رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور کە نوێنەرایەتی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییانە دەکات لە هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گازدا کاردەکەن، دەڵێت، بانگهێشتی گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا نەکراون و لە ئەنجامی کۆبوونەوەکانیش لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت ئاگادارنەکراونەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق سەردانی هەولێری کرد و دوو رۆژ مایەوە و ژمارەیەک کۆبوونەوەی کرد، لەوانەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی 13-11-2023، حەیان عەبدولغەنی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "هەموو ئەو کەشەی لە گفتوگۆکاندا بینیومانن ئەرێنی بوون؛ هەردوولا پێداگیرن پەنا بە خودا، لە خێراترین کاتدا هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە".
رۆژی هەینی، 17-11-2023، ئەپیکور لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، وێڕای ئەوەی ئەوان ئەم گفتوگۆیانە بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" دەبینن، ئەندامەکانی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت نەکرابوون و لە ئەنجامەکەشی ئاگادار نین، چونکە هیچ پەیوەندییەکی فەرمییان پێوە نەکراوە.
سەرگرتنی هەر رێککەوتنێک، پێویستی بە رەزامەندیی هەولێر، بەغدا و کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەبێت.
دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، 25ی ئاداری ئەم ساڵ، تورکیا هەناردەکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووکی لە رێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیاوە وەستاند.
دادگە نێوبژیوانکارەکە بڕیاریدا کە ئەنقەرە 1.5 ملیار دۆلار وەک قەرەبوو بە بەغدا بدات، لە بەرامبەر ئەوەی کە لە نێوان ساڵانی 2014 و 2018 بێ مۆڵەتی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، نەوتی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە.
گرووپی ئەپیکور لە شەش کۆمپانیای تایبەت بە نەوت لە هەرێمی کوردستان پێکهاتووە و پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ تورکیا، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە، 50%ـی نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستانیان بەرهەم دەهێنا.
8ی تشرینی دووەم، بۆ یەکەمین جار بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی، کە یەکێکە لە ئەندامانی کۆمەڵەکە، ئەم مانگە رایگەیاند، تا ئەو کاتەی قەرزەکانیان نەدرێتەوە کە نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت ناکەنەوە.
بەگوێرەی کۆمەڵەکە، وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی ئادارەوە 7 ملیار دۆلار زیانی بۆ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان هەبووە.
عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لەنێو ئۆپێکدا، نزیکەی 85%ی نەوتە خاوەکەی لە رێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە هەناردە دەکات.
ئەو نەوتەشی لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیاوە هەناردە دەکرا، 0.5%ی کۆی بەرهەمی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ