پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە بڕینەوەی دار دەدات

16-09-2022
هیدایەت جان
چەند درەختێک لە بناری چیای هەندرێن بڕدراونەتەوە
چەند درەختێک لە بناری چیای هەندرێن بڕدراونەتەوە
A+ A-

رووداو-هەولێر

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وەرزی بڕینەوەی دار دەستیپێکردووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەشی، مەفرەزەکانیان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و داواش لە حکومەت دەکات لە ناوچە شاخاوییەکان نەوت دابەش بکات.
 
رۆژی هەینی 16-9-2022، فوئاد ئەحمەد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر 10:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژان ئەبوبەکر پیشکێشی دەکات و رایگەیاند: "ئێستا لە ناوچە شاخاوییەکان وەرزی بڕینەوەی دارە و پۆلیسی دارستان و ژینگە هەڵمەتێکی گەورەی بۆ رێگریکردن لە بڕینەوەی دار لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە".
 
فوئاد ئەحمەد گوتی: "ساڵانە لەم وەرزەدا لە ناوچە شاخاوییەکانی سەرانسەری کوردستان داربڕین بەدیدەکرێت. بۆ کەمبوونەوەی ئەو دیاردەیەش لە وەرزی سەرمادا داوامان لە حکومەت کردووە نەوت بۆ ئەو ناوچانە دابین بکات، هەرچەندە زۆربەی ئەوانەی دار دەبڕنەوە، خەڵکی ناوچەکە نین و بە ئامانجی بازرگانیکردن لە شوێنی دیکەوە دەچنە دارستانەکان بۆ بڕینەوەی دار".
 
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت: "بەپێی یاسا رێگەپێدراوە لق و پۆپی وشکبووی دارەکان ببڕدرێنەوە کە سوودی بۆ دارەکەش دەبێت. لە مەفرەزەکان کاتێک پێش بە بارە دارێک دەگرین، دەیپشکنین و ئەگەر دارەکان وشکبوون، رێگەیان پێدەدەین بیبەن".
 
بە گوتەی فوئاد ئەحمەد، ئەو دارانەی بە ئامانجی بازرگانی دەبڕدرێنەوە، هەر لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "ئەو دیاردەیە ئێستا کەم بووەتەوە و خەڵک دەستیانکردووە بە چاندنی داری سپیندار و پاوڵۆنیا کە بۆ ئامانجی بازرگانی بەکاردێن، بەتایبەتی داری پاوڵۆنیا کە هەم باش خۆی لەگەڵ ژینگەی هەرێمی کوردستان دەگونجێنێت و هەمیش گەشەکردنی خێرایە".
 
گوتەبێژی پۆلییسی دارستان و ژینگە پێیوایە، پۆلیسی دارستان بەبێ هاوکاریی هاووڵاتییان ناتوانێ بەتەنیا خۆی ژینگەی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان لە هەر شوێنێک سەرپێچی ژینگەییان بینی، پەیوەندی بە پۆلیسی دارستانەوە بکەن کە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بنکەیان هەیە و بە زووترین کات دەگەنە ئەو شوێنانەی لێی ئاگادار دەکرێنەوە".
 
فوئاد ئەحمەد گوتی: "رۆژانە خەڵکێکی زۆر لەسەر داربڕین و راو و لێدانی بیری نایاسایی و دەستدرێژیکردنە سەر ژینگە دەگیرێن، بەڵام باشترین رێگە بۆ کەمبوونەوەی ئەو سەرپێچییانە، وشیاربوونەوەی کۆمەڵگەیە بەرامبەر ژینگە و پێویستە هەموومان ببین بە پۆلیسی دارستان و ژینگە".
 
بەگوێرەی گوتەبێژی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2021 بەهۆی بڕینەوەی دار لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی هەزار و 600 کەس گیراون و دراونەتە دادگە و بەشێکی دۆسیەکانیان یەکلابووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی خەڵکێکی زۆریش لەسەر راوکردن و بیر لێدان و سەرپێچییەکانی دیکە گیراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە