رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو لافاوەی چەند رۆژێکە ژمارەیەک ناوچەی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە بۆ 17 کەس بەرزبووەوە.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 16ی ئاداری 2023 لە درێژەی گەڕانی تیمەکان لە شارۆچکەی ئەیوبییە لە ناوەندی شاری رووها تەرمی کەسێکی دیکە لە مۆڵێکدا دۆزرایەوە، کە ژێرزەمینەکەی بە ئاوی لافاو پڕ ببوو.
ناسنامەی ئەو کەسە ئاشکرا بووە و ناوی عومەر زەمانە، کە وەکو خزمەتگوزار لە مۆڵێکدا کاری کردووە و لە رۆژی چوارشەممە 15ی ئادارەوە بێسەروشوێن بوو.
بە دۆزینەوەی تەرمی عومەر زەمان، ژمارەی گیانیلەدەستدان لە رووهای باکووری کوردستان گەیشتە 15 کەس.
لە پارێزگای سەمسووریش دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەوە لەو دوو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 17 کەس.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسیی تورکیا، بۆ ماوەی پێنج رۆژی داهاتوو لەو ناوچانەی 6ی شوبات بوومەلەرزە لێیدان، باران دەبارێت.
ئەو دوو پارێزگایەی باکووری کوردستان لەو پارێزگایانەن، کە لە بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی ئەمساڵ، کە گوڕەکەی 7.7 پلە بوو بە پێوەری رێختەر، زیانی زۆریان بەرکەوت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ