانتار بووم، دەم پارتی 67 پەرلەمانتاریان هەبوو، کە 40یان کورد نەبوون. بەڵام لە نێو ئاکپارتیدا 60 پەرلەمانتاری کورد هەبوون. لە نێو حکومەتی ئاکپارتیدا 5 وەزیر کوردن و یاریدەدەری سەرۆککۆماریش کوردی زازایە."
 
هەڵوێستی ئاکپارتی لەمەڕ زمانی کوردی
 
بەربژێری ئاکپارتی بۆ گەورەشارەوانیی وان باسی لەوە کرد کەناڵی دەوڵەت (TRT KURDI) هەیە و 24 کاژێر بە زمانی کوردی پەخش دەکات، گوتیشی: "راستە زمانی فەرمیی دەوڵەت تورکییە، بەڵام زمانی خۆجێی قەدەخە نییە. تۆ دەتوانیت زمانی خۆت بخوێنیت. بۆ نموونە کوڕی من دەچێتە خوێندنی بژاردەی وانەی کوردی. کەسێک داوای زمانی کوردی بکات، دەبێت لەبارەی مافی کوردان شت بزانێت. بەڵام کەسانێکی تورکی چەپ، تورکی پەڕگیر، سۆشیاڵیست و مارجیناڵ هاتوونە سەری سەرەوە و کورد چەواشە دەکەن و دەڵێن، ئێمە داوای مافی ئێوە دەکەین. کەچی پەیوەندییان بە کوردەوە نییە".
 
عەبدولئەحەد ئارڤاس: لە هەمان شوێنی ئەردۆغان بە کوردی گوتارم پێشکێش کرد
 
بەربژێرەکەی ئاکپارتی هەروەها باسی لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ وان کرد و گوتی: "ئەو رۆژە سەرۆککۆمار هاتە وان و گوتاری دا. لە دوای ئەو لە هەمان شوێنی ئەو من بە زمانی کوردی گوتارم پێشکێشکرد، کەس نەیگوت بۆچی بە زمانی کوردی گوتار دەدەیت؟ زمان مافێکە کە خوای گەورە بە ئێمەی بەخشیوە. بەڵام ئەوکاتەی جەهەپە زمانی ئێمەی قەدەخە کردبوو، ئێمە نەماندەتوانی قسە بکەین. لە قوتابخانە نەماندەتوانی بە کوردی قسەبکەین. دایکان بۆیان نەبوو لە گرتووخانەکان بە کوردی قسە لەگەڵ رۆڵەکانیان بکەن. ئێستا لە هەشت قوتابخانەی ئێمەدا وانەی کوردی دەخوێندرێت و کوردۆلۆژی هەیە، بەڵام نابێت ئەم کارە بە بیرکردنەوە و دەستی پەکەکە بکرێت. ئەوە 40 ساڵە زێدەکەمان ماڵوێران بووە. 3500 کەس لە گوندەکانەوە کۆچبەر بوون. پێش ئاکپارتی 17 هەزار دۆسیەی کوشتنی بکەر نادیار هەبوو".
 
عەبدولئەحەد ئارڤاس باسی لە باشیی دۆخی کوردی باکوور کرد و رایگەیاند کوردانی لە تورکیا سەرفرازترن لە کوردانی سووریا و ئێران، هەروەها سەرفرازترن لە بەشێکی کوردانی عێراق. باسی لەوەس کرد کە ئێستا پێچەوانەی سەردەمی قەدەخەکاری، پۆلیس بەرگری لە کوردان دەکات. 
 
گەورەشارەوانیی وان و هەڵبژاردنی ئەمجارە
 
وان لەڕووی بازرگانی و گەشتیارییەوە پارێزگایەکی گرنگە و ژمارەی دانیشتووانی بەگوێرەی ئاماری ساڵی 2021 بریتییە لە ملیۆنێک و 141 هەزار کەس. 
 
بەگوێرەی داتای دامەزراوەی هەڵبژاردنی تورکیا بۆ ئەم هەڵبژاردنەی شارەوانی لە پارێزگای وان زیاتر لە 700 هەزار کەس مافی دەنگدانیان دەبێت. 
 
ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانی لە وان
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە ٪53.8ی دەنگەکانی پارێزگای وانی بردەوە و پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی بردەوە. هەروەها دەنگەکانی ئاکپارتی ٪40.5 بوو. جەهەپە 1.9٪، پارتی سەعادەت 1.8٪ و ئیی پارتیش 1.1٪ی دەنگەکانی وانیان بەدەستهێنا. 
 
هەدەپە هەروەها 53.4٪ی ئەنجوومەنی شارەوانیی وانی بردەوە و ئاکپارتی 40.2٪ی ئەنجوومەنەکەی بەدەستهێنا. هەدەپە لە کۆی 13 بازنەی شارەوانیی وان لە 9 بازنەدا براوە بوو، ئاکپارتیش لە 4 بازنەدا براوە بوو. 
 
رۆژی 31-3-2024 لە تورکیا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان، 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەڵدەبژێردرێن. هاوکات دەنگدەران 50 هەزار و 229 موختاریش هەڵدەبژێرن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە یەک گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.
 

 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".