دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق

کاژێر حەوتى بەیانیی ئەمڕۆ ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.

18-12-2023

18:00

کاتی فەرمی دەنگدان کۆتایی هات

لۆگۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق.
 
ئێستا کاژێر 18:00یە و کاتی فەرمی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک کۆتایی هات.
 
تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتەکەی.
 
لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێر هەبوو.
 
یەکەمجار بوو لەدواى ساڵى 2013ەوە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت و یەکەمجاریشە لەدواى ساڵى 2005ەوە هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
 
بەگوێرەى ئامارى فەرمى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو کاژێر 12:00ى نیوەڕۆ تێکڕاى بەشداریی دەنگدەران لە 15 پارێزگاکە زیاتر لە 16% بووە؛ زۆرترین رێژەى بەشدارى لە کەرکووک بووە کە 32% بووە و کەمترین رێژەى بەشداریش لە پارێزگاکانى میسان و دیالە بووە کە 11% بووە.
 
 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەبوو. بۆ ئەو مەبەستە حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەى دەنگدان ئامادە کرابوون.
 
ئەرکى ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگانیان و پەسندکردنى پارەى پڕۆژەکانە.
 
تێکڕاى ژمارەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنى تێدا کرا 285 کورسییە؛ 75 کورسی کۆتای ژنن، 10 کۆتاى پێکهاتەکانى کریستیان، کوردی شەبەک، کوردى ئێزدى، کوردى فەیلی و سائیبەى مەندایین.
 
206 هەزار و 429 فەرمانبەر سەرپەرشتیى پڕۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانیان کرد و 111 هەزار و 714 کامێراى چاودێریش لە بنکە و ناوەندەکانى دەنگدان دانرابوون بۆ چاودێریکردنى پڕۆسەى دەنگدان.
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەدواى 24 کاژێر لە داخستنى سندووقەکانى دەنگدان، ئەنجامى بەرایی رادەگەیێندرێت کە دەکەوێتە کاژێر 18:00ـی رۆژی سێشەممە، 19ى کانوونى یەکەم. 
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:36

لە زوممار بەڕێوەبەری بنکەیەکی دەنگدان لەدوای دوو کاژێر دەستگیرکردنی، ئازادکرا

بنکەیەکی دەنگدان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بەڕێوەبەری بنکەی 3ـی دەنگدان لە ناحیەی زوممار، کە پێشتر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو، ئازادکرا و گەڕایەوە بنکەکەی. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، بۆ نزیکەی دوو کاژێر راگیرا و گرفتەکە چارەسەرکرا.
 
بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، هێزێکی چەکدار بەڕێوەبەری بنکەیەکی دەنگدانیان بە ناوی باسڵ عوسمان لە گوندی کارێزی سەر بە ناحیەی زوممار لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکرد.
 
باسڵ عوسمان بەهۆی ئەوەی سکاڵای پێشێلکاری لەسەر تۆمارکراوە، بۆ ماوەی دوو کاژێر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە راگیراوە لەو ماوەیەشدا پڕۆسەی دەنگدان لە بنکەکە بەردەوام بووە.
 
ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوبەری ناحیەی زوممار لەوبارەوە بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''باسڵ عوسمان بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان دەستگیرکرا، دواتر یەکسەر پەیوەندیمان بە کۆمیسیۆنەوە کرد و بە دەستوەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بابەتەکە چارەسەر کرا.''
 
وەک بەڕێوبەری ناحیەی زوممار دەڵێت، بەرپرسی بنکەکە دوای ئازادبوونی، گەڕاوەتەوە بنکەی دەنگدان و لە کارەکەی دوورنەخراوەتەوە.
 
پێشتر لیوا عەبدوڵخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەبارەی چۆنیێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە رووداوی گوت، هەرچی تایبەتە بە ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنووری مادەی 140، تائێستا لە بازگەکان خەڵک بە ئازادانە هاتووچۆ دەکەن و هیچ رێگرییەک لە هاووڵاتییان ناکرێت، ''تەنیا یەک یان دوو پێشلکاری لەسەر چاودێرەکانمان لە زوممار و بەرتلەی سەر بە پارێزگای نەینەوا کراوە کە سەرقاڵین بزانین هۆکارەکەی چی بووە.''
 
وەک عەبدولخالق تەڵعەت دەڵێت، ئەوانەی دوورخراونەتەوە یان دەستگیرکراون چاودێری لایەنە سیاسییەکان بوونە، گوتیشی، ''ئەو دوو چاودێرەی (بریکار) لە زوممار و بەرتلە دوورخراونەتەوە تایبەتن بە پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین بۆ زانینی هۆکاری دوورخستنەوەیان و چارەسەرکردنی کێشەکە.''
 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
 
 

 

 

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

17:24

بەڕێوەبەری بنکەیەکی دەنگدان لە زوممار دەستبەسەر دەکرێت

بنکەیەکی دەنگدان لە موسڵ
بنکەیەکی دەنگدان لە موسڵ
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو کە ئەمڕۆ بۆ رووماڵی هەڵبژاردن لە ناحیەی زوممار و دەوروبەریەتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێک چووەتە سەر بنکەی 3ـی دەنگدان لە گوندی کارێز لە زوممار و بۆ ماوەی دوو کاژێر بەڕێوەبەری بنکەکەیان دەستبەسەر کردووە.
رووداو دەزانێت، بەڕێوەبەری بنکەکە ناوی باسل عوسمانە و دواتر گەڕاوەتەوە سەر کارەکەی خۆی.
لەوبارەیەوە، ئەحمەد جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی زوممار رووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و بە تۆڕی  میدیایی رووداوی گوت، "لە دەوروبەری کاژێر 11:00 بۆ 11:30، هێزێکی چەکدار چوونەتە سەر بنکەی 3 لە گوندی کارێز، گوتیان سەر بە قائیدی عەمەلیات بوون، ئێمە یەکسەر هاتینە سەر هێڵ و پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەکو کۆمیسیۆنەوە کرد و دواتر کێشەکە چارەسەر کرا".
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو هێزە بەناوی هەبوونی سکاڵا لەسەر ئەو بنکەیە بەڕێوەبەرەکەیان دەستبەسەر کردووە، بەڵام کۆمیسیۆن چارەسەری کردووە و کارەکان بەردەوامن.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:22

بەرپرسێکی کۆمیسیۆن لە کەرکووک: پێشبینی دەکرێت بەشداریى دەنگدان زیاتر لە 50% بێت

هاونیشتمانییان لە کەرکووک دەچن بەرەو دەنگدان. وێنە: رووداو
 
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى نووسینگەى کەرکووکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەشداریى لە دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە کەرکووک، بگاتە زیاتر لە 50%.
 
رۆژی 18ى کانوونى یەکەمى 2023، عەبدولباست دەروێش، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداى راگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆ رێژەى بەشداریى دەنگدەرانى کەرکووک لە دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق گەیشتە 33% و پێشبینی دەکرێت تێکڕاى رێژەى بەشداریى دەنگدەران بگاتە زیاتر لە 50%.
 
 عەبدولباست دەروێش گوتیشى، "پاشنیوەرۆى ئەمڕۆ چوونی دەنگدەران بۆ بنکەکانی دەنگدان لە کەرکووک بەراورد بە پێش نیوەڕۆ زیاتر بووە".
 
813 هەزار و 590 کەس لە کەرکووک مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتى ئەو پارێزگایە هەیە بۆ دیاریکردنى 16 کورسى ئەنجوومەنى پارێزگای شارەکە کە یەکەمجارە لە دواى 18 ساڵ ئەو هەڵبژاردنە لەو پارێزگایەدا بکرێت.
 
بەگوێرەى ئامارى فەرمى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، تاوەکو کاژێر 12:00 رێژەی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک لە 32% و لە پارێزگای ئەنباریش 27‎% بووە.
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە. زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:20

پەرلەمانتارێکی کەرکووک: دەبێ یەکێتی و پارتی دەرگەی گفتوگۆ بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک بکەنەوە

هەڤپەیڤینی نوێنەر فاتیح لەگەڵ دیلان غەفوور.
هەڤپەیڤینی نوێنەر فاتیح لەگەڵ دیلان غەفوور.
نوێنەرێکی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق داوا لە یەکێتی و پارتی دەکات دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردن دەرگای گفتوگۆ بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد لە کەرکووک بکەنەوە و دەشڵێت، دەبێت پارێزگاری داهاتووی کەرکووک خواستی زۆرینەی لایەنەکانی لەسەربێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
 
رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەم، دیلان غەفوور، پەرلەمانتاری کورد لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو رایگەیاند، "ئەمڕۆ کورد بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە بەرەو سندووقەکانی دەنگدان رۆیشتوون و داواشمان ئەوەیە هەموو کوردی کەرکووک، ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە و نەچوونەتە سەر سندووقەکان، لەو ماوەیەی ماوە، بڕۆن و دەنگ بدەن".
 
دیلان غەفوور دەڵێت، "لەدوای ساڵی 2017ـەوە نادادپەروەرییەکی زۆر لە کەرکووک هەبووە و ئەو پارێزگارەی بۆ پارێزگاکە دانراوە، کەسێکی شۆڤێنی بووە و بە عەقڵیەتێکی تەسک کاری کردووە، بەڵام ئەزموون پێمان دەڵێت کە ئەم جۆرە سیاسەتە بۆ کەرکووک بەکارنایەت و خەڵک تێگەیشتن تاکە رێگە بۆ گۆڕینی ئەو جۆرە دەسەڵاتە، دەنگدانە".
 
ئەو پەرلەمانتارە کوردە باس لەوە دەکات کە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی بەڕێوەبەرە کوردەکان لە پۆستەکانیان لادراون و گوتی، "کێشەی هەرە گەورەی ئێمە لەگەڵ پارێزگار و کارگێڕیی شارەکە گۆڕینی ئەو بەڕێوەبەرە کوردانە بوو. هەمیشە دووپاتمان لەوە دەکردەوە کە کەرکووک شاری پێکەوەژیانە و ئەو پۆستانە پشکی کوردن و نابێ بیانگۆڕن".
 
بە گوتەی دیلان غەفوور، "تاوەکو ئێستا لیستە کوردستانییەکانی کەرکووک لەپێشەوەن. ئێمە ئەگەر وەکو یەکێتی زۆرینەی دەنگەکانیش بەدەست بهێنین، چاومان لەوەیە پێکهاتەکانی دیکەش بەشداربن لە بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکە و نامانەوێت سیاسەتی شەش ساڵی رابردوو دووبارە بکەینەوە". لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستانیش گوتی، "ئەگەر ئێمە دەرگامان بۆ پێکهاتەکانی دیکە کراوەبێت، بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە دڵنیاییەوە دەرگامان واڵایە".
 
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، "پێویستە لە کەرکووک نێوماڵی کورد یەکگرتوو بێت و دەنگی کورد لەو پارێزگایە بەرەو ئاراستەی دانانی پارێزگارێکی کورد ببرێت" و گوتی، "بەرپرسیارێتیی یەکێتی و پارتی لە دوای ئەم هەڵبژاردنە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی نوێیە. پێش هەڵبژاردن یەکێتی خواستی لەسەر ئەوەبوو هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان پێکبهێنێت و بە هەر هۆکارێک بێت، ئەو هاوپەیمانێتییە پێکنەهات، بەڵام لەدوای هەڵبژاردن دەبێت یەکێتی و پارتی دەرگای گفتوگۆ بکەنەوە بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی کەرکووک بکات".
 
ئەم گوتانەی دیلان غەفوور لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاژێر 7:00 دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و کەرکووک دەستی پێکرد و تاوەکو کاژێر 6:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت. 
 
کورد لە کەرکووک بە پێنج لیست بەشدارى لە هەڵبژاردنەکەدا کردووە کە بریتین لە لیستى کەرکووک هێز و ئیدارەمانە (یەکێتى و شیوعی)؛ لیستی پارتى دیموکراتى کوردستان؛ هاوپەیمانیى مەشخەڵى کەرکووک کە یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و کۆمەڵى دادگەرى کوردستان پێکیانهێناوە؛ لیستى نەوەى نوێ؛ حیزبى سۆسیالیست دیموکراتى کوردستان.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:10

هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی چاودێریی هەڵبژاردن: تاوەکو نیوەڕۆ 541 پێشێلکاریمان تۆمارکردووە

بنکەیەکی دەنگدان لە گەڕەکی ئیسکانی کەركووک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەشداری لە دەنگدان 25٪ بووە، دەشڵێت پێشبینی دەکەن رێژەکە زیاتر ببێت، هاوکات بەپێی سەرۆکی یەکێک لە رێکخراوەکانی ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە 541 پێشێلکاریی و رووداویان تۆمارکردووە.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 18-12-2023، هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە حەوت رێکخراو و تۆڕ ئەندامن تێیدا راپۆرتی یەکەمی لەبارەی رۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بڵاوکردەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "رێژەی دەنگدان تاوەکو نیوەڕۆ گەیشتووەتە 25.38٪."
 
هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی رێگەنەدان بە بردنە ژوورەوەی مۆبایل، ژمارەیەکی زۆر لە راپۆرتی چاودێرانیان پێنەگەیشتووە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە فۆرمی چاودێری و مۆبایل ببەنە ژوورەوە.
 
هاوپەیمانێتییەکە دەڵێت، تاوەکو ئامادەکردنی راپۆرتەکە، 706 راپۆرتیان لەلایەن چاودێرانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقەوە پێگەیشتووە. ئەو وێستگە و بنکانەشی کە راپۆرتەکانیان لەبارەوە هاتووە 401 هەزار و 33 دەنگدەریان هەبووە.
 
بەپێی راپۆرتی ئەو هاوپەیمانێتییە تاوەکو کاژێر 12:00ـی پاشنیوەڕۆ 541 رووداو و پێشێلکاری تۆمارکراون، لەنێویاندا 115 پێشێلکاری بریتی بووە لە بانگەشەکردن لە دووریی کەمتر لە 100 مەتر لە بنکەکانی دەنگدانەوە، جگە لەوەی ئەو کەسانەشی بۆیان نییە بچنە نێو وێستگەکانەوە 21 پێشێلکاری بووە. 20 پێشیلکارییشیان بریتی بووە لە ناڕێکخستن لە چوونەژوورەوەی دەنگدەران، 16 دەرکردنی بەربژێران یان بریکارانی لایەنە سیاسییەکان لە ژووری دەنگدان، جگە لە 13 پێشێلکاریی دەرکردنی چاودێران لە بنکەکانی دەنگدان یان رێگریکردن لێیان یان لێوەرگرتنەوەی باجەکانیان.
 
هاوپەیمانێتییەکە 31 راوەستانی ئامێرەکانی لێکۆڵینەوەی تۆمارکردووە، جگە لە ئامادەنەبوونی ئەندامانی کۆمیسیۆن لە کاتی دەنگدان کە 18 جار بووە، جگە لەوەش راوەستانی دەنگدان بەهۆکاری جیاواز 26 جار تۆمارکراوە.
 
ئەحمەد حوسام، سەرۆکی دامەزراوەی نوور، کە ئەندامە لە هاوپەیمانیی تۆڕ و رێکخراوەکانی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، 18-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرباری تێبینییەکانمان و ئەو خاڵە نەرێنییانەی باسمانکردوون، چەند خاڵێکی دیکەی ئەرێنیشمان تۆمارکردووە، بەڵام بەگشتی کەمیی رێژەی دەنگدان یەکێکە لە دیارترین ئەو تێبینییانەی هەبوون، بەڵام بەگشتی پێشبینی دەکەین لە دوای نیوەڕۆوە تاوەکو داخستنی بنکەکان رێژەی دەنگدان زیاتر ببێت و خەڵکێکی زیاتر بەشداری لە دەنگدان بکەن."
 
 

 

 
 
زیاتر بخوێنەوە

17:05

رێژەی بەشداریی هەڵبژاردن لە گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک

رووداو
 
رێژەی بەشداری و دەنگدان بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو:
 
لە کەرکووک لە بنکەی 11 ئازار لەکۆی 3351 دەنگ 1910 دەنگ دراوە. لە بنکەی ژینۆ - رەحیماوا لەکۆی 3165 دەنگ 1880 دەنگ دراوە. لە بنکەی مهاباد لەکۆی 2352 دەنگ 1112 دەنگ دراوە. لە بنکەی سەرچنار لە شۆرجە 1763 دەنگ دراوە. لە بنکەی شۆراو لەکۆی 1475 دەنگ 960 دەنگ دراوە. لە بنکەی میعراج لە ئەسراو مەفقودین لەکۆی 3 هەزار دەنگ 1683 دەنگ دراوە.
 
لەلایەکی دیکە، بەگوێرەی پەیامنێری رووداو، لە سنووری قەزای مەخموور رێژەی دەنگدان "یەکجار کەمە".
 
لە مەخموور 23 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و ئێستا لە مزگەوتەکانەوە بانگەواز دەکرێت بۆ دەنگدان.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

17:00

یەک کاژێر کاتی فەرمی بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان ماوە

خێزانێک لە سەنتەری شاری موسڵ دەچنە دەنگدان، دایکەکە نەخۆشە و لەسەر عەرەبانە هێناویانە. وێنە: رووداو
 
لە سەرلەبەیانی کاژێر 07:00ـەوە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە، بەگوێرەی کۆمیسیۆن تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت.
 
تاوەکو ئێستا هیچ بریارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی کاتی هەڵبژاردنەکە.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی رێژەی بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن بەپێی پارێزگاکان تاوەکو کاژێر 12، کەرکووک زۆرترین بووە؛ بەم شێوەیەیە: 
 
کەرکووک: 32% 
بەسرە: 19%
میسان: 11%
قادسیە؛ 16%
زیقار: 13%
نەجەف: 13%
موسەننا: 14%
بەغدا/ کەرخ: 11%
بەغدا/ رەسافە: 9%
کەربەلا: 15%
بابل: 17%
دیالە: 11%
ئەنبار: 27%
واست:13%
سەلاحەدین: 26%
نەینەوا: 23%
زیاتر بخوێنەوە

16:32

کۆمیسیۆن بۆ رووداو: پێشبینی دەکەین رێژەی بەشداریکردن 60٪ تێپەڕێنێت

بنکەیەکی دەنگدان لە خورماتوو. وێنە: پێشەوا بەختیار - رووداو
ئەندامێکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکەن رێژەی بەشدارییکردن 60٪ تێپەڕێنێت.
 
حەسەن قەبەس، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی دووشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە کاژێر 7:00ی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان کراونەتەوە، تا ئێستا هیچ پێشکارییەک تۆمارنەکراوە لە رووی ئەمنی و تەکنیکی کارکردنی ئامێرەکانی دەنگدانەوە".
 
حەسەن قەبەس، جەخت لەوەدەکاتەوە، "ئامێرەکانی دەنگدان زۆر بەباشی کاردەکەن، هیچ کەموکوڕییەک تۆمارنەکراوە، پلانی ئەمنی زۆر بە باشی بەڕێودەچێت. دەنگدەران زۆر بە باشی دەگەنە ناوەندەکانی دەنگدان".
 
ئەندامەکەی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە "تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن بە فەرمی رێژەی بەشداری لە دەنگدان بڵاونەکردووەتەوە، لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا رێژەی بەشداریی تاوەکو کاژێر 12:00ی نیوەڕۆ بڵاودەکاتەوە، بەڵام "پێشبینی دەکەین، تاوەکو داخستنی سندوقەکانی دەنگدان رێژەی بەشدارییکردن 60٪ تێپەڕێنێت".
 
هاوکات نیبراس ئەبو سۆدە، ئەندامی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ کۆمسیۆن روون بووەتەوە کە بەشدارییکردن لە هەڵبژاردن لە بەیانیان زۆر نییە، بەڵام بۆ ئێوارەکەی ژمارەی دەنگدەران زیاد دەکات".
 
سەبارەت بە سکاڵا، ئەبو سۆدە گوتی، "تائێستا ئاماری سکاڵاکان بەردەست نییە، بەڵام شتێکی سروشتییە سکاڵا بکرێت، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردن ژمارەی سکاڵان بڵاودەکرێنەوە". 
 
 
 

 

 

 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:14

خالید شوانی: هەندێک کێشەی تەکنیکی کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت

خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لێدوان بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک دەدات.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق لێدوان بۆ هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک دەدات.
 
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، هەندێک کێشەی تەکنیکی لە پڕۆسەی دەنگداندا بینراوە و کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامەکان دەبێت، گوتیشی، ''لە کەرکووک دەبێ لەپێناو کۆتاییهێنان بە نادادپەروەری و جیاکاری بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان''.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کراونەتەوە و پڕۆسەکە تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
 
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە کەرکووک گوت، ''تائێستا پڕۆسەی دەنگدان بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت، بەڵام کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی هەن، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەنجەمۆریان ناخوێندرێتەوە کە چارەسەرێکیان بۆ نەدۆزراوەتەوە و ژمارەیان زۆرە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان دروست دەکات".
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات؛ خالید شوانی جەختی لەوە کردەوە، ''دەبێ بە رێژەیەکی زیاتر بەشداری هەڵبژاردن بین، چونکە تەنیا بە دەنگدان دەکرێ ئەنجامی پڕۆسەکە بە ئاراستەی خزمەتکردنی هێزە کوردستانییەکان بگۆڕین''.
 
وەزیری دادی عێراق رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە رۆژێکی ''تایبەت و مێژوویی'' بۆ کەرکووک ناوبرد و گوتی، ''ئەمڕۆ چوار ساڵی داهاتووی کەرکووک دیاری دەکرێت، بۆیە لێرەوە داوا لە هەموو هاووڵاتیانی کەرکووک دەکەم بەتایبەتی کوردستانییان، بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و لەپێناو کۆتاییهێنان بەو دەسەڵاتە نادادپەروەر، جیاکار و  دژی کوردە دەنگ بدەن".
 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.

 

 

زیاتر بخوێنەوە

15:29

رێژەی بەشداری لە دەنگدان لە پارێزگاکانی باشووری کوردستان و عێراق

تاوەکو کاژێر 12:00 رێژەی بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان لە کەرکووک لە 32% و لە پارێزگای ئەنباریش 27‎% بووە. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش رێژەی بەشداریی سەرجەم پارێزگەکانی بڵاوکردووەتەوە دەڵێت، رێژەی بەشداریی دەنگدانی گشتی لە عێراق تاوەکو کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ گەیشتووەتە 17%. 
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردن تاوەکو کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق بڵاوکردووەتەوە و ئەنجامەکە بەمشێوەیەیە:

 

 بەسرە: 19٪

میسان: 11٪
قادسیە؛ 16٪
زیقار: 13٪
نەجەف: 13٪
موسەننا: 14٪
بەغدا/ کەرخ: 11٪
بەغدا/ رەسافە: 9٪
کەربەلا: 15٪
بابل: 17٪
دیالە: 11٪
ئەنبار: 27٪
واست:13٪
سەلاحەدین: 26٪
کەرکووک: 32٪
نەینەوا: 23٪

 

زیاتر بخوێنەوە

13:49

کۆمیسیۆن بۆ رووداو: ئامێرەکانی دەنگدان بەباشی و بێ هیچ گرفتێک کاردەکەن

بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە مەخموور. وێنە: هەژار جەوهەر - رووداو
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەڵبژاردن بەشێوەیەکی زۆر باش بەڕێوەدەچێت و ئامێرەکانی دەنگدانیش بەباشی و بێ هیچ گرفتێک کاردەکەن. 
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆن قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: لە هیچ وێستگەیەکی دەنگدان کێشە دروست نەبووە. هاوکات کەمێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، راپۆرتی نیوەی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و رێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە پرۆسەی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە. 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:20

رێگە بە وەزیری ناوخۆی عێراق نەدرا لە هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا دەنگ بدات

عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق
عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ چووە بنکەیەکی دەنگدان لە بەغدا بەمەبەستی دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، بەڵام رێگەی پێ نەدرا دەنگ بدات.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "وەزیری ناوخۆی عێراق کارتی دەنگدانی تایبەتی پێبووە؛ بۆیە ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات. بە هۆکاری ئەوەی لە دەنگدانی تایبەتیشدا دەنگی نەدابوو، ئیدی ناتوانێت دەنگ بدات. هەموو ئەو رێکارانەش گیراونەتەبەر ئەوە بوون کە پێی راگەیێندراوە ناتوانێت لە دەنگدانی گشتیدا دەنگ بدات."
 
عیماد جەمیل گوتیشی، "دەنگدان بێ کێشە و گرفت بەڕێوەدەچێت و لە هەموو بنکەکاندا تیممان هەیە بۆ ئەوەی هەر کێشەیەک دروست بوو، خێرا چارەسەربکرێت."
 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:00

شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ دەنگدەرانی کەرکووک: بە دەنگدان دۆخی شارەکە چارەسەر بکەن و بیگۆڕن

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، دەنگدان کۆتایی بە ''نەهامەتییەکانی چەند ساڵە''ـی کەرکووک دەهێنێت، داوا لە هاونیشتمانییانیش دەکات، ''بۆ سەرکەوتنی کورد هەموو گلەیی و دڵگرانییەکان بەلاوە بنێن و تێکڕا لە هەڵبژاردندا بەشدار بن.''
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 7ـى بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کراونەتەوە کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بنکەی دەنگدانی فارس لە کەرکووک دوای بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئەمڕۆ بۆ کەرکووک رۆژێکی گرنگە و دەبێت بە دەنگدان کۆتایی بەنەهامەتییەکانی چەند ساڵەمان لە داگیرکردنی زەوییەکان، گەندەڵی و نادادپەروەری بهێنین، دەبێت سەرجەم هاووڵاتییان بەهۆی ئەم نەهامەتییانەوە لە کەرکووک دەنگ بدەن.''
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ''زۆر گرنگە تەواوی هاونیشتمانییان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، بۆ ئەوەی ناسنامەی ئەم شارە بپارێزن، چونکە دەنگی ئەوان لە پاراستنی سنوورەکان لە کاتی شەڕی داعش کەمتر نییە.''
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جیاوازی لەگەڵ هەڵبژادنەکانی پەرلەماندا هەیە و بە بەدەستهێنان یان لەدەستدانی یەک کورسی، رەنگە هاوکێشەکان بگۆڕدرێن، گوتیشی، ''لە رابردوودا خەڵکی ئەم شارە نەهامەتیی زۆریان بینیوە، کاتی ئەوە هاتووە بە دەنگەکانیان بتوانن ئەم دۆخە سەپێندراوە بگۆڕن.''
 
بڕیارە کاژێر 18:00ـی ئێوارە کۆتایی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن بهێنرێت، شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت، ''هەر هاووڵاتییەکی کەرکووک لە هەر شوێنێکی ئەم کوردستانە دەتوانێت لەو ماوەیەدا بگاتەوە شارەکەی و لە هەڵبژاردندا بەشدار بێت، زۆر گرنگە سەرجەم گلەییەکان بەلاوە بنێین و بەشدار بین، چونکە دەبینین هەندێک لە گەڕەکەکانی خوارووی کەرکووک بە قەرەباڵخییەکی زۆرەوە بەشدارن.''
 
رۆژی شەممە 16-12-2023، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو، بەشێک لە ئامێرەکانی دەنگدان راپۆرتی کۆتاییان بەهۆی کێشەی هونەرییەوە نەنارد. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەم کێشانە دووبارە نابنەوە، چونکە کۆمیسیۆنی باڵا لە بەغدا دڵنیایی داوە کە کۆمپانیای کۆری سەرجەم کێشەکانی چارەسەرکردووە.''
 
شاخەوان عەبدوڵا جەختی لەوە کردەوە، ''گرنگە ئەمڕۆ خەڵکی کەرکووک بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دۆخی شارەکەیان چارەسەر بکەن و بیگۆڕن.'' 
  
زیاتر بخوێنەوە

12:57

فەهمی بورهان: دەبێت کەرکووک لە لایەن خەڵکی رەسەنی خۆیەوە بەڕێوە ببردرێت

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئامانج لە دەنگدان، گەڕاندنەوەی کەرکووکە بۆسەر کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''دەبێت بەڕێوەبردنی کەرکووک بکەوێتەوە دەست خەڵکی راستەقینەی."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، لە کاژێر 07:00ـى بەیانییەوە ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە. لەم هەڵبژاردنەدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.
 
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە کەرکووک گوت، هاونیشتمانییان بە هەستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە دێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و گوتی، ''ئەمڕۆ بەدوای نەخشەی دزراوی کوردستاندا گەڕاین، دۆزیمانەوە و و دەنگمان بە نەخشەکە دا. ئەم نەخشەیە [کەرکووک] دزراوە و دەبێ بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەکەی خۆی."
 
وەکو فەهمی بورهان دەڵێت، ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن تەنیا دیاریکردنی پارێزگار لەلایەن کوردەوە نییە، ''بەڵکو ئامانج گەڕانەوەی کەرکووکە بۆسەر کوردستان. هاتووین ئەم نەخشەیە تەواو بکەین. پشتیوان بە خودا ئەم رووبەری ستەمەی بۆ دانیشتووانی راستەقینەی شارەکە هەیە کەم دەبێتەوە."
 
لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017  گۆڕانکاری زۆر بەسەر دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستاندا هاتووە. کورد لە کەرکووک دەڵێن، کورد لەو ناوچانە بە تەواوی گۆشەگیر کراون و ستەمیان لێ دەکرێت. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوەی کە هەیە ''ئەو تەعریبە نوێیەیە کە لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەبینرێن.''
 
فەهمی بورهان گوتی، کورد بە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەبێتە بەشێک لە بڕیاردەری سیاسی و کارگێڕیی شارەکە کە ئێستا هیچ بڕیارێکی بەدەستەوە نەماوە، بەڵکو کەسانێک تێیدا کاربەدەستن کە خەڵکی رەسەنی کەرکووک نین و گوتی، "بێگومان بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکە زۆرێک لەم کێشانە چارەسەر دەکات."
 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

12:15

قوباد تاڵەبانی: دوای هەڵبژاردن ئەرکە لەسەر لایەنە سیاسییەکان لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا پێکەوە کاربکەن

قوباد تاڵەبانی بە رووداوی گوت، بەشداریی خەڵک بە جۆشەوە لە هەڵبژاردن جێگەی دڵخۆشییە و "سەرکەوتن تۆمار دەکرێت". گوتیشی، دوای هەڵبژاردنەکان ئەرکە لەسەر لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەگەر کێشەش لەنێوانیاندا هەبێت، لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا پێکەوە کار بکەن.
 
لە رووماڵی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان و هەوار جەلالەدین لە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ 04:00ـی ئێوارە پێشکێشی دەکەن، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەنێوان قەزاکانی خانەقین و کەلار سەرقاڵی هاندانی هاونیشتمانیان بوو بۆ دەنگدان، بە تەلەفۆن بەشداریکرد و گوتی، ئەو گەرم و گوڕییەی لە خانەقین و رێگەی کەلار دەیبینێت بۆ دەنگدان "پێویستی بە هاندان نییە."
 
تاڵەبانی کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە گوتی، "من، پێموایە رێژەی دەنگدان باش دەبێت؛ ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیبینین جوڵەیەکی دڵخۆشکەرە، پێموایە خەڵک هەستی بە مەترسی کردووە، کە ئەم هەڵبژاردنە هەستیار و چارەسنووسازە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کوردستان لەو ناوچانەدا."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، دەنگدانی هاونیشتمانیان دەبێتە هۆی دووپاتکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
 
قوباد تاڵەبانی گوتی، "ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنین و سەرکەوتن تۆماردەکەین". گوتیشی، بە دەنگدانی هاونیشتمانییان دەسەڵات دەگەڕێتەوە بۆ کورد لە کەرکووک و هەموو ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی باشووری کوردستان.
 
جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت، بۆ قۆناخی دوای هەڵبژاردنەکان، ئەرکە لەسەر لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەگەر کێشەش لەنێوانیاندا هەبێت، لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا پێکەوە کار بکەن.
 
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، جارێ زووە باسی ئەنجامەکان بکەن و گوتی، "نابێت کەسمان لەم پرۆسەیەدا کەمتەرخەم بین، هەمووان کار بکەین پێموایە ئەنجامەکان دڵخۆشکەر دەبن، نابێت بەم جۆش و خرۆشە بڵێین بەسە، چونکە کاتی زۆر ماوە بۆ دەنگدان."
 
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لەنێوان کەلار و خانەقین، پەیوەندی بە هاونیشتمانیانەوە کردووە و بەشێکیان گوتوویانە دەنگیان داوە و بەشێکیشیان گوتوویانە لە رێگەدان بۆ دەنگدان. گوتیشی. "ئەوانەی دەنگیان داوە، یەک کەس نەیگوتووە تووشی کێشە بووە لەکاتی دەنگداندا."
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ کوردستان کرد و گوتی، ئەگەر کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان بەهێز نەبێت، لە بەغداش بە‌هێز نابێت.
 
لەبارەی هاوئاهەنگییان لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکان و بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، قوباد تاڵەبانی گوتی، لایەنەکان ئێستا سەرقاڵی هەڵبژاردن و لیستەکانیانن و دوای هەڵبژاردن "بیر لە شتی دیکە دەکەنەوە."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:38

کورد لە کەرکووک بە جۆشەوە دەنگ دەدات؛ 'دەمانەوێت ئێوارە تەپڵی سەرکەوتن لێ بدەین'

هاونیشتمانییان لە کەرکووک بە گڕوتینەوە دەچنە بنکەکانی دەنگدان و دەنگ دەدەن. ئەوان بە جلی کوردییەوە بەشداری پرۆسەکە دەکەن و وەک جەژن سەیری دەکەن. ئەوەی دەنگدەری کورد بە هەموو بیروڕا جیاکانەوە باسی دەکەن بریتییە لە هەوڵێکی گەورەی "بەعەرەبکردن و ستەم بەرامبەر کورد" لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ـەوە، دەڵێن گرنگە کۆتایی بێت. 
 
"داوای مافی شەهیدەکانمان دەکەین"
 
هاونیشتمانییەک کە لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو لە شاری کەرکووک و دوای دەنگدانی لە وێستگەیەکی دەنگدان بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت، "رۆژێکی خۆشە و ئاواتی هەموو کوردە؛ کورد نەهامەتی زۆری بینیوە و شەهیدی زۆری داوە؛ هەموو کەرکووکییەک قەرزداری خوێنی هەموو شەهیدێکی کوردستانە لە هەر کوێ شەهید بووبێت. گرنگە ئەمڕۆ بێین و بیسەلمێنین ئێمە داوای مافی شەهیدەکەنمان دەکەین و مافی شەهیدەکانمان وەردەگرینەوە."
 
هاونیشتمانییەکی ژن کە ئەویش لە شەستەکانی تەمەنیدا بوو بە جلی کوردییەوە چووە دەنگی داوە و دەڵێت، "وەک جەژنە بۆ من؛ حەزدەکەم هەموو کەسێکیش وابێت؛ ئەم بەیانییە نوێژم کردووە و نەخەوتوومەتەوە، خواردنم وەکو جەژن ئامادە کردووە و هاتووم بۆ دەنگدان. پێم خۆشە کەس لە ماڵەوە نەمێنێت و هەمووان دەنگ بدەن، چونکە بۆ داهاتووی خۆمانە."

 

 
هاونیشتمانییەک بە دەم هەڵپەڕکێی بەردەم دەهۆڵ و زووڕناوە لای یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد گوتی، "هەڵپەڕکێکەمان بۆ ئەوەیە؛ هەر کەس لە ماڵەوەیە بێتە سەر سندووقی دەنگدان، با ئەو چەوساندنەوەی شەش ساڵی رابردوو هەبووە، نەمێنێت و لیستە کوردستانییەکان سەربکەون و کاروباری پارێزگاکە بەڕێوەببەنەوە."
 
هاونیشتمانیانی پردێ بە جلوبەرگی کوردییەوە دەنگ دەدەن
 
لە ناحیەی پردێ، هاونیشتمانییان بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. محەممەد عیسا، گەنجێکی ناوچەکەیە و دوای دەنگدانی بە پەیامنێری رووداوی گوت، "ئێمە بۆ کەرکووک حەز دەکەین پارێزگارێکی کوردمان هەبێت و دەنگمان بۆ ئەوەیە".
 
هاونیشتمانییەکی دیکەی پردێ بە بەختیار قادر، پەیامنێری رووداوی گوت، "ئەمڕۆ رۆژێکی مێژووییە؛ دەمانەوێت لەو عەرەبتارییەت و عەسکەرتارییەتەی هەیە رزگارمان بێت؛ لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ستەمێکی زۆرمان لێکرا. رۆژی هیمەتە و داوا دەکەم خەڵک بێنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن."

 

هاونیشتمانییەکی دیکە گوتی، دەنگی داوە و چاوەڕوانی خێزانەکەیەتی ئەوانیش بچن دەنگ بدەن؛ گوتیشی، "گرنگ ئەوەیە لیستی کوردستانی سەربکەوێت و ئێوارە تەپڵی سەرکەوتن لێبدەین بەسەر نەیارەکانماندا".
 
ژنێکی دیکە کە بە تەمەنێکی زۆرەوە لەبەردەم یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە پردێ چاوەڕوان بوو نۆرەی بێت و دەنگ بدات. بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە پردێ لێی پرسی "بۆ پێت گرنگە ئەمڕۆ دەنگ بدرێت؟" لە وەڵامدا ئەو هاونیشتمانییە گوتی، "ئەی کورد نین؟ کورد نابێت، بهێڵێت دەنگەکەی بسووتێت؛ پێم خۆشە خەڵک هەمووی بێت بۆ دەنگدان."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە کە ئەویش لەگەڵ هاوژینەکەیدا چاوەڕوانی چوونەژوورەوە بوو بۆ دەنگدان گوتی، "بە چاوانم دەنگ بە کورد دەدەم بۆ ئەوەی ئەو تەعریبە نەمێنێ؛ پێویستە هەموو بەشدار بن، ئەوەی دەنگ نەدا با نوێژ نەکات، رۆژوو نەگرێت و نەچێتە عومرە."
 
 
هاونیشتمانییەکی دیکەی شارۆچکەی پردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک گوتی، "چۆن وەکو خەڵکی کەرکووک بە گولـلە و چەک لە پێشەوە بووین، لە دەنگدانیشدا لە پێشەوە دەبین".

 

زیاتر بخوێنەوە

11:31

بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی عێراق: لە 24 کاژێردا ئەنجامی دەنگدان رادەگەیێنین

ئامێرێکی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنیی دەنگدان، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بەرپرسێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، "تا ئێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکانی دەنگدان نییە. ئەو کێشانەی لە دەنگدانی تایبەت هەبوون چارەسەرکراون و ئێستا ئامێرەکان تەنیا دەنگەکان تۆمار دەکەن و دوای کاژێر 6:00یش دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت و لە ماوەی 24 کاژێریشدا ئەنجام رادەگەیێندرێت."
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، د. هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تائێستا هیچ کێشەیەک لە ئامێرەکانی دەنگدان نییە. ئەو کێشانەی لە دەنگدانی تایبەت هەبوون چارەسەرکراون و دەنگدان بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەدەچێت."
 
لەبارەی راگەیاندنی ئەنجامەوە، د. هەیمان تەحسین گوتی، "ئەنجامی دەنگدانەکە دوای کاژێر 6:00ـی ئێوارە وردە وردە دەردەکەوێت، چونکە ئەو کات ئامێرەکان کۆنترۆڵ دەکرێن بۆ ئەوەی دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بکەن. پێویستە کۆمیسیۆنیش بە فەرمی لە ماوەی 24 کاژێردا ئەنجام بڵاوبکاتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەشڵێت، "ئێستا ئامێرەکان تەنیا دەنگەکان تۆمار دەکەن و دەست بە جیاکردنەوەی دەنگ ناکرێت بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت. دوای راگرتنی دەنگدان لە کاژێر 6ـی ئێوارە، دەست بە جیاکردنەوەی دەنگەکان دەکرێت."
 
د. هەیمان تەحسین دەڵێت، "بەگوێرەی یاسا، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بە ئەلیکترۆنی، لە چەند بنکەیەکی دەنگدانیش بە دەست دەنگەکان دەژمێردرێن بۆ بەراوردکردنی ئەنجامەکە بەو ئەنجامەی بەشێوەی ئەلیکترۆنی هەیە تاوەکو دڵنیا بین کە وەک یەک دەبێت."
 
لەبارەی وەرگرتنەوەی کارتی بایۆمەتری، د. هەیمان تەحسین گوتی، "هەر کەسێک کارتی وەرینەگرتووەتەوە دەتوانێت تاوەکو کاژێر 6:00ـی ئێوارە سەردانی بنکەکان بکات و کارتەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی دەنگ بدات."

 

 

 
زیاتر بخوێنەوە

11:05

لە بنکەیەکی شنگال بەهۆی بڕانی کارەباوە 45 خولەک دەنگدان راگیرا

بنکەیەکی دەنگدان لە شنگال، وێنە - رووداو
عەدلە بەکر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شنگال گوتی، لەدوای کاژێر 7ـی بەیانییەوە لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە ناوەندی قەزای شنگال، بەهۆی بڕانی کارەباوە ماوەی 45 خولەک پرۆسەی دەنگدان وەستا، بەڵام دواتر کارەبا گەڕایەوە بۆ بنکەکە و ئێستا پرۆسەکە ئاسایی بووەتەوە. 

 

زیاتر بخوێنەوە

11:00

میری کوردانی ئێزدی: ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمەی ئێزدی زۆر گرنگە

میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان
میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەڵێت، 80%ـی کوردانی ئێزدی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەژین و هەربۆیە پێویستە هەموویان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18-12-2023، میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان، دوای دەنگدانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە شێخان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجام دا و داوای لە دانیشتووانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرد بچن دەنگ بدەن.
 
میری کوردانی ئێزدی گوتی، "بە ئێزدییەکان دەڵێم، ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە و بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەنە ئەو نوێنەرانەی دەتانەوێت."
 
میر تەحسین بەگ گوتی، 80%ـی ئێزدییەکان لە پارێزگای نەینەوان و داوای کرد بۆ ئەوەی "بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان و کوردستان بکەن"، بەتایبەت لە شێخان و شنگال و شوێنەکانی دیکەی دەشتی نەینەوا بچن دەنگ بدەن.
 
میر حازم تەحسین بەگ ئاماژەی بەوەشکرد، کە دەنگی داوە و دڵخۆشە و هەڵبژاردنەکەی بۆ ئێزدییەکان بە "زۆر گرنگ" پێناسە کرد.
 
بەشی زۆری کوردانی ئێزدی خەڵکی سنووری شنگالن کە لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە.
 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:30

پێچەوانەی سەدر، خەزعەلی خەڵک هاندەدات دەنگبدەن

پێچەوانەی موقتەدا سەدر، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق داوا لە خەڵکی عێراق دەکات بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەکان بکەن و دەڵێت، "بەشدارینەکردن بێهیوابوون و شکستخواردنە"، کە بە گوتەی خۆی ئەوە "تایبەتمەندیی عێراقییەکان نییە."
 
خەزعەلی، پارتەکەی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیدایە، باس لەوە دەکات "زۆر کەس هەوڵیانداوە رەشبینی، بێ هیوایی و نائومێدی بڵاوبکەنەوە،" بەڵام دەڵێت، گەلی عێراق "رووبەڕووی بەربەستەکان دەبێتەوە و سەردەکەوێت".
 
ئەوە لە کاتێکدایە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر و کەسایەتیی کاریگەری سیاسیی وڵات، کە ساڵی 2022 دوای چەقبەستنی دوورودرێژی پێکهێنانی حکومەت، بڕیاریدا لە سیاسەت دووربکەوێتەوە، داوای لە لایەنگرانی کردووە هەڵبژاردن بایکۆت بکەن، چونکە بە گوتەی خۆی، بەشداربوونیان دەبێتە هۆی بەهێزبوونی چینێکی دەسەڵاتداری گەندەڵ. 
 
بە بڕوای سەدر، بایکۆتکردنی بەرفراوانی هەڵبژاردن "رەوایەتیی هەڵبژاردنەکە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی کەم دەکاتەوە،" ئەوە وەک لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی پێکردبوو. 
 
لە هەندێ شوێن، لایەنگرانی سەدر پۆستەری بانگەشەی هەڵبژاردنیان لێکردنەوە و هەڵکوترایە سەر ژمارەیەک نووسینگەی بانگەشە. لە شاری نەجەف کە بە بنکەی سەرەکیی جەماوەری سەدر دادەنرێت، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، هەزاران کەس خۆپێشاندانیان کرد بۆ رەتکردنەوەی هەڵبژاردنەکە. 
 
 
خەزعەلی کە لایەنگری ئێرانە و لە لایەن ئەمریکاوە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنراوە، گەشبینە بەوەی رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی گشتیی ئەمڕۆدا، زیاتر بێت لەوەی رۆژی شەممە، لە دەنگدانی تایبەتدا تۆمارکرا، کە 67٪ بوو. 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:26

پارتی و یەکێتی لە کەرکووک داوای بەشداری کارای هاونیشتمانییان لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن

هاونیشتمانییەکی بەتەمەن لە کەرکووک لە کاتی دەنگدان، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
 
هەردوو سەرۆکی لیستی یەکێتی و پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن دەنگ بدەن.
 
رۆژی دووشەممە 18-12-2023، رێبوار تەها، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوای دەنگدانی لە قوتابخانەیەکی کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە خەڵک دەنگ و رەنگی خۆیان بگەڕێننەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. هەڵبژاردنەکە دوای 18 ساڵ لە بێبەشکردنیان لەو مافە دێت؛ هەروەها دوای شەش ساڵ لە بێبەشکردنی کورد لە دەسەڵاتی کارگێڕیی پارێزگاکە هەڵبژاردن دەکرێت."
 
رێبوار تەها گوتی، "ئێمە گەلێکین لەم شارەدا خاوەنی دۆزی خۆمانین؛ دۆزەکەمان کەرکووکە و هیچی دیکە نییە؛ بۆیە لە پێناو پێشخستنی دۆزەکەمان، پێویستە هەموومان بەرەو سندووقی دەنگدان بچین؛ ئەمە مێژووە و پێویستە خەڵک ئەو مێژووە بۆ خۆیان تۆماربکەن و ئەو خراپەکارییەی ئەمڕۆ کۆتایی پێ بهێنن."
 
لە وەڵامی ئەوەی دوای هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاکە دەستپێشخەرییان چی دەبێت لەگەڵ پێکهاتە و لایەنەکانی دیکە، رێبوار تەها وەڵامی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە و گوتی، "بڕوامان بە هاوبەشی و پێکەوە ژیان هەیە؛ هەنگاوەکانمان بە هاوبەشی دەبن و لەگەڵ پێکەوەژیانداین لەپێناو پێشخستنی دۆزەکەمان. نامانەوێت هەنگاوێک بنێین ببێتە هۆکاری دروستبوونی مەترسی لەسەر هاووڵاتییەکانمان و دۆزەکەمان."
 
هەروەها حەسەن شێخانی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە
هاونیشتمانییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و رایگەیاند، "گرنگ ئەوەیە هاونیشتمانییان بچنە سەر سندووق و دەنگی خۆیان بدەن."
 
حەسەن شێخانی گوتی، رێژەی بەشداریکردنی خەڵک باشە، بەڵام ئەوان ئومێد دەکەن رێژەی بەشداریی زیاتر بێت؛ گوتیشی، "هاونیشتمانییان دەبێت بچن بۆ دەنگدان و رابردوومان بکەنە پێوەر بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتکاریان بین."

 

 

زیاتر بخوێنەوە

10:20

هاونیشتمانییەکی بەتەمەنی کەرکووک: کێشەکەم چارەسەر بکەن

مام سابیر قسە بۆ رووداو دەکات
مام سابیر قسە بۆ رووداو دەکات
مام سابیر، پیاوێکی بەتەمەنی کوردە لە کەرکووک، کارتی دەنگدانی بەرزکردووەتەوە و قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات، دەڵێ "بەهۆی ئەوەی وێنەی پێوە نییە، نەیانهێشت دەنگ بدەم."
 
ئەو هاونیشتمانییە، کە کارتی کۆنی دەنگدانی پێبوو، دەڵێ نەمزانیوە (نابێت بەو کارتە دەنگ بدەم)، باس لەوەش دەکات "ناسنامەی دیکەم پێیە کە وێنەیان بەسەرەوەیە، پرسیارم نەکردووە و زانیاریم نەبووە دەبێت کارتی دەنگدان نوێ بکەمەوە، پێشتر کەس پێی نەگوتووم دەبێت بچیت وێنە بگریت، بۆیە تەقریبەن هەڵەی خۆم بوو.''
 
داواکاریی مام سابیر لە کۆمیسیۆن کە لە کاژێر 06:15ـی بەیانیی ئەمڕۆوە چووەتە بنکەیەکی دەنگدان لە کەرکووک ئەوەیە "چارەسەری ئەو کێشەیە بکەن."
  
زیاتر بخوێنەوە

09:58

لقی کەرکووکی کۆمیسیۆن: لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێکی تەکنیکی ئامێری یەدەگمان هێناوە

دەنگدان لە قوتابخانەی 11ـی ئادار لە گەڕەکی ئیسکانی کەرکووک، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق دەڵێت، ئەو گرفتە تەکنیکییانەی لە دەنگدانی تایبەتدا دروست بوون، ئەمڕۆ دووبارە نابنەوە "لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێکیش لە ئامێرەکاندا، ئامێری یەدەگمان هێناوە." 
 
عەبدولباست دەروێش، بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، کاژێر 7:00ـی بەیانی دەنگدان دەستیپێکردووە و تاوەکو 6:00 بەردەوام دەبێت، بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە. گوتیشی، "تائێستا پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت." 
 
بەرپرسی راگەیاندنى لقی کەرکووکی کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "ئامێری یەدەگ هێنراون و لە ئەگەری دروستبوونی هەر گرفتێک لە ئامێرەکانی دەنگداندا راستەوخۆ بەکاردەهێندرێن".

 

 
زیاتر بخوێنەوە

09:24

چەند دیمەنێکی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی تەلەڤیزیۆن، رادیۆ، پۆرتاڵ و سۆشیاڵ میدیا لە رێگەی تۆڕی بەرفراوانی پەیامنێرانییەوە راستەوخۆ و لە نزیکەوە رووماڵی دەنگدانەکە دەکات: 

 

 

زیاتر بخوێنەوە

08:50

سوودانی: دەنگدان مافێکی گرنگە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان

محەممەد شیاع سوودانی لەکاتی دەنگدان
محەممەد شیاع سوودانی لە قوتابخانەیەک لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەنگی دا و رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی نیشتمانییە بۆ عێراق.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قوتابخانەی وەتەن لە شاری بەغدا بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەنگی دا و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ رۆژێکی نیشتمانییە" و پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکات لەو مافە دەستوورییە کە 10 ساڵ زیاترە دواکەوتووە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، دەنگدان مافێکی گرنگە بۆ شۆڕکردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگاکان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە وڵاتدا؛ گوتیشی، ئەنجوومەنی پارێزگاکان نوێنەرایەتیی خەڵکی پارێزگاکان بۆ راییکردنی کارەکانیان دەکات.
 
سوودانی لەبارەی بایەخی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە رایگەیاند، "لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی خۆجێیی بەرهەم دێت وەک ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگار کە دووەمین ستوونی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە لە وڵات و هاوکارێکی گەورەی حکومەتیش دەبێت لە جێبەجێکردنی بەرنامەکەی. بۆیە داوا لە خەڵکی عێراق دەکەم بە کارایی بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا بکەن بۆ دیاریکردنی بەتواناترین و باشترین کەسەکان کە تایبەتمەندی پاک و بێگەردی و دڵسۆزییان هەیە تاوەکو لەو ئەنجوومەنە گرنگەدا بن کە نوێنەرایەتی پارێزگاکان دەکەن."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەوەی لە ئەستۆی حکومەتەکەی بووە وەکو ئەرکێکی سەرشانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان جێبەجێی کردووە؛ گوتیشی، هێزە ئەمنییەکان لە هەموو پارێزگاکان بڵاوکراونەتەوە بۆ دروستکردنی کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە کاتی دەنگداندا.
 
رۆژنامەڤانان پرسیاریان لە سوودانی کرد کە دەنگی بەکێ داوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە وەڵامدا گوتی، "دەنگم بەو کەسە داوە کە شایەنییەتی."
 
زیاتر بخوێنەوە

08:20

حەلبووسی: پێشبینی دەکەم بەشدارییەکی باش لە هەڵبژاردندا هەبێت

حەلبووسی لەکاتی دەنگدانی، وێنە: رووداو
سەرۆکی پارتی تەقەدوومی عێراق دەڵێت، بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان زۆر گرنگە، ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکات رێژەی بەشداریکردن زۆر بەرز بێت و وەک پارتی تەقەدوومیش سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنن.
  
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوومی سوننەکان دوای دەنگدان لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە شاری گەرمەی پارێزگای ئەنبار قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و رایگەیاند، ''پێشبینی دەکەم بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن زۆر بەرز بێت."
 
حەلبووسی داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان تاوەکو نوێنەرانی خۆیان هەڵبژێرن و گوتی، ''گرنگە هەموو هاووڵاتییان بە شێوەیەکی دیموکراسییانە بەشداری پرۆسەکە بکەن."
 
سەرۆکی پارتی تەقەدووم ئاماژەی بەوەش کرد، حیزبەکەی لە ئەنبار لە رێگەی ''دەنگی دەنگدەران''ـەوە سەرکەوتنێکی باش بەدەست دەهێنێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

08:00

پۆلیسی کەرکووک: هاتنی هێزی چەکدار بۆ نێو شار قەدەخەیە

بەردەم بنکەیەکی دەنگدان لە گەڕەکەی شۆرجەی کەرکووک، وێنە: هەڵکەوت عەزیز - رووداو
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ هاتووچۆ لەنێو شاری کەرکووک ئاسایی دەبێت، بەڵام هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لەبەردەم بنکەکانی دەنگدان قەدەخەیە و نابێت هیچ هێزێکی چەکداریش بێتە نێو کەرکووکەوە.
 
عەمید سابیر محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەڵبژاردن دەستیپێکردووە، هەموو بنکەکان لەلایەن هێزی نێوخۆ و سوپاوە دەپارێزرێن، هێڵی یەکەم و دووەم لە ئەستۆی هێزی نێوخۆدایە و هێڵی سێیەم کە دەرەوەی بنکەکانە، لە ئەستۆی سوپادایە."
 
لەبارەی هاتووچۆوە، عەمید سابیر محەممەد گوتی "هاتووچۆ ئاساییە و هاونیشتمانییان دەتوانن هاتووچۆ بکەن، تەنیا لەبەردەم بنکەکان هاتووچۆی ئۆتۆمبێل قەدەخەیە، هەروەها چوونی هێزی چەکداریش لە دەرەوە بۆ نێو شار قەدەخەیە".
 
 
زیاتر بخوێنەوە

07:30

نەسرەت سۆفی: دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان دەردەکەوێت گرفتە تەکنیکییەکان کاریگەرییان هەبووە یان نا

نەسرەت سۆفی، سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان
نەسرەت سۆفی، سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان
سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان رایگەیاند، هەرچەندە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە گرفتە تەکنیکییەکانی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەرییان نابێت و چارەکراون، بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، ئەوە روون دەبێتەوە.
 
نەسرەت سۆفی، سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق گوتی " ئەم هەڵبژاردنە لە عێراق گۆڕانکاری دروست دەکات، بەڵام رەنگە لە کەرکووک گۆڕانکارییەکی زۆر دروستببێت، بەتایبەت ئەگەر کورد بە گەرمی بەدەم هەڵبژاردنەکەوە بچێت، رەنگە پارێزگاری شارەکە بدرێتەوە بە کورد."
 
نەسرەت سۆفی ئاماژەی بەوە کرد "لەدوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، کەرکووک دۆخێکی نائاسایی هەیە و پارێزگاری بەوەکالەت بەڕێوەی دەبات کە بە خواستی کورد نییە، بۆیە دوای ئەم هەڵبژاردنە، گۆڕانکارییەکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی دروست دەبێت و چاوەڕوانین گۆڕانکارییەکەش بە خواستی کورد بێت، چونکە زۆرینەیە."
 
سەرۆکی پەیمانگەی کوردستان بۆ پرسە سیاسییەکان لەو بارەوە گوتی، "لە زۆربەی هەڵبژاردنەکانی عێراق گومان هەیە، هەڵە روودەدەن و هۆکارەکان ناڕوونن، هەرچەندە کۆمیسیۆن رایگەیاند هەموو شتێک ئاساییە و دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێن، بەڵام رەنگە ئەنجامەکانی ئەو گرفتە تەکنیکییانە کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان زیاتر دەربکەون."
 
نەسرەت سۆفی گوتیشی "پێشبینی دەکەم ئەمڕۆ کێشەیەکی تەکنیکی گەورە نەبێت کە ببێتە هۆی پەککەوتن یان لەکەداربوونی پرۆسەکە."
 
زیاتر بخوێنەوە

07:00

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق

چەند دیمەنێکی تێکەڵکراوی ئەمڕۆی دەنگدان، وێنە: رووداو
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر حەوتى بەیانیی ئەمڕۆ ناوەندەکانی دەنگدان بەڕووی هەڵبژاردنى گشتیی ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق کرانەوە، کە تێیدا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە بۆ دیاریکردنى 285 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەنێو نزیکەى شەش هەزار بەربژێردا.  
 
یەکەمجارە لەدواى ساڵى 2013 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە 14 پارێزگاى عێراق بکرێت، یەکەمجاریشە لە دواى ساڵى 2005 هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک دەکرێت.
 
15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 کەس مافى بەشداریکردنیان لە دەنگدانى گشتیی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا هەیە، بۆ ئەو مەبەستە حەوت هەزار و 166 ناوەندى دەنگدان و 35 هەزار و 553 وێستگەى دەنگدان کرانەوە.
 
ئەرکى ئەنجوومەنى پارێزگاکان؛ هەڵبژاردنى پارێزگار، چاودێکریکردنى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکانیان و پەسندکردنی پارەى پڕۆژەکانی پارێزگاکانیانە.
 
ژمارەى کورسییەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەو 15 پارێزگایەى هەڵبژاردنەکەی تێدا دەکرێت، 285 کورسییە، 75 کورسی کۆتای ژنن، هەروەها 10 کۆتاى پێکهاتەکانى کریستیان، شەبەک، کوردى ئێزدى، کوردى فەیلی، سائیبەى مەندایین.
 
پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بەربژێر کردووە کە 70 بەربژێریان سەربەخۆن. 38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن. 
 
206 هەزار و 429 فەرمانبەر، سەرپەرشتیى پرۆسەى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان دەکەن و 111 هەزار و 714 کامێراى چاودێریش لە بنکە و ناوەندەکانى دەنگدان دانراون بۆ چاودێریکردنى پرۆسەى دەنگدان.
 
بەگوێرەى رێکارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، کاژێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ، (دووشەممە، 18-12-2023) سندووقەکانى دەنگدان دادەخرێن و لەدواى 24 کاژێر لە داخستنى سندووقەکانى دەنگدان، ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان رادەگەیێندرێت.

 

ئەمەش بخوێنەوە:

چەند زانیارییەک لەبارەی دەنگدانی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق  

تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە دەستی بە رووماڵ کردووە و تۆڕی پەیامنێرانمان لە بنکەکانی دەنگدانەوە دوایین زانیارییەکانتان بۆ دەگوازنەوە.

 

 

زیاتر بخوێنەوە