رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی کێشەی کەمئاوی هەفتەی داهاتوو حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی ئەوانەی مۆڵەتی فەرمییان نییە تێکدەدرێن و ناهێڵدرێن. دەشڵێت"97٪ـی حەوزەکانی ماسی لە کەرکووک ئاوی بیر بەکاردەهێنن، ئەوەش کێشەی بۆ ئاوی پارێزگاکە دروستکردووە."
رۆژی چوارشەممە، 16-11-2022، زوهێر عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوكاڵی کەرکووک لەبارەی تێکدانی حەوزەکانی ماسی لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمساڵ وشکەساڵی کاریگەریی زۆری لەسەر پارێزگای کەرکووک هەبووە و لە زۆر شوێن بیرلێدان بۆ ئاستی 20 مەتر دابەزیوە و جیاوازیش لە ناوچەکاندا هەیە، بۆیە بەهۆی کەمئاوی و کێشەی نەبوونی ئاو، هەفتەی داهاتوو دەستدەکەین بە تێکدانی ئەو حەوزانەی ماسی کە لەسەر زەویی کشتوکاڵی دروستکراون و ئەوەش کاریگەریی لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانیش دروستکردووە."
سەبارەت بە ژمارەی حەوزەکانی ماسی لە کەرکووک، زوهێر عەلی حوسێن گوتی، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ، 660 حەوزی ماسی لە سنوورەکە هەن و تەنیا 30 دانەیان مۆڵەتیان هەیە، ئەوانی دیکە بەبێ مۆڵەت کاردەکەن و دوای تێکدانیشیان ناتوانن داوای مۆڵەت بکەن، چونکە کێشەی کەمئاوییمان هەیە، تەنیا ژمارەیەکی کەم ئەویش بەپێی مەرج و یاساکان دەبێت.
بەگوتەی زوهێر عەلی، لیژنەیەکی چەند لایەنە لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێری و بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا و بەڕێوەبەرایەتیی بیر هەڵکەندن و بە پشتیوانیی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئەو مەبەستە پێکهاتووە و سەرژمێرییان بۆ سەرجەم ئەو حەوزانەی ماسی کردووە کە مۆڵەتیان نییە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک ئاشکرایکرد، بڕیاری تێکدانی حەوزی بێمۆڵەتی ماسی ماوەی ساڵێک دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەرچووە و چەند جارێک جێبەجێکردنی دواخراوە. دەشڵێت: "ماوەی نزیکەی دوو مانگ دەبێت مۆڵەتمان داوەتە خاوەنی حەوزەکان بۆ ئەوەی ماسییەکانیان بفرۆشن و کەمترین زیانیان پێبگات، ئیدی ئەم هەفتەیە ئەو مۆڵەتە کۆتایی پێدێت، باشتریشە خۆیان حەوزەکانیان تێکبدەن پێش ئەوەی ئێمە تێکیان بدەین." باسی لەوەش کرد کە زۆرینەی حەوزەکانی ماسی بێمۆڵەت دەکەوێتە سنووری قەزای داقووق و پردێ.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە هەرێمی کوردستان 406 حەوزی ماسی مۆڵەتیان هەیە و ساڵانە پێنج هەزار تۆن ماسی بەرهەمدەهێنن، پڕۆژەی دیکەش هەن بێ مۆڵەت کار دەکەن بەتایبەت لە ناوچەی تەقتەق و شارباژێڕ.
رۆژی 2022-6-19، سیروان سەعید محەممەد، بەڕێوەبەری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "بەرهەمی ناوخۆی ماسی لە دوو رێگەوە دابین دەکرێت کە ئەوانیش راوەماسی و حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسین کە ئەوانەیش نزیکەی 60%ـی پێویستیی بازاڕ پێکدەهێنن. بۆ پڕکردنەوەی بازاڕیش بە مەرج و رێنوینیی تایبەت رێگە بە هاوردەی ماسی دەدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ