بەرپرسیارێتی هاتووچۆکردن لە سنووری کێلێ درایە قەرارگای رەمەزان

18-03-2017
رووداو @Rudawkurdish
بڕیاری بە فەرمی کردنی دەروازەی سنووریی کێلێ دوا دەکەوێت
بڕیاری بە فەرمی کردنی دەروازەی سنووریی کێلێ دوا دەکەوێت
نیشانەکردن سوپای پاسداران سنووری کێلێ قەرارگای رەمەزان رۆژهەڵاتی کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

چەند ساڵە خەڵکی ئەمدیو و ئەودیوی سنووری کێلێ چاوەڕێی بەفەرمی بوونی دەروازەکەن. دەیان کۆبوونەوە و رێککەوتن کراوە بەڵام هیچیان نەچوونەتە بواری جێبەجێکردن. بڕیارە لەمەو بەدوا سوپای پاسدارانیش بێتە نێو پرۆسەکە.


پارێزگاری ورمێ لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی قائیمقامی نوێی سەردەشت رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی تایبەتی عێراق بڕیاری بە فەرمی کردنی دەروازەی کێلێ دوا دەکەوێت. بۆیە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان رێککەوتوون کە بەرپرسیارێتی هاتووچۆکردن لە هەردوو لای سنوورەکە بدەن بە قەرارگای رەمەزان.

قەرارگای رەمەزان سەر بە سوپای پاسدارانە. ساڵی 1983 بۆ رێکخستنی هێزە نەیارەکانی حکومەتی بەعس لە ئێران، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و ئەمنی لە عێراق و باشووری کوردستان پێکهاتووە. دەگووترێ ئێستاش بەرپرسی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئێرانە لە عێراق. 

ئێستا قەرارگای رەمەزان بەرگەی هاتووچۆکردن لەو سنوورە دەدات بە خەڵکێکی دیاریکراو. پارێزگاری ورمێ دەڵێت ئەگەر بتوانن هاتووچۆکردن بە پاسپۆرت بکەن بە جێگرەوەی بەرگە، کارێکی گرینگ دەبێ.

مانگی 10ی 2015 بە ئامادەبوونی رێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری ورمێ رێککەوتنێکی 11 خاڵی واژۆکرا. بەپێی رێککەوتنەکە بڕیاربوو ئێران بە قەرز، رێگەی کێلێ-قەڵادزێ قیرتاو بکات و ناوچە مینڕێژکراوەکانی سنوور پاک بکاتەوە. هەروەها هاتووچۆکردن لەو سنوورە بە پاسپۆرت بێ. 

ئەو رێککەوتنە دوای لادانی وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان راگیرا. ئێران ئەمجار یەکلایەنە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی راگەیاند. دیار نییە لەگەڵ چ لایەنێک رێککەوتوون، دەسەڵاتی هاتووچۆکردن لەهەردوولای سنوور بدەن بە قەرارگایەکی سوپای پاسداران. بەتایبەت دوای ئەوەی کە سوپای پاسداران رایگەیاند، ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتە دەست.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە