جووەكان كردنەوەی پەرستگاكەیان لە كوردستان دوادەخەن

17-05-2016
یودیت نیورینگ
نیشانەکردن کوردستان جوو پەرستگا
A+ A-

رووداو- هەولێر

نوێنەری جووەكانی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەو پەرستگایەی بڕیار بوو لە هەرێمی كوردستان بیكەنەوە بۆ كاتێكی نادیار دوایانخستووە، لە جیاتی ئەوە ناوەندێكی كولتوورییان كردووەتەوە كە جووەكان دەتوانن لەو ناوەندە ئەركە ئاینییەكانیان جێبەجێ‌ بكەن.

ئەمساڵ بۆ یەكەمجار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری هەولێر یادی شەش ملیۆن قوربانی هۆڵۆكۆست كرایەوە. بۆنەكە لەلایەن شێرزاد مامەسێنی، نوێنەری جووەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان رێكخرا، هەر خۆیشی سەرپەرشتیاری بۆنەكە بوو.

بۆنەكە بە داگیرساندنی شەش مۆم كۆتایی پێهێنرا كە هەر مۆمێك نیشانەیەك بوو بۆ یەك میلیۆن كەس لەو جووانەی لەلایەن دەسەڵاتی نازییەكان و لە چوارچێوەی هەڵمەتی هۆڵۆكۆستدا كوژران.
 هۆڵۆكۆست لە سییەكان و چلەكانی سەدەی رابردوودا لە لایەن حكومەتی نازییەكانی ئەڵمانیاوە بەڕێوەچوو كە تێیدا نزیكەی شەش ملیۆن جوو كوژران.

ئەگەرچی مەراسیمەكە تایبەت بوو بە یادكردنەوەی قوربانیانی هۆڵۆكۆست، بەڵام لە گوتارەكاندا ئاماژە بە جینۆسایدەكانی پاش هۆڵۆكۆست لەم ناوچەیەش درا، لەوانەش ئەنفال كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە بەڕێوەچوو، هەروەها كوشتار و رفاندنی هەزاران كوردی ئێزدی لە لایەن چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).

نوێنەرانی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا، فەرەنسا، رووسیا و نوێنەرانی كڵێسەكانی ئاشووری و ئەرمەنەكان لە هەرێمی كوردستان ستایشی ئەو دەستپێشخەرییەیان كرد كە تێیدا مەراسیمێكی تایبەت بە یادكردنەوەی هۆڵۆكۆست لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.

رۆی پێرین، جێگری كۆنسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر سەبارەت بە مەراسیمەكە رایگەیاند "یادكردنەوەی قوربانیانی هۆڵۆكۆست زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی گەرەنتی ئەوە بكرێت هیچكات رووداوی لەم شێوەیە روونەداتەوە. گرنگە هەموومان دان بەوەدا بنێین كە چی روویداوە، بۆ ئەوەی هەرگیز لەبیر نەكرێت."

بۆنەكە لە نووسینگەی نوێنەرایەتی كوردە جووەكان لە هەولێر بەڕێوەچوو، لە باخچەی نووسینگەكەشدا پێشانگایەكی وێنەی دادگاییكردنی جووەكان لەلایەن نازییەكانەوە كرابووەوە.

لەكاتی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 1948 زۆربەی جووەكانی عێراق كە ژمارەیان خۆی لە 150 هەزار كەس دەدا، لە عێراق دەركران، بەڵام سەدان جووی هەرێمی كوردستان بڕیاریان دا لە پێناو مانەوەیان لە كوردستان ئاینی خۆیان بۆ ئیسلام بگۆڕن.

لەوەتەی حكومەتی بەعس رووخاوە، بەشێكی زۆر لە منداڵان و نەوەكانی ئەم جووانە بڕیاریان داوە بە ئاشكرا باسی رەچەڵەكی جووی خۆیان بكەن، لە كاتێكدا بەهۆی كردەوەی توندڕەوانەی داعشەوە جۆرێك لە هەستی نەرێنی بەرامبەر بە ئیسلام خەریكە سەرهەڵدەدات.

دوای چەندین دەیە بۆ یەكەمجار لە ماوەی مەراسیمەكەدا جووەكان كڵاوی یارمولكا یانیش كیپاهیان لە سەركردبوو.
مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی بەشی پێكەوە ژیانی ئایینەكان لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە كرد "ئەمە ئەركی ئێمەیە پشتگیری لە ئایینی جوو بكەین، كاتێك سەیری شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان دەكەیت دەبینیت زۆر لە خێزانی جووەكان رزگاریان بووە".

ئەگەرچی ژمارەی وەچەی خێزانە جووەكانی هەرێمی كوردستان كە بە بن جوو ناسراون، دیار نییە، بەڵام مەزندە دەكرێت خۆی لە هەزاران كەس بدات، بەڵام هیچ پەرستگایەكی تایبەت بە جووەكان لە هەرێمی كوردستاندا نەماوە. مەریوان نەقشبەندی دەڵێت ئەوە ئەركی بەشەكەی ئەوە سەرلەنوێ پەرستگایەك بۆ نوێژ و نزای جووەكان لە هەرێمی كوردستان دروستبكات. بەڕای نەقشبەندی لەگەڵ كردنەوەی پەرستگایەك بۆ جووەكان "كۆمەڵگەی جووەكان جارێكی دیكە سەرلەنوێ دەبووژێتەوە".

مامەسێنی ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان پێشتر بەنیازبوون پەرستگایەكی تایبەت بە جووەكان لە هەرێمی كوردستان بكەنەوە، بەڵام ئێستا بڕیاری داوە كردنەوەی پەرستگای جووەكان بۆ كاتێكی نادیار دوابخات، بۆیەش یەكەم هەنگاویان، لەبری كردنەوەی پەرستگاكە، كردنەوەی ناوەندێكی كەلتووری دەبێت كە تێیدا خەڵك بە جوو و ئاینی جوو ئاشنا دەكرێن.

مامەسێنی سەبارەت بە ناوەندەكە گوتی "ئەم ناوەندە بەڕووی هەموو كەسێكدا كراوەیە، منداڵانی مەسیحی و موسڵمانیش دەتوانن سەردانی بكەن، بەبێ ئەوەی ئایینی خۆیان بگۆڕن. ئامانجی سەرەكی ئێمە ئەوەیە ئەو وێنەیە بگۆڕین كە لە مێشكی كورد بەرامبەر بە جووەكان هەیە."

شێرزاد پێیوایە بۆ ئەوەی بتوانن پەرستگای جووەكان بكەنەوە، دەبێت تێڕوانینی خەڵك بەرامبەر بە جووەكان بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو نایەوێت بە كردنەوەی پەرستگایەك لە كوردستان گیانی خەڵك بخاتە مەترسییەوە، ئەگەرچی بە گوتەی ئەو "ئەوە حەفتا ساڵە جووەكان بە دزییەوە لە ماڵەكانی خۆیان نوێژ دەكەن"، بەڵام گوتیشی: "ژیانی خەڵكی خۆمانم پێ لە كردنەوەی پەرستگایەك گرنگترە".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە