رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە لە باشووری کوردستان، سەربازێکیان کوژراوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.
میدیای تورکیا بڵاویکردەوە؛ هێرشەکە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە کراوە.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە ئەمڕۆ (شەممە، 17-2-2024) کاژێر 1:00، لە ناوچەی زاب، لە سنووری پارێزگای دهۆک، هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی سەربازیی تورکیا، "ژمارەیەک سەربازیان کوشتووە،" دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرتووە و وەک خۆیان دەڵێن، خاڵە سەربازییەکەیان "پاککردووەتەوە."
راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات؛ سەربازە کوژراوەکەیان ناوی ساڵح ئای-یە. هەروەها باس لەوە دەکات، ئۆپەراسیۆنێکیان لەو ناوچەیە بۆ تۆڵەسندنەوە دەستپێکردووە.
لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باشووری کوردستان، لە کانوونی یەکەم و کانووی دووەم، لانیکەم 17 سەربازی تورکیا کوژران.
لە 25 ساڵی رابردوودا، تورکیا ژمارەیەک بنکە و بارەگەی لە سنوورە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان داناوە.
سوپای تورکیا لە 17ی نیسانی 2022 لە ناوچەی زاب، ئاڤا شین و مەتینای باشووری کوردستان، دەستی بە ئۆپەراسیۆنی "چرنووک-قوفل" کرد کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ