رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شاندی دیپلۆماسی عێراق لە ئازەربایجان سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ باکو بە "گرنگ" دادەنێت و دەڵێت، "کاریگەری گەورەی دەبێت و جێگەی بایەخپێدانە لەلایەن ئازەربایجانەوە."
مەکی رێسان، سەرۆکی شاندی دیپلۆماسی عێراق لە ئازەربایجان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە رۆژی سێشەممە 18-07-2023 پەخشکرا و نوێنەر فاتیح لەگەڵیدا ئەنجامیدا، باسی لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئازەربایجان، کاری کۆمپانیا عێراقییەکان لە ئازەربایجان، رەوەندی عێراقی و کوردی لە باکو، پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەردوو وڵات و سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان کرد.
رۆژی سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە ئازەربایجان و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە. ئەوەش لەدوای بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی وڵاتەکە بۆ نێچیرڤان بارزانی دێت.
مەکی رێسان باس لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، "پێگە و قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی، ئەگەرنا چۆن بانگهێشتنامە ئاراستەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە باڵاترین ئاستی کۆماری ئازەربایجانەوە دەکرێت کە سەرۆکی ئازەربایجان بەڕێز ئیلهام عەلیێڤە. هیوادارین سەردانەکە ئاسۆ بۆ پەیوەندییەکان بکاتەوە."
سەرۆکی شاندی دیپلۆماسیی عێراق لە ئازەربایجان گوتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات. "پەنا بە خودا سەردانەکە ئاسۆی نوێ دەکاتەوە. ئێمە ویستمان هەیە و تەنانەت لایەنی ئازەربایجانیش ویست هەیە و دەخوازێت ئەم سەردانە زۆر ئاسۆی نوێ بکاتەوە؛ بۆیە ئەو کەسایەتییەکی نیشتمانییە و شانازی پێوە دەکەین و سەربەرزین پێی."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مەکی رێسان، سەرۆکی شاندی دیپلۆماسیی عێراق لە ئازەربایجان
رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری عێراق و ئازەربایجان ئێستا چۆنن؟
مەکی رێسان: سەرەتا بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان؛ سوپاس بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە. سڵاو و رێزم بۆ هەموو بینەران و بیسەرانی تۆڕی میدیایی رووداوی بەڕێز. لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئازەربایجان، پەیوەندییەکی لەمێژینەیە و بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوە. عێراق لەم وڵاتەدا باڵیۆزخانەیەکی هەیە کە لە ساڵی 1974 لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت کراوەتەوە، بۆیە پەیوەندییەکی لەمێژینەیە. دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی ئازەربایجان، لە ئەنجامی رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، عێراق یەکێک بوو لە 10 وڵاتە یەکەمەکانی جیهان دانی بە سەروەریی ئازەربایجاندا نا و ئاستی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی بۆ باڵیۆزخانە بەرزکردەوە. دوای ساڵی 2003، پەیوەندییەکانی عێراق و ئازەربایجان، قۆناخ بە قۆناخ گەشەیان کرد؛ لە 2004 تاوەکو 2015 هەمیشە باڵیۆزمان لەم وڵاتەدا هەبووە. لە ساڵی 2010 پەیوەندییەکانمان وەرچەرخانێکی زۆر گەورەیان بەخۆەوە بینی، کاتێک یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەسەر هەموو ئاستەکان واژۆکرا؛ هەروەها ساڵی 2015 هێڵی ئاسمانی و گواستنەوە لەنێوان هەردوو وڵاتدا کرایەوە. بەم دەستپێکە ژمارەی گەشتیارانی عێراق بۆ ئەم وڵاتە گەیشتە زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار بۆ ئازەربایجان، بەڵام دوای پەتای کۆرۆنا ئەم گەشتانەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی و گەشتیاری داخران؛ پەنا بەخوا هیوادارین لە دوو بۆ سێ مانگی داهاتوودا هێڵی ئاسمانیی عێراقی جارێکی دیکە بکرێتەوە و ڤیزە بۆ گەشتیارانی عێراقی لەلایەن حکومەتی ئازەربایجانەوە دەدرێتەوە، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق.
رووداو: بۆچی تاوەکو ئێستا عێراق باڵیۆزخانەی لە ئازەربایجان نییە و تەنیا نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی هەیە، لەکاتێکدا خۆت باسی ئەم هەموو پەیوەندییە و هاتووچۆیەت کرد لەنێوان ئەم دوو وڵاتەدا؟
مەکی رێسان: با ئەم زانیارییە راست بکەمەوە. عێراق باڵیۆزخانەی هەیە کە باڵیۆز سەرۆکایەتیی دەکات، وەک گوتم عێراق لە یەکەمەکانی جیهان بوو کە دانی بە سەروەری و سەربەخۆیی ئازەربایجاندا نا و باڵیۆزخانەیەکی کارای هەیە. سەبارەت بە خۆم، لە مانگی شوباتی 2020ـەوە ئەم ئەرکەم پێ سپێردراوە کە لەسەر ئاستی کاربەڕێکەرە، چونکە وەزارەتی دەرەوەی ئێستا کێشەی کەمی باڵیۆزی هەیە بەهۆی میکانیزمی دامەزراندنی باڵیۆزەکان. بۆیە ئەوەی کە عێراق لەسەر ئاستی باڵیۆزخانە نوێنەرایەتیی نییە، زانیارییەکی دروست نییە.
رووداو: کۆمپانیای عێراقی هەن کە لە ئازەربایجان کاربکەن؟
مەکی رێسان: پێش پەتای کۆرۆنا، زۆر کۆمپانیا لە بواری گەشتوگوزاردا کاریان دەکرد، ئێستا ژمارەیەکی سنووردار ماون. پەنا بە خوا ئەم کۆمپانیایانە لەدوای ئەم سەردانە بەردەوامانە لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە، دەگەڕێنەوە. پەنا بە خوا، هیوادارین ئاسۆی نوێ بکەینەوە و وەکو پێشووی لێ بێتەوە لە بوارە جیاوازەکاندا، نەک تەنیا لەبواری گەشتیاری، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا.
رووداو: ژمارەی رەوەندی عێراقی لە ئازەربایجان چەندە؟
مەکی رێسان: لە راستیدا رەوەندی عێراقی کە قوتابی بوون، پێش پەتای کۆرۆنا ژمارەیان گەیشتە 600، هەروەها نزیکەی 100 خێزانیش هەن کە لە کۆنەوە لە ئازەربایجان نیشتەجێن، بەڵام دوای کشانەوەی دانپێدانان لە زانکۆکانی ئازەربایجان ژمارەکە کەمبووەوە؛ ئێستا ژمارەکە نزیکەی 300 قوتابی و کەسن.
رووداو: باسی ئەم پەیوەندییانەت کرد بەتایبەتیش بازرگانی. ژمارەی کۆمپانیاکانی ئازەربایجانی لە عێراق چەندن و لە چ بوارێکدا کار دەکەن؟
مەکی رێسان: لە راستیدا ژمارەیەکی راستەقینەمان نییە کە دەریبخات، بەڵام بەپێی زانیارییەکانم، چەند کۆمپانیایەکی ئازەربایجانی هەن لە بواری وزە، بیناسازی و بوارەکانی دیکە کاردەکەن. بێگومان بازرگانی و وەبەرهێنان لە گرنگترین کاری لەپێشینەن. لە رێگەی کارەکەمانەوە لێرە لەگەڵ بازرگانانی ئازەربایجان دانیشتووین و هەوڵدەدەین بانگهێشتیان بکەین بۆ وەبەرهێنان و هانی سەردان لەنێوان وەبەرهێنەرانی عێراقی و ئازەربایجانی دەدەین.
رووداو: ئاماری تایبەتی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق - ئازەربایجان ساڵانە چەندە؟
مەکی رێسان: لە راستیدا قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زۆر کەمە و بەرزترینی لە ساڵی 2014 و 2015ـدا گەیشتە نزیکەی 250 ملیۆن دۆلار. لە ساڵی 2022 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانمان 30 ملیۆن دۆلار بوو. ئەم ژمارەیە زۆر کەمە، بەڵام هیوادارین ئەمساڵ لەدوای سەردانە بەردەوامەکانی نێوان بەرپرسان و بڕیارەکانی حکومەتی ئازەربایجان بە دووبارە کردنەوەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی و پێدانی ڤیزە و بانگەوازەکان بۆ هاندانی وەبەرهێنان، رۆژانی داهاتوو و ساڵانی داهاتوو جیاواز بێت، لە راستیدا ئاستی ئاڵوگۆڕ زۆر کەمە.
رووداو: چۆن دەڕواننە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئازەربایجان؟
مەکی رێسان: سەردانەکە گرنگی خۆی دەبێت و تەواوکاری سەردانی بەرپرسانی عێراقە. دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم لەدوای قۆناخی پەتای کۆرۆنا، شاندێکی پەرلەمانی عێراق سەردانیان کرد و کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەش کرا؛ دوایین دوو سەردانی گرنگ، سەردانی بەڕێز سەرۆککۆمار بوو بۆ ئازەربایجان لە مانگی سێ. دوایین سەردانیش سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە د. فوئاد حوسێن بوو کە پێش 10 رۆژ بوو بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەی بزووتنەوەی وڵاتانی بێلایەن، سەرەڕای ئەوەی سەردانەکە بۆ چەندین مەبەست بوو، بەڵام گرنگ بوو. هەروەها سەردانی جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی گرنگی خۆی هەیە و کاریگەری گەورەی دەبێت و جێگەی بایەخپێدانە لەلایەن ئازەربایجانەوە، هەروەها تەواوکاری رۆڵی بەرپرسانی عێراقە و هیوادارین ئاسۆی زۆر بۆ عێراق بکاتەوە.
ئەو بەرپرسێکی عێراقییە کە پێگە و قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمیی و نێودەوڵەتی، ئەگەرنا چۆن بانگهێشتنامە ئاراستەی جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە باڵاترین ئاستی کۆماری ئازەربایجانەوە دەکرێت کە جەنابی سەرۆکی ئازەربایجان بەڕێز ئیلهام عەلیێڤە. هیوادارین سەردانەکە ئاسۆ بۆ پەیوەندییەکان بکاتەوە. بەردەوام ئەوەی پاڵ بە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانەوە لە بوارە جیاجیاکاندا دەنێت ئەم جۆرە سەردانە ئاستبەرزانەن، سەردانەکەی بەڕێزیشیان لەم چوارچێوەیەدایە و هیوادارین سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و ئێمە وەکو باڵیۆزخانە رژدین لەسەر ئەوەی هەموو رێگە و پاڵپشتییەک دابین بکەین لەپێناو سەرخستنی ئەم سەردانە، چونکە گرنگی هەیە لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان بەشێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات و هەردوو گەلی دۆست دەکات.
رووداو: سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی لە کۆڕبەندی عێراق کە چەند مانگێک لەمەوبەر لە بەغدا بەسترا و خۆیشم لەوێ بووم، باسی ئەوەی کرد؛ کاتێک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانێکی فەرمی بۆ هەر وڵاتێک دەکات، ئەو نوێنەرایەتی هەموو عێراق دەکات وەکو کەسایەتی و بەرپرسێکی عێراقی؛ هەروەها نێچیرڤان بارزانیش لە هەمان کۆڕبەنددا باسی ئەوەی کرد 'پێش ئەوەی سەردانی هەر وڵاتێک بکات، پێشتر گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و بەهاوئاهەنگی پێکەوە کاردەکەن'. ئەم سەردانە چ رۆڵێکی دەبێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئازەربایجان؟
مەکی رێسان: لە راستیدا ئێمە خۆشحاڵین بەم ئاستە بەرزەی هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم[ـی کوردستان]. لە ئەنجامدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی عێراقی نیشتمانییە کە قورسایی خۆی هەیە، ئەو نوێنەرایەتیی هەموو عێراق دەکات وەک چۆن سەرۆکوەزیرانی عێراق باسیکرد، پەنا بە خودا سەردانەکە ئاسۆی نوێ دەکاتەوە. ئێمە ویستمان هەیە و تەنانەت لایەنی ئازەربایجانیش ویستی هەیە و دەخوازێت ئەم سەردانە زۆر ئاسۆی نوێ بکاتەوە؛ بۆیە ئەو کەسایەتییەکی نیشتمانییە و شانازی پێوە دەکەین و سەربەرزین پێی. ئێمە وەکو باڵیۆزخانە رژدین و جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەینەوە بۆ سەرخستنی ئەم سەردانە، لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات دەبێت.
رووداو: پێتوایە لە چ بوارێکدا عێراق و ئازەربایجان دەتوانن زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانیان بدەن و فراوانتری بکەن؟ چ بوارێک زیاتر رێگەخۆشکەرە و دەکرێت لەوێوە دەستپێبکرێت؟
مەکی رێسان: یەکەم شت، هەردوو وڵات وڵاتی هەناردەکاری وزەن؛ نەوت و گاز. هەروەها هەردوولا ئەندامی رێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەسن. بۆیە دۆسیەی وزە لە دۆسیە لەپێشینەکاندایە. بەڵام ئێمە هیوامان هەیە، عێراق ئێستا پێویستی بەوەیە سەرچاوەکانی فرەچەشن بکات نەک تەنیا تیشک بخرێتە سەر وزە، وەکو بابەتی گەشتوگوزار و زۆر ئاسۆی دیکە، پەنا بەخودا ئەمە هاندان دەبێت بۆ وەبەرهێنان بۆ هەردوو وڵات، هیواداریشین ئاسۆی زیاتر بکاتەوە. ئازەربایجان توانای هەیە و کۆمپانیای هەیە کە کار دەکەن؛ یەکێک لە کۆمپانیاکان باڵەخانەی بانکی ناوەندیی عێراق دروستدەکات، هەروەها هاوئاهەنگی هەیە لە بواری وزە لەگەڵ کۆمپانیای سۆکات و کاری هەڵکەندنی بیر دەکەن، زۆر بابەت هەن کە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت لەم سەردانە.
رووداو: لە ئازەربایجان هەزاران ساڵە کورد هەن، هاونیشتمانی کوردن و هاووڵاتی ئازەربایجانن و ژمارەیان زۆرە. وەکو باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتیی عێراق لە ئازەربایجان هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ کەسایەتییەکانی کورد هەیە لەو وڵاتە؟
مەکی رێسان: بەڵێ لە راستیدا هەیە، رەوەندێکی نەتەوەی کورد لە ئازەربایجان هەیە. ئێمە وەکو باڵیۆزخانە کراوەین بۆ مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییانی ئازەربایجان بە هەموو نەتەوەکانیانەوە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ رەوەندی کوردی هەیە، بەتایبەتی لەکاتی سەردانەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەڕێز شاخەوان [عەبدوڵڵا]، دیداری هەبوو لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە رەوەندی کوردی. باڵیۆزخانە کراوەیە و لەوپەڕی ئامادەیین بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئەم رەوەند و نەتەوە بەڕێزە کە بەشێکە لە پەیوەندی نێوان هەردوو گەل، کە نەتەوەی تورکمان و نەتەوەی کورد هەن، هەروەها خاڵی هاوبەشە، هەمان نەریتە و زۆر بابەتی دیکە.
رووداو: بەڕێز مەکی ریسان، سەرۆکی شاندی دیپلۆماسی عێراق لە ئازەربایجان، سوپاست دەکەم کە میوانم بوویت.
مەکی رێسان: سوپاس بۆ ئێوە، پەنا بە خودا ئەم سەردانە ئەو ئامانجانە بەدی دەهێنێت کە لێی چاوەڕوان دەکرێت. سوپاس بۆ تۆ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ