رووداو دیجیتاڵ
دەیان پارێزەری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوا دەکەن سزای لەسێدارەدانی سێ چالاکڤانی ژن هەڵبوەشێندرێتەوە و پێداچوونەوە بە سزاکەیاندا بکرێت.
229 پارێزەری کورد و ئێرانی لە نامەیەکدا بۆ غوڵامحوسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویانکردووەتەوە، دژی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر پەخشان عەزیزی، وریشە مرادی و شەریفە محەممەدی ناڕەزایی دەردەبڕن.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە دۆسیەی سزادانی ئەو سێ چالاکڤانەدا "ناڕوونی یاسایی هەیە و دۆسیەکانیان کەموکوڕی زۆری تێدایە و دەستیان بە پارێزەر رانەگەیەشتووە و لە کاتی سزاداندا دادگەکان پابەندی بێلایەنی نەبوون".
ئەو پارێزەرانە هەروەها دەڵێن، جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەو سێ کەسە دەرەنجامی قورسی دەبێت و دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەستی نائەمنی دەروونی و بێ متمانەیی خەڵک بە دەسەڵاتی دادوەری.
ئەو پارێزەرانەی نامەکەیان واژۆ کردووە داوا دەکەن، سزای لە سێدارەدانی هەر سێ بەندکراوەکە هەڵبوەشێتەوە و بە شێوازێکی دادپەروەرانە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بکرێت و دووبارە دادگایی بکرێنەوە.
بڕیارە سبەی سێشەممە نامەی ئەو 229 پارێزەرە رادەستی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ