رووداو – دهۆك
نادیە موراد، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دوو شەو لە دهۆك مایەوە و سەردانی كەمپی ئاوارەكانی دهۆكی نەكرد كە تاوەكو ئێستاش 85%ی کوردانی ئێزدی تێدا نیشتەجێن. برایەكی نادیە موراد كە لە كەمپێكی دهۆك دەمێنێتەوە، دەڵێت: "نادیە پێیگوتین كاتم نییە سەردانتان بكەم، وەرن بۆ لالش لەوێ یەكدی دەبینین".
كەم بەرپرسی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە سەردانی كوردستان بكات و سەرێك لە كەمپی ئاوارەكان نەدات لە دهۆك. نادیە موراد كە یەكێكە لەو کوردە ئێزدییانەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێنرا و دواتر رزگاركرا، ئێستا باڵیۆزی نیازپاكی نەتەوەیەكگرتووەكانە. نادیە لەم سەردانەیدا دوو رۆژ لە كوردستان مایەوە، بەڵام نەیتوانی سەردانی كامپەكان بكات.
نادیە كە لەگەڵ کوردانی ئێزدی بەشداریی جەژنی رۆژووی كرد لە شنگال، چووەوە گوندەكەی خۆی كۆچۆ. بەتایبەتیش سەردانی ئەو قوتابخانەیەی كرد كە یەكەمجار داعش لەوێی كۆكردنەوە.
ئێزدییەكان دەڵێن، چاوەڕێبوون نادیە موراد سەردانیان بكات. تارق ئیلیاس كە لە كەمپی ئیسیان لە شێخان نیشتەجێیە، چاوەڕێبوو نادیە سەردانی بكات بۆ ئەوەی گرفتەكانی خۆی و ئێزدییەكانی بۆ باس بكات. ئەو گوتی "كە زانیمان نادیە لە كوردستانە زۆر دڵمان خۆشبوو، چاوەڕێبووین سەردانی كەمپەكان بكات، بەڵام بەداخەوە سەردانی نەكردین، تەنیا بەرپرسانی ئێزدی بینی".
نادیە موراد دوای ئەوەی سەردانی شنگال و لالشی كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند كە پارەی بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بە ژنان و منداڵان لە شنگال دابینكردووە، تەنیا ئەوە ماوە پارچە زەوییەك بۆ نەخۆشخانەكە دابینبكرێت.
نادیە رووی لە ئێزدییەكان كرد و گوتی، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان قسەی كردووە و ئەوان گوتوویانە ئێزدییەكان سەرپشك دەكەن لەوەی ئیدارەی خۆیان بكەن. نادیە دەڵێت: "ئەمە هەلێكی باشە بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان رێكبخەینەوە و ئیدارەی خۆمان بكەین".
نادیە موراد لە رۆژی سێی ئابی 2014 لەگەڵ خێزانەكەی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش. شەش برا و دایكی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە گوللەباران كران، سێ لە براكانیشی رزگاریان بوو. ئێستا یەكێك لە براكانی لە كەمپی قادیایە لە زاخۆ، یەكێكیش لە شنگال و ئەوەی دیكەیان لە ئەڵمانیایە.
نادیە موراد كە ماوەی سێ مانگ لەژێر دەستی چەكدارانی داعشدا مایەوە و دواتر رزگاركرا، لەڕێگەی پرۆژەی رێكخراوێكی ئەڵمانی بۆ رزگاربووانی دەستی داعش، گەیشتە ئەڵمانیا. لەوێ بە هاوكاریی رێكخراوی یەزدا چیرۆكی ئێزدییەكانی گەیاندە نەتەوەیەكگرتووەكان. لە ساڵی 2016 بووە باڵیۆزی نیازپاكی لە نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەمساڵ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی وەرگرت.
حوزنی موراد، كە برای نادیەیە و لە كەمپی قادیەیە لە زاخۆ، دەڵێت چاوەڕێبوو خوشكەكەی لە كەمپ سەردانی بكات، بەڵام تەلەفۆنی بۆ كردووە و پێیگوتووە وەرە بۆ لالش چونكە ناتوانێ لە كەمپ سەردانی بكات.
حوزنی باسی گفتوگۆی نێوان خۆی و نادیە موراد دەكات و دەڵێت: "نادیە گوتی: رەوشی شنگال زۆر خراپە، چونكە هیچ ئیدارەیەكی شەرعی لە ناوچەكەدا نییە، دەبێت ئێزدییەكان رازی ببن ئیدارەیەكی شەرعی حوكمیان بكات". هەروەها گوتی :"جگە لەو نەخۆشخانەیەی نادیە باسیكرد، رێكخراوەكان و وڵاتان بەڵێنی 91 پڕۆژەیان بە نادیە داوە كە لە شنگال دروستی بكەن، بەڵام ئەگەر ئیدارەیەكی شەرعی نەبێ زەحمەتە پرۆژەكان جێبەجێبكرێن".
سەعید موراد كە برای نادیەیە و ئێستا لە شنگالە، دەڵێت مانگی رابردوو چیرۆكی رزگاربوونی خۆی بۆ ئەڵمان و پۆڵۆنییەكان باسكردووە، ئێستاش داوەتنامەی لە ژاپۆن و ئەمریكاوە بۆ هاتووە بۆ ئەوەی چیرۆكی پەلاماری داعش بۆ سەر ئێزدییەكانیان بۆ بگێڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ